هێرشەكانی داعش لە باشوری كەركوك زیاددەكەن

كەركوك/ تەمموزی 2021/ پۆلیسی فیدڕاڵی یەكێ: لە مۆڵگەكانی داعش لە باشوری داقوق دەسوتێنن فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیسی فیدڕاڵی

كەركوك ناو – كەركوك

چەكدارانی رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی - داعش" زیاتر لە 10 هێرشی چەكدارییان كردۆتە سەر ناوچەكانی دەوروبەری قەزای داقوق (44كم باشوری كەركوك) و باكوری قەزای دوزخورماتوو (خۆرهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین)، ئەوەش تەنیا لە مانگێكدا.

بەوتەی سەرچاوە ئەمنیی و سەربازییەكان بۆ (كەركوك ناو)، چەندین هۆكار بۆ پێشێلكارییە ئەمنییەكان هەن و هێزە عیراقییەكانبش لە هەوڵی ئەوەدان بەسەر ئەو گروپە چەكدارییانەدا سەربكەون.

 

جوگرافیای سەخت

"هەڵكەوتەی جوگرافیای باشوری قەزای داقوق و ناوچەكانی دەوروبەری بە شوێنێكی گونجاو بۆ داعش دادەنرێت، بەهۆی گرد و دۆڵی وەك وادی شای و وادی كۆر، كە داعش كردونی بە مۆڵگە و حەشارگە" سەرچاوەیەكی ئەمنی ئاگادار كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە وای وت.

"ئەو دۆڵانە بونەتە دەرچە و مۆڵگە بۆ چەكدارانی داعش، لەبەرئەوەی بە ئاسانی دەست بەو شوێنە ناگات، روبەرێكی بەفراوانە و گژوگیا و گرد و داری چڕی تێدایە" بەوتەی سەرچاوەكە.

بەهۆی سروشتی جوگرافی ئەو ناوچانەوە هێزە ئەمنییەكان ناتوانن بە تەواوی ئەمنیەتی سنورەكە كۆنتڕۆڵبكەن و ناوبەناو ئۆپەراسیۆنی سەربازی بۆ لەناوبردن و تێكدانی مۆڵگە و حەشارگەكانی داعش و دۆزینەوەی چەك و تەقەمەنی بەڕێوەدەبەن.

كۆتا ئۆپەراسیۆن و هەڵمەتی كێوماڵی ناوچەكە 16ی تەمموزی 2021 بوو لە وادی كەرحە غازانی ناحیەی رەشاد لە كەركوك كە كوژرانی چوار چەكداری داعشی لێكەوتەوە.

سەرچاوەكە دەڵێت لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكاندا زیاتر پشت بە بۆردومان دەبەستن، بە تایبەت بۆردومانی ئاسمانی، چونكە ناوچەكان گژوگیای چڕی تێدایە، روبەرێكی بەفراوانە، بۆ نمونە وادی شای لە هەندێك شوێنیدا زیاتر لە كیلۆمەترێك پان و بەرینە.

لە دوو ساڵی رابردودا هێزە ئەمنییەكانی عیراق دەیان ئۆپەراسیۆنیان بۆ ئەو ناوچانە ئەنجامداوە، بەڵام نەتوانراوە مەترسییەكانی ئەو گروپە چەكدارییە بنبڕبكرێت.

كەركوك/ 16ی تەمموزی 2021/ ئۆپەراسیۆنی ئەمنی لە وادی كەرحە غازان / پۆلیسی فیدڕاڵی

 

گوندە كۆنتڕۆڵنەكراوەكان

سەرچاوەیەك لە حەشدی شەعبی بە (كەركوك ناو)ی وت هۆكاری دیكەی زیادبونی پێشێلكارییە ئەمنییەكان بەهۆی چەند گوندێكەوەیە كە "لە كۆنتڕۆڵی هێزە ئەمنییەكان دەرچون"، ئەوەش لە سنوری ناحیەی رەشاد و قەزای داقوق و نزیكی وادی شای.

"چەكدارانی داعش لەو گوندانە خۆراك و پێداویستی دیكەیان دەستدەكەوێت، دانیشتوانی ئەو گوندانەش زانیاری دەربارەی چەكدارەكان بە هێزە ئەمنییەكان نادەن" بەوتەی سەرچاوەكە.

