بۆرییەكی گواستنەوەی نەوت لە نزیك ناحیەی سەرگەڕان لە باكوری خۆرئاوای كەركوك تەقێنرایەوە، بۆرییەكە تایبەت بوو بە گواستنەوەی نەوت لە یەكێك لە بیرەكانی كێڵگەی نەوتی بای حەسەن كە رۆژانە 1500 بەرمیل نەوت بەرهەمی هەبوو.
ئەو بۆرییە كاتژمێر 5ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 15ی ئاب لەڕێی بۆمبی چێنراوەوە تەقێنرایەوە، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەكی لە كۆمپانیای نەوتی باكور كە تیایدا جەختیكردەوە "گوماندەكەین لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كرابێتە ئامانج".
سەرچاوەكە بۆ (كەركوك ناو)، وتیشی "بۆمبەكە خرابووە ژێر بۆرى گواستنەوەى نەوتى خاوی بیرى ژمارە 87 لە ناحیەی سەرگەڕان، دواى کاتژمێرێک ئاگرەکەی کۆنترۆڵکرا، بەڵام نۆژەنكردنەوەی بۆرییەكە چەند رۆژێكی پێویستە... بەهۆی ئەو روداوەوە بەرهەمهێنانی نەوت لەو بیرە نەوتە راگیراوە كە رۆژانە 1500 بەرمیلی لێ بەرهەمدەهات". زیاتر وتی "بۆ هەر رۆژێك 105 هەزار دۆلار زیان بەر نەوتی كەركوك كەوتووە بەهۆی ئەوە تەقینەوەیەوە".
بەرهەمهێنانی نەوت لەو بیرە نەوتە راگیراوە كە رۆژانە 1500 بەرمیلی لێ بەرهەمدەهات
بەرهەمی نەوتی ئەو بیرە، بەشێكی لەڕێی بۆری نەوتی هەرێمەوە رەوانەی بەندەری جەیهان دەكرا، بەشەكەی تری حكومەتی عیراق لەڕێی ترەوە رەوانەی دەرەوەی دەكرد، بەپێی سەرچاوەكە.
بیری نەوتی ژمارە 87 یەكێكە لە بیرە نەوتە كۆنەكانی پارێزگای كەركوك و لە سییەكانی سەدەی رابردوەوە هەڵكەندراوە و ئەوە یەكەمجارە روبەڕوی تەقینەوە ببێتەوە.
لە ناحیەی سەرگەڕان زیاتر لە 40 بیرە نەوت هەیە و دابەشبون بەسەر كێڵگە نەوتییەكانی بای حەسەن، جەمبور و هاڤانە.
لە 5ی ئایاری ئەمساڵ لە هێرشێكی چەكدارانی داعشدا، بۆ سەر كێڵگەی نەوتی بای حەسەن لە گوندی عهزیزییەی قەزای دوبز لە خۆرئاوای كەركوك، دوو بیرە نەوت تەقێنرانەوە و بەهۆیەوە پۆلیسیێكی پاراستنی بیرە نەوتییەكانیش كوژرا و دووانی تر برینداربون، نۆژەنكردنەوەشیان نزیكەی مانگێكی پێچوو.