ئەو گۆڕە بە كۆمەڵەی بۆ گەراجی ئۆتۆمبێل تەختكرا بێ ناز كەوتووە

وێنەی سەرەكی شوێنی گۆڕە بە كۆمەڵەكەی شنگالە دوای تەختكردنی لە 29ی حوزەیران، وێنە لاوەكییەكان لەكاتی دۆزینەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكەیە و لەلایەن رێکخراوى ئێزیدى بۆ دۆکیۆمێنتکردنى بەڵگەنامەکانەوە گیراوە لە ئابی 2019ە و دراوە بە (كەركوك ناو)

عەمار عەزیز – نەینەوا

خەڵكی شنگال، گۆڕێكی بە كۆمەڵیان لە ناوەندی شنگال تەلبەند كرد و زیاتر لە دوو مانگە چاوەڕێی لایەنی پەیوەندیدار دەكەن بۆ ئەوەی گۆڕەكە هەڵبدەنەوە.

ئەو گۆڕە بە كۆمەڵە لە ناوەندی شنگال و لە شەوی 29ی حوزەیران، لەلایەن "دەزگای هەواڵگری عیراقەوە" زەوییەكەی بە شۆفڵ و بە مەبەستی بەكارهێنانی بۆ گەراجی ئۆتۆمبێل تەختكرا، هەر ئەوكات ئێسك و پروسكی بەشێك لە گۆڕەكان دەركەوتن، ئەوەش ناڕەزایی خەڵكی قەزاكەی بەدواداهات.

ناتق عەلو ئەحمەد، لێپرسراوى راگەیاندنی پۆلیسى قەزاى شنگال بە (کەرکوک ناو)ى وت "هەر لە دواى تەختکردنى زەوییەكە، پۆلیسى شنگال بەدواداچونی بۆ ئەو بابەتە كرد، وێنە و تەواوى زانیارییەكانمان بۆ فەرمانگەى گوڕە بە کۆمەڵەکانى بەغدا نارد و لەوكاتەوە چاوەڕێی ئەوان دەکەین بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی مەیدانی سەردانی گۆڕەكە بكەن و بڕیارێكی لەبارەوە بدەن".

"ئەوان هیچ كەسێكیان نەناردووە، ئەوەی پێویست بوو لەسەر شانی ئێمە كردمان"، ناتق عەتو وایوت.

وتیشی "ئێسک و پرۆسکى گوڕەکە هەر لە شوێنى خۆی ماونەتەوە و چواردەوری لەلایەن خەڵكەوە تەلبەند كراوە، ئەوەش بۆ پاراستن و لەناونەچونی".

هاوكات فەهد حامد، كە لەلایەن ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال-ەوە کراوە بە قایمقام، - ئەنجومەنەكە لە پێكهاتە و لایەنەكانی شنگال پێكهاتووە-، لەبارەی ئەو گۆڕە بە كۆمەڵەوە وتی "دۆسییەكە وەکو خۆی ماوتەوە و ئێسک و پرۆسکەكان تەلبەند كراون... ئێستا دوری نێوان ئیسك و پروسكەكان و شوێنی راگرتنی ئۆتۆمبێلەكانی دەزگای هەواڵگری عیراق تەنیا دوو مەترێكە".

"دۆسییەی ئەو گۆڕە بە كۆمەڵە تائێستا بەكاتی وەستاوە، ئێمە و رێكخراوەكان و پیاوانی ئایینی فشارمان كرد بۆ ئەوەی زەویی گۆڕە بە كۆمەڵەكە نەكرێت بە گەراج... داواكاریمان ئەوەیە لایەنی پەیوەندیدار ئەم كێشەیە چارەسەر بكەن و سەردانی ئەم شوێنە بكەن".

دۆسییەی ئەو گۆڕە بە كۆمەڵە تائێستا بەكاتی وەستاوە

سیروان جەلال ، بەڕێوەبەرى گوڕە بە کۆمەڵەکان سەر بە وەزارەتى شەهیدان و کاروبارى ئەنفالکراونی حكومەتی هەرێم، بە (كەركوك ناو)ی وت "زیاتر لە دوو مانگە نوسراوی فەرمیمان ئاراستەى بەڕێوەبەرایەتى پاراستنى گۆڕە بە کۆمەڵەکانی سەر بە دەزگاى شەهیدانى حکومەتى عیراق كردووە، تەواوى زانیاریى و کۆمەڵێک وێنەمان لەسەر تەختکردنى ئەو گوڕە لە نوسراوەکەدا ئاماژە پێكردووە، بەڵام هێشتا وەڵامی نوسراوەكەیان نەداوەتینەوە".

"هەركات پەیوەندى هەرێم و بەغدا باشبێت، ئەو فەرمانگەیە زوو وەڵامى نوسراوەکانمان دەدەنەوە، ئەگەریش پەیوەندییەکان خراپ بێت ئەوا وەڵاممان نادەنەوە... ئێستا پەیوەندییەكان زۆر باش نین".

"كێشەكە ئەوەیە ئەو ناوچەیە ئێستا لە سنوری دەسەڵاتی ئێمەدا نییە، ناتوانین بە شێوەی مەیدانى سەردانى گوڕە بە كۆمەڵەکە بکەین".

تائێستا دەزگای هەواڵگری عیراق سەرەڕای ناڕەزایی خەڵك و رێكخراوەكان و ئیدارەی شنگالیش هیچ هەڵوێستێكی نەبووە، بەڵام لە سەردانی ئەو لایەنانە بۆ لای دەزگای هەواڵگری، جەختیانكردۆتەوە لەوەی "نەیانزانیوە ئەو شوێنە گۆڕی بە كۆمەڵی لێیە".

فەلاح حەسەن، ئەندامى دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەى زانیارى لە تیمى نیشتیمانى هەڵدانەوەى گۆڕە بە کۆمەڵەکان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە هەماهەنگییان لەگەڵ حكومەتی عیراقدا هەیە، بە (کەرکوک  ناو)ى وت "تیمی نیشتیمانی گوڕە بە کۆمەڵەکان چەند مانگێکە گەڕاونەتەوە بەغدا و لە شنگال نەماون، ئێمەش لەوێ نەماوین، ئێمە ناتوانین بەبێ ئاگاداری بەغدا سەردانی ئەو گوڕە بکەین"، زیاتر وتی "راستە ئێمه و بەغدا بە هاوبەشی و پێکەوە کاردەکەین، بەڵام بۆ ئەم بابەتە پێویستمان بە رەزامەندی بەغدایە".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT