وەزارەتی پەروەردەی عیراق ئامادەنییە گرێبەست بۆ 613 وانەبێژی خوێندنی كوردی لە كەركوك و دەیان وانەبێژی نەتەوەكانی تر بكات، بە بیانوی ئەوەی فەرمانی وانەبێژی ساڵی 2019یان نییە.
ئەو وانەبێژانە كە بەشێكی زۆریان لە ساڵانی 2016، 2017ەو 2018 لە خوێندنگە كوردییەكان وەكو وانەبێژ دەوامیان دەكرد، لە ئێستادا وەزارەت ئامادەنییە گرێبەستیان بۆ بكات، بە "دابڕاو" ناویان دەبات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی لە ساڵی 2019دا دابڕاون.
هاوژین مستەفا، كە دوو ساڵ وانەبێژ بووە (2017ە و 2018)، ناوەڕاستی ئەمساڵ تەواوی مامەڵەكانی ئامادەكرد بۆ ئەوەی گرێبەستی بۆ بكرێت، ئەوەش لە چوارچێوەی بڕیارێكی حكومەتی فیدراڵی.
"دوای پێكەشكردنی مامەڵەكانم، لێپرسراوانی خوێندنی كوردی لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركوك ئاگادارین كردمەوە كە ئەو بڕیارە من ناگرێتەوە، چونكە فەرمانی ئیداریی وانەبێژیم بۆ ساڵی 2019 نییە". هاوژین وای وت.
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك، 613 وانەبێژ كە هەمویان كوردن و سەر بە خوێندنی كوردین لەو بڕیارە بێبەشدەبن، لەگەڵ دەیان وانەبێژی نەتەوەكانی تر. بەڵام ئەوانەی لە 2019 بەدواوە وانەبێژ بون دەكرێنە گرێبەست.
حكومەتی عیراق، لە ئایاری ئەمساڵ بڕیاریدا تەواوی وانەبێژانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە بكرێنە گرێبەست، بەپێی ئەو بڕیارەش 10 هەزار وانەبێژ لە پارێزگای كەركوك سودمەند دەبن.
ئەو وانەبێژانەی دەكرێنە گرێبەست، هەریەكە و مانگانە 250 هەزاریان پێدەدرێت، هەمان مافی مامۆستایانی دامەزراویان دەبێت، لەوانە دەتوانن دوای 15 ساڵ خزمەت خانەنشین بن، قەرز و سولفەی بانكەكان وەربگرن، مۆڵەتی دایكایەتیی و پشوویان هەبێت، دەتوانن داواكاری بۆ وەرگرتنی زەوی پێشكەش بكەن، ئەوەش بەپێی بڕیاری ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق.
هەروەها لە حاڵەتێكیدا ئەگەر حكومەت بڕیاری دامەزراندنیدا، لە پێشینە بۆ مامۆستایانی گرێبەست دەبێت، بەڵام وانەبێژان هیچ یەكێك لەو مافانەیان نییە و تەنیا مانگانە نزیكەی 125 هەزاریان لەلایەن پەروەردەوە پێدەدرێت. لە بەرامبەر وانەوتنەوە و هاتوچۆ.
هاوژین وتی "خەڵك هەیە لە ئێمە كەمتر وانەبێژ بووە، بەڵام لەبەرئەوەی ساڵی 2019 وانەی وتۆتەوە بۆی دەكەن بە گرێبەست، ئەی مافی ئێمە؟".
خەڵك هەیە لە ئێمە كەمتر وانەبێژ بووە، بەڵام لەبەرئەوەی ساڵی 2019 وانەی وتۆتەوە بۆی دەكەن بە گرێبەست، ئەی مافی ئێمە؟
لەو خوێندنگایانەی كەركوك كە سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانن، 1500 وانەبێژ هەبون، ئێستا كەمتر لە 900 وانەبێژیان مامەڵەكانیان لێ وەرگیراوە و ساڵی 2019 وانەبێژ بون.
دیلان جومعە، خێزاندارە و یەکێکی ترە لەو وانەبێژانەی لەو بڕیارەی حكومەت بێبەش بووە، وتی "دەبێت پەروەردە و لێپرسراوانی ئەم شارە بەرگری لە مافی ئێمە بكەن... تەنیا لەبەرئەوەی لە 2019دا وانەبێژ نەبوین مافمان دەخۆن".
پەروین فاتیح، سەرۆکی یەکەی سەرپەرشتیاری خوێندنی کوردی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە سەردانی بەغدام كرد، بەردەوام لە هەوڵدام، فشارێكی زۆرمان كردووە، بەڵام هێشتا بەغدا ئامادەنییە ئەوە بكات... ئێمە بەردەوامین لە هەوڵەكانمان و بەمنزیكانە بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی كەركوك بۆ ئەو مەبەستە دەچێتە بەغدا و سەردانی وەزیری پەروەردە دەكات".
ئەمڕۆ یەكشەممە 15ی ئاب، وەفدێكی پەروەردە بۆ پرسی بە گرێبەستكردنی وانەبێژان لە بەغدایە، بەپێی سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركوك، پرسی وانەبێژانی پێش ساڵی 2019ش باسدەكرێت.
ئەو كێشەیە لەكاتێكدایە هێشتا هیچ وانەبێژێكی ساڵی 2019ەش بەدواوە نەكراونەتە گرێبەست و بڕیارە هەم هەفتەیە بڕیاری كۆتاییان لەسەر بدرێت.
رەئوف محێدین، ئەندامی لیژنەی بە گرێبەستکردنی وانەبێژانی خوێندنی کوردی، بە (كەركوك ناو)ی وت "وانەبێژ هەیە پێنج ئەمری ئیداریی هەیە، بەڵام لەبەرئەوەی ئەمری ئیداری ساڵی 2019ی نییە بێبەشكراوە، ئەمە كارێكی دادپەوەرانە نییە، چونكە خەڵك هەیە یەك ئەمری ئیداریی هەیە، ئەویش هی ساڵی 2019 یان ساڵانی دواترە بێبەش نەبووە".
پەروین فاتیح، جەختیكردەوە "ناوی هەموو وانەبێژانی پێش ساڵی 2019شمان ئامادە كردووە، چاوەڕێی حكومەتی عیراقین".