ئاسایشی نیشتیمانی عیراق تۆمەتبار دەكرێت بە دەستبەسەركردنی كادیرێكی راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان لە كەركوك، بەڵام سەرچاوەیەك لەو هێزە زانیاریی لەو شێوەیە رەتدەكاتەوە، ئەو روداوە دوای یەك رۆژ دێت لە راگرتنی سێ رۆژنامەنوس و راگەیاندنكاری شاری كەركوك و رێگەنەدانیان بۆ روماڵی روداوێك.
بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 5ی ئەیلول، عەبدوڵا سابیر ناسراو بە (عەبدوڵا حەساری)، كادیری راگەیاندنی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە ناحیەی پردێ دەستبەسەر كرا، ئەوەش بەپێی وتەی كەسوكاری.
شڤان سابیر برای عەبدوڵا، بە (كەركوك ناو)ی وت "لایەنێكی ئەمنی پەیوەندی تەلەفونییان بە عەبدوڵاوە كردووە بۆ ئەوەی بچێتە پردێ، ئەویش بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە چۆتە پردێ و لەوێ دەستبەسەر كراوە".
وتیشی "دوای چونی عەبدوڵا بۆ پردێ، چەند كاتژمێرێك هیچ هەواڵێكی نەبوو، تا كاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆ، عەبدوڵا پەیوەندی بە برایكەمە كردووە و وتویەتی لەلایەن دەزگایەكی ئەمنییەوە دەستبەسەركراوە و دواتر رەوانەی ئاسایشی نیشتیمانی عیراق كراوە... وتویەتی بڕیارە سبەی دووشەممە بدرێتە دادگا"، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەكی تر بە براكەی بڵێت، وەك شڤان سابیر وتی.
پەیوەندی بە برایكەمە كردووە و وتویەتی لەلایەن دەزگایەكی ئەمنییەوە دەستبەسەركراوە و دواتر رەوانەی ئاسایشی نیشتیمانی عیراق كراوە
جەختیشیكردەوە "عەبدوڵای برام چەند جارێك هەڕەشەی لێكراوە لەسەر ئەو پۆستانەی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی بڵاویدەكاتەوە". بۆ ئەمەش ناوی هیچ كەس و لایەنێكی نەهێنا.
نەجات محەمەد، لێپرسراوی راگەیاندنی مەڵبەندی دووی یەكێتی لە كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێستا بەو هەواڵەمان زانیوە، نازانین هۆکاری دەستبەسەركردن و پێشێلكارییەكە چییە، هەر لەمكاتەوە دەستدەكەین بە بەدواداچون و لێكۆڵینەوە و پەیوەندی بە لایەنە ئەمنییەكانەوە دەكەین".
جەختیشیكردەوە "عەبدوڵا کادیرێکی یەکێتییە و رۆژنامەنوسێکی سەر بە حزبمانە، لە مەکتەبی سیاسی كەركوك کار دەکات".
عەبدوڵا کادیرێکی یەکێتییە و رۆژنامەنوسێکی سەر بە حزبمانە، لە مەکتەبی سیاسی كەركوك کار دەکات
عەبدوڵا حەساری لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكدا چالاكە و دواین دوو پۆستی لە ئەكاونتەكەی لەبارەی هێرشی ئەمدواییەی چەكدارانی داعشە بۆ سەر هێزە عیراقییەكان لە سنوری كەركوك و سەڵاحەدین، تیایدا زانیاری لەسەر كوژراو و بریندارەكان بڵاودەكاتەوە. پۆستی سێیەمیش كە لە 4ی ئەیلول بڵاویكردۆتەوە باس لە كێشەی نێوان هاوسەرۆكانی یەكێتی دەكات و تیایدا پشتگیری ئاشكرای بافڵ تاڵەبانی دەكات لە بەرامبەر لاهور شێخ جەنگی، كە لە 8ی تەمموزی ئەمساڵەوە كێشە كەوتۆتە نێوانیان.
هەروەها لە پۆستێكی تریدا لە 3ی ئەیلول، نوسینی رۆژنامەنوسێكی لە ئەكاونتی خۆی بڵاوكردۆتەوە و تیایدا هاتووە "ئەو هێزەی سوپای عیراق کە لە گوندی شەحەلی کۆن بون لە سنوری ناحیەی سەرگەڕان پاشەکشێیان کرد و بارەگاکەیان بەجێهێشت... دوای نەمانی هێزەکە کە تەنیا رۆژێک بەسەر پەلامارێکی داعشدا بۆ سەر گوندەکە تێدەپەڕێ، خەڵکی گوندەکان بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانیان پەیتا پەیتا چۆڵی دەکەن".
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی ناحیەی پردێ، بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "هیچ كەسێك لای ئێمە بەو ناوەوە دەستبەسەر نییە، هیچ سكاڵایەكیش لەسەر ئەو كەسە لای ئێمە تۆمارنەكراوە".
تۆمەتباركردنی ئاسایشی نیشتیمانی عیراق، بە دەستبەسەركردنی عەبدوڵا حەساری، لەكاتێكدایە سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی هەیە لەو دامەزراوەیە لە كەركوك، بۆ (كەركوك ناو) رەتیكردەوە كەسێك بەو ناوەوە لای ئەوان دەستبەسەربێت.
دەستبەسەركردنی ئەو كادیرەی یەكێتی، دوای یەك رۆژ دێت لە راگرتنی سێ رۆژنامەنوس و كارمەندی دەزگا راگەیاندنەكان لە كەركوك بۆ ماوەی زیاتر لە دوو كاتژمێر، ئەوەش لەلایەن ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا.
ئەو سێ رۆژنامەنوس و كارمەندە (عەلی بەغدادی و دیار محەمەد لە كەناڵی ئاسمانی ئێن ئاڕتی، ئۆژین جەلال لە ئاژانسی ئەنادۆڵ، شەممە 4ی ئەیلول بۆ روماڵی هێرشێكی داعش بۆ گوندی شەحل لە ناحیەی سەرگەڕان چونە ئەو ناوچەیە.
ئۆژین جەلال لەبارەی راگرتنیانەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "هێزێكی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا بۆ زیاتر لە دوو كاتژمێر رایانگرتین و رێگرییان كرد لەوەی كاری رۆژنامەوانی بكەین، هەرچەندە رێپێدانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوكمان پێنیشاندان، بەڵام وتیان ئەوە نایخوات، چونكە ئێرە سنوری دەسەڵاتی ئێمەیە".
هەرچەندە رێپێدانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوكمان پێنیشاندان، بەڵام وتیان ئەوە نایخوات
"وێنە و ڤیدیۆكانی ناو میمۆری كامێراكانیان لێوەرگرتین و دوای پەیوەندییان بە دەزگای ئەمنی ترەوە، ئینجا رێگەیان پێداین ناوچەكە چۆڵبكەین، بەبێ ئەوەی رێگەبدەن روماڵ بكەین"، ئۆژین وایوت.
لەو هێرشەی چەكدارانی داعش كە ئەو رۆژنامەنوسانە ویستیان روماڵی بكەن "نزیكەی 20 چەكداری داعش" بە چەكی جۆراجۆرەوە چونە سەر گوندی شەحل لە ناحیەی سەرگەڕان و تیایدا هاوڵاتییەك رفێنرا، ژمارەیەك كەسی دیكە بە تەقە و تەقینەوە برینداربون. هەروەها هێزێكی سوپای عیراقیش لەكاتی بەهاناوەچونیاندا بۆمبی چێنراویان پێیاندا تەقییەوە.