خانەوادەی خالد شەمۆ، ئەو گەنجە ئێزیدییەی سزای لەسێدارەدانی هەیە بەتاوانی كوشتن لە هەوڵی سوڵحی عەشایەریدان، بەڵام كەسوكاری كوژراوەكە ئەو داوایە رەتدەكەنەوە و داوای رێكاری یاسایی دیكەش دەكەن.
سەرباری تێپەڕینی چوار ساڵ بەسەر روداوەكە و دوای ساڵ و نیوێك لە بڕیاری دادگا، هێشتا ئەو دۆسیەیە بە هەڵواسراوی ماوەتەوە، كە پێشتر مەترسی هەبوو كێشە لە نێوان ئێزیدییەكان و هۆزی گەرگەرییەكاندا دروستبكات.
دۆسیەكە لهسهر كوشتنی گهنجێكه بهناوی فارس نهواف (28 ساڵ) له ساڵی 2017 لەسەر سنوری عیراق و سوریا له دیوی قهزای شنگالهوه، كە سەر بە هۆزی گەرگەری و لە مەزهەبی سونەیە.
"تاكە داواكاریم ئەوەیە هەر كەسێك دەستی هەبووە لە كوشتنی كوڕەكەمدا سزایی یاسایی خۆی وەربگرێت" نەواف محەمەد، باوكی كوژراوەكە بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
دادگای تاوانهكانی نهینهوا لە 4ی شوباتی 2020 بڕیاری لهسێدارهدانی سهپاند بهسهر خالد شهمۆ سهرحان (21 ساڵ)، به تاوانی كوشتن و بهپێی یاسای بهرهنگاربونهوهی تیرۆری عیراقی. خالد دوو مانگ دوای روداوەكە و لە 2017دا دەستگیركرا.
شەمۆ سەرحان، باوكی حوكمدراوەكە دەربارەی هەوڵەكانیان بۆ سوڵحی عەشایەری بە (كەركوك ناو)ی وت "لەگەڵ كەسوكاری كوژراوەكە قسەمان كردووە و ئەوان هەندێك مەرجی قورسیان هەیە".
مەرجەكانیان ئەوەیە "خالد ناوی بكوژی سەرەكی ئاشكرابكات، سكاڵا لەسەر دوو تۆمەتباری دیكەی دۆسیەكە تۆماربكەین كە ئازادكراون و كەسێكی دیكەش كە هەڵاتووە بۆ دەرەوەی عیراق ئێمە بیدۆزینەوە" بەوتەی شەمۆ.
دوو تۆمەتباری دیكە لە دۆسیەكەدا هەبون و بەپێی بڕیاری دادگا ساڵی رابردوو ئازادكران.
باوكی خالد بە مەرجەكان قایل نییە و دەڵێت "كوڕەكەم بێتاوانە و نازانێت كێ بكوژی سەرەكییە، دوەم كاری ئێمە نییە سكاڵا لەسەر تۆمەتباری دیكە تۆماربكەین كە دادگا ئازادی كردون و سێیەمیش ئەگەر حكومەت كەسی هەڵاتوو نەدۆزێتەوە ئێمە چۆن بیدۆزینەوە، بۆیە كەس ناتوانێت ئەو مەرجانەیان جێبەجیبكات".
ساڵی رابردوو چەندین خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی ئێزیدی دژی سزادانی خالد شەمۆ بەڕێوەچون و داوایانكرد حوكمەكەی هەڵبوەشێنرێتەوە.
شەمۆ سەرحان وتی "هەرچی پارەم هەبوو خەرجمكرد، لە هاتوچۆ و پارێزەری چوار ساڵی رابردودا 60 هەزار دۆلار (شەش دەفتەر) پارەم رۆیشتووە، ئێستا لە كەمپ پارەمان بۆ كۆدەكەنەوە، بێ ئەوەی من داوابكەم".
خێزانهكهی خالد شهمۆ له 2014وه له شنگال ئاوارەبوون و له كهمپی قادیای دهۆك دەژین.
باوكی دەڵێت دەیانجار سەردانی لێپرسراوانی حكومی، حزبی و كەسایەتی و عەشیرەتەكانی نەینەوایان كردووە بۆ سوڵح بەڵام سودی نەبووە.
دۆسیەكە لەلایەن دادگاوە و بە سزادانی خالد شەمۆ داخراوە بەڵام كەسوكاری كوژراوەكە بەو بڕیارە قایل نین.
نەواف محەمەد، باوكی كوژراوەكە وتی "بەهیچ شێوەیەك بە سوڵحی عەشائیری ڕازی نابم و پارەش لەبەرامبەر خوینی كوڕەكەم وەرناگرم".
ئەو دەڵێت سێ داواكاری بە باوكی خالد شەمۆ داوە تا تۆمەتبارەكانی دیكەش سزای خۆیان وەربگرن، "سكاڵام تۆماركردۆتەوە چونكە ئەو دوو تۆمەتبارەی دیكەش لە تاوانەكەدا بەشداربون".
"ناڵێم تەنیا خالد كوڕەكەی كوشتوم، با هەڵاتووە بدۆزرێتەوە و دوو كەسە ئازادكراوەكەش دەستگیربكرێن، تا دادگاییەكی نوێ بۆ دۆسیەكە بكرێت".
هەردوو لایەنی ئێزیدی و هۆزی كوڕە كوژراوەكەش هەوڵدەدەن دۆسیەكە ناكۆكی گەورەتری لێنەكەوێتەوە.
تەلال سلێمان، كەسایەتی دیاری هۆزی گەرگەری بە (كەركوك ناو)ی وت "هیچ دوژمنایەتییەكمان لەگەڵ برا ئێزیدییەكاندا نییە، هەوڵی زۆریش دراوە بۆ سوڵحی عەشایەری بەڵام باوكی كوژراوەكە قایل نییە و سورە لەسەر مەرجەكانی بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبارەكانی دیكە، ئێمەش لەهەوڵەكانمان بۆ چارەسەر و یەكلاییكردنەوەی ئەو دۆسیەیە بەردەوام دەبین".