هەروەها لەبارەی هۆكاری بڵاوەپێكردنی داعش لەو ناوچانەدا وتی روبەرێكی بەرفراوانی بۆشایی ئەمنی لە داقوق هەیە كە هیچ هێزێكی ئەمنییان تیادا جێگیرنەكراوە، بەهۆی كەمی هێزی پێویستەوە، بۆیە "تیرۆریستیەكانیش بۆشایی ئەو ناوچانە دەقۆزنەوە".

"ناوچەكانی دەوروبەری داقوق پێنج لیوای پێشمەرگەی تێدا بوو، سەرباری ئەوەش پێشێلكاری ئەمنی تێدا تۆمار دەكرا، دوای كشانەوەی پێشمەرگە لە 2017 لیوایەك بۆ پۆلیسی فیدراڵی و یەك لیوای سوپای عیراقی جێگەیان گرتونەتەوە" سەرچاوەكە وای وت.

Federal Police
كەركوك/ تەمموزی 2021/ پۆلیسی فیدڕاڵی لە وادی شای فۆتۆ: راگەیاندنی پۆلیسی فیدڕاڵی

 

10 هێرش لە مانگێكدا

لە ماوەی مانگێكدا، داعش توانیویەتی زیاتر لە 10 هێرش بكاتە سەر هێزە سەربازییەكان و هاوڵاتیان لەرێی روبەڕوبونەوەی چەكداری راستەوخۆ یان چاندنی بۆمبەوە، بەوهۆیەشەوە 12 سەرباز و مەدەنی كوژراون.

سەرچاوەیەكی ئەمنی بۆ (كەركوك ناو) باسی چەند روداوێكی باشوری داقوق كرد، لە نێویاندا تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو بۆ ئۆتۆمبێلی هێزی سوپای عیراقی لە 24ی حوزەیرانی 2021 كە برینداربونی سێ كەسی لێكەوتەوە.

هەروەها لە 24ی حوزەیرانی 2021 هێزە ئەمنییەكان لە گوندی شبێحەی باشوری داقوق روبەڕوی هێرشی داعش بونەوە و بەهۆی پێكدادانەوە، پێنج ئەندامی هێزە ئەمنییەكان كوژران و دوو كەسی تر برینداربون، هەمان رۆژ داعش هێرشیكردە سەر گوندی حەسەن شەلال و لە ئەنجامدا دوو هاوڵاتی برینداربون.

لە 5ی تەمموزی 2021 هاوڵاتییەك لە گوندەكانی دەوروبەری ناحیەی رەشاد رفێنراوە، لە 9ی تەمموز هێزە ئەمنییەكان لە رەشاد روبەڕوی هێرشێك بونەوە و سەربازێك كوژرا، لە 13ی تەمموز پێكدادانێكی چەكداری كوژرانی سەربازێكی لێكەوتەوە و روداوێكی تری هاوشێوە 15ی تەمموز لە ریاز دوبارە بۆتەوە.

شەوی 16ی تەمموزیش داعش هێرشكردە سەر سوپای عیراقی و چوار سەرباز كوژران.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك، لە سەرەتای تەمموزی ئەمساڵ، داوایان لە گوندنشینانی داقوق كرد چەك هەڵبگرن و شانبەشانی هێزە ئەمنییەكان روبەڕوی داعش ببنەوە، چونكە بەپێی لێكدانەوەی لێپرسراوانی سەربازی ئەو هەنگاوە دەبێتە هۆی لاوازكردنی داعش.

ئەو هێرشەكانی داعش لە یەك مانگی رابردودا یەكەمجار و كۆتاجار نین روبەڕوی هێزە ئەمنییەكان ببێتەوە لەو ناوچانەدا بۆیە داواكارن چارەسەری خێرا بۆ پێشێلكارییە دوبارەكان بدۆزرێتەوە.

دۆسیەی ئەمنی پارێزگای كەركوك لەژێر دەستی ژوری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانیاندایە بە بەشداری سوپا، پۆلیسی فیدراڵی، لیوای 61ی تایبەت سەر بە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، حەشدی شەعبی و پۆلیسی ناوخۆیی.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT