لە هێرشی نزیكەی 20 چەكدار بە چەكی جۆراجۆرەوە بۆ سەر گوندێكی ناحیەی سەرگەڕان، هاوڵاتییەك دەڕفێنرێت و ژمارەیەك كەسی دیكە بە تەقە و تەقینەوە برینداردەبن، هێزێكی سوپای عیراقیش لەكاتی بەهاناوەچونیاندا بۆمبی چێنراویان پێدا دەتەقێتەوە.
روداوەكەی شەوی رابردوو 1ی ئەیلولی 2021 بووە، لە گوندی شەحل-ی كۆن لە ناحیەی سەرگەڕان لە قەزای دوبزی باكوری خۆرئاوای كەركوك، بەهۆیەوە جگە لە كوژرانی سەربازێك و رفاندنی هاوڵاتییەك، هەشت كەسی دیكەی مەدەنی و سەربازی برینداربون.
"ژمارەی چەكدارە تیرۆریستیەكان 15 بۆ 20 كەس بووە، بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان هێرشەكەیان بە چەكی كڵاشینكۆف وM4 ئەنجامداوە" بەوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنی ئاگادار بۆ (كەركوك ناو).
بەوتەی هاوڵاتیانی گوندەكە و سەرچاوە ئەمنییەكان ئەو چەكدارانەی هێرشەكەیان كردووە چەكداری "دەوڵەتی ئیسلامی - داعش" بون.
چەكدارانی داعش هاوڵاتییەكیان رفاندووە
شایەتحاڵێكی هێرشەكە كە لەبەر مەترسی ئەمنی نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "هێرشەكە كاتژمێر 10ی شەو بوو، چەكدارانی داعش دوای چاندنی بۆمبی چێنراو، هاوڵاتییەكی تەمەن 40 ساڵیان بەناوی نایف محەمەد رفاندووە كە كاری ئاژەڵداری دەكات".
بەوتەی ئەو شایەتحاڵە لەكاتی بەهاناوەچونی خەڵكی گوند و كەسوكاری رفێنراوەكەدا، لەگەڵ چەكدارەكانی داعش توشی پێكدادانی چەكداری بونەتەوە، بەهۆیەوە سێ برای ئەو هاوڵاتییە رفێنراوە بە فیشەك برینداردەبن.
"چوار هاوڵاتی دیكەی دانیشتوی گوندەكەش كە هەموویان ئامۆزا و كەسی نزیكی یەكترین لەگەڵ رفێنراوەكەدا، بۆمبی چێنراویان پێدا تەقیوەتەوە و برینداربون"، شایەتحاڵەكە دەڵێت هەرچەندە خاڵی سەربازی لە گوندەكەیانەوە نزیكە بەڵام بەهاناوەچونیان "وەك پێویست نییە" و بەهۆی فراوانی سنورەكەشەوە چەندینجار روبەڕوی مەترسی هاوشێوە بونەتەوە.
گوندەكانی شەحل-ی كۆن و نوێ، دانیشتوانەكەیان كوردن و نزیكەی 120 خێزانن، بە كشتوكاڵ و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن، لەكاتی هێرشەكانی ناوەڕاستی 2014ی داعش بۆ پارێزگای كەركوك چەند رۆژێك ئاوارەبون و دواتر گەڕانەوە بۆ گوندەكە، هەرچەندە لەژێر دەسەڵاتی سەربازی داعشدا بوو.
سەرچاوە ئەمنییەكەی كەركوك وتی "هێزەكانی سوپای عیراقی، كە نزیكن لەو گوندەوە، دوای بیستنی دەنگی تەقەكان دەستبەجێ هەوڵیانداوە بەهانای هاوڵاتیانەوە بچن، بەڵام پێش ئەوەی بگەنە گوندە بۆمبی چێنراویان پێدا تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە سەربازێك كوژراوە و سەربازێكی تر برینداربووە".
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت تائێستا (دوانیوەڕۆی پێنجشەممە 2ی ئەیلول) چارەنوسی ئەو هاوڵاتییەی رفێنراوە نادیارە و پەیوەندی بە كەسوكاریەوە نەكراوە.
ماوەیەكە ناوچەكانی جێناكۆك بەتایبەت لە هەرسێ پارێزگای كەركوك، دیالە و سەڵاحەدین بە دۆخێكی سەقامگیردا تێپەڕنابێت، جموجۆڵ و هێرشی چەكداری بۆ سەر هاوڵاتیان، هێزە ئەمنییەكان و یەكەكانی خزمەتگوزاریی لەوانەش كارەبا بەردەوامی هەیە.
دۆسیەی ئەمنی پارێزگای كەركوك لەژێر دەستی ژوری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانیاندایە بە بەشداری سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، لیوای 61ی تایبەت سەر بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، حەشدی شەعبی و پۆلیسی ناوخۆیی.