داعش واز لەناوچەكانی جێناكۆك ناهێنێت

كەركوك/ 11ی ئەیلولی 2021/ پرۆسەی گەڕان و پشكنینی هێزە عیراقییەكان لە سنوری ناحیەی رەشاد فۆتۆ: پۆلیسی فیدراڵی

كەركوك ناو – كەركوك

هەشت هاوڵاتی و پۆلیس كوژران، ژمارەیەك كەسی دیكەش برینداربون لە چەند هێرشێكی جیاوازی چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی - داعش" لە سنوری هەردوو پارێزگای كەركوك و نەینەوا.

لە دوایین روداودا، شەممە 11ی ئەیلولی 2021 ژمارەیەك چەكدار كە بەوتەی هێزە ئەمنییەكان "داعش" بون، هێرشیانكردە سەر هێزیكی پۆلیسی فیدراڵی لە گوندی شەبیجەی ناوچەی وادی شای ناحیەی رەشاد (باشوری خۆرئاوای كەركوك).

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئەمنی بۆ (كەركوك ناو) لەو هێرشەدا "سێ پۆلیسی فیدراڵی شەهید بون و تەرمەكانیان رەوانەی نەخۆشخانەی گشتی داقوق كرا".

لەو هێرشەدا ژمارەیەك پۆلیسی فیدراڵی برینداربون و ئەمڕۆ 12ی ئەیلول یەكێكیان گیانیلەدەستدا بەوەش كۆی كوژراوەكانی ئەو روداوە گەیشتە چوار كەس.

سەرچاوەكە وتی "لەكاتی هێرشەكەدا هێزی پاڵپشتی پۆلیسی فیدراڵی رەوانە كراون، بەڵام بۆمبی چێنراویان پێدا تەقیوەتەوە لە رێگادا، بێ ئەوەی زیانی گیانی لێبكەوێتەوە، تەنیا تایەی یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكانیان سوتا".

پۆلیسی فیدراڵی دوای روداوەكە هەڵمەتێكی ئەمنی لە ناوچەكە ئەنجامدا و بەپێی راگەیەندراوێكی ئەو هێزە توانیویانە دەستبگرن بەسەر ژمارەیەك چەك و تەقەمەنیدا.

241742403_1279185935891948_5950434291165278166_n
كەركوك/ 11ی ئەیلولی 2021/ شوێنی مانەوە و خۆحەشاردانی داعش لە ناوچەیەكی رەشاد فۆتۆ: پۆلیسی فیدراڵی

فەریق روكن عەلی فەریجی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك لە راگەیەندراوێكی كورتدا شەوی رابردوو بڵاویكردەوە توانیویانە بە پاڵپشتی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی عیراق "تەواوی ئەو چەكدارانەی داعش و تیرۆریستیان بكوژین كە هێرشیانكردە سەر پۆلیسی فیدراڵی".

هێرشەكەی داعش دوەم روداوی هاوشێوەیە دژی پۆلیسی فیدراڵی لە ماوەی تەنیا هەفتەیەدا، دوای ئەوەی لە 5ی ئەیلولیشدا لە نزیك گوندی سەتیح-ی ناحیەی رەشاد، 13 پۆلیس كوژران.

لە 5ی ئەم مانگەشدا مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ لێكۆڵینەوە لە پێشێلكاریی و روداوە ئەمینیەكانی ئەمدواییەی پارێزگای كەركوك، كە "كەمتەرخەم"ی فەرماندە سەربازییەكان بە هۆكاری هەندێكیان دەزانێت.

هەروەها دژە تیرۆری عیراق لە بۆسەیەكدا لە نزیك ناحیەی پردێ (ئاڵتون كۆپری) باكوری پارێزگای كەركوك، 6ی ئەیلول، كوژرانی ژمارەیەك چەكداری داعشیان لە تۆڵەی پۆلیسