لە كەمپەكانی ئاوارەیی لە پارێزگای دهۆك چوار بنكەی تەندروستی تایبەت بە كۆرۆنا دەكرێنەوە كە ئامانجی لێی كەمكردنەوەی رێژەی توشبووانە بەو ڤایرۆسە لەناو ئاوارەكان و كەرەنتینكردن و چارەسەركردنی ئەوانەی هەڵگری ڤایرۆسەكەن.
بڕیاری دروستكردنی ئەو چوار بنكەیە لە كەمپەكانی (بێرسیف یەک، بێرسیف دوو، کەمپى شاریا و ئاشتی)، هاوكاتە لەگەڵ بەرزبونەوەی ئامارەكانی توشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە بەپێی لێپرسراوانی كەمپەكە بەرزترین رێژەی توشبون و مردن لە دوو مانگی رابردودا تۆماركراوە.
ماهر مشۆ، بەڕێوەبەرى کەمپى بێرسیف دوو، لە قەزای زاخۆ، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە 27ی تەمموزەوە دەستكراوە بە دروستكردنی بنكەی تەندروستی كەمپەكەمان و بڕیارە لە ماوەی دوو مانگدا تەواو بێت... بنكەكە لە ناوەندی كەمپەكە دروستدەكرێت، تایبەتە بە كەرەنتینكردنی توشبووانی ئاوارە و چارەسەرى ئەوانەی هەڵگری ڤایرۆسى کۆرۆنان".
"دروستکردنى ئەم بنکەیە خزمەتێکى زۆر گەورە پێشکەش بە ئاوارەکان دەکات، ئاوارەکان بە ئاسانى دەتوانن پزیشك ببینن".
لەئێستادا ئاوارەكانی ئەو كەمپە ئەگەر بیانەوێت چارەسەری كۆرۆنا وەربگرن، دەبێت بچنە قەزای زاخۆ، ئەوەش 17كم دورە. ئەوە بۆ كەمپەكانی تریش هەر راستە.
بەپێی وتەی بەڕێوەبەرى کەمپى بێرسیف دوو، لە دوو مانگی رابردودا زۆرترین رێژەی ئاوارەكانی كەمپەكە توشی كۆرۆنا بون، كە لەكۆی 7000 هەزار ئاوارە 100 كەسیان توشبون و سێ كەسیش بەهۆیەوە گیانیانلەدەستداوە.
ماهر مشۆ، وتی "داواكارین جگە لە وەرگرتنی چارەسەر، بەشی وەرگرتنی ڤاكسینیش لەم بنكەیە بكرێتەوە، چونكە تەنیا 100 كەس ڤاكسینیان وەرگرتووە".
داواكارین جگە لە وەرگرتنی چارەسەر، بەشی وەرگرتنی ڤاكسینیش لەم بنكەیە بكرێتەوە
خەلو قاسم، خەڵکى قەزاى شنگالە و ماوەى حەوت ساڵە لە کەمپى بێرسیف دوو دەژیت، وتی "پێش دوو هەفتە زۆر كەس لە كەمپ توشی كۆرۆنا بون، ئەوەش ئێمەی ترساندووە، داوادەكەین بۆ وەرگرتنی ڤاكسینیش ئاسانكاریمان بۆ بكرێت، چونكە هیچ بنکەیەکى وەرگرتنى ڤاکسین لەناو کەمپدا نییە".
كردنەوەی ئەو چوار بنكە تەندروستییە لەژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی دهۆكدا دەبێت و لەلایەن چەند رێخراوێكی فریاگوزاریی و خێرخوازییەوە دروستدەكرێن.
حەمزە محەمەد عەلى، لێپرسراوی راگەیاندنی تەندروستی دهۆك بە (كەركوك ناو)ی وت "بڕیارە ئەو چوار بنكە تەندروستییە تا تشرینی یەكەم تەواوبن و بكەونە خزمەت...ئامانج لە پڕۆژەکە دڵنیابونە لە مەرجەکانى کەرەنتین لەناو ئاوارەکاندا، لەگەڵ کونتروڵکردنى ئەوانەى توشى کۆرۆنا دەبن، ئەوەش بە هاوکاریکردنى ئەو کارمەندانەى تەندروستى کە لەناو کەمپەکاندان".
وتیشی "ئامانجێكی تری كردنەوەی ئەو بنكانە دەستنیشانكردنی ئەو توشبووانەیە كە باری تەندروستییان جێگیر نییە تا لە كەمپەكانەوە بۆ نەخۆشخانەكانی ناوەندی پارێزگای دهۆك بگوازرێنەوە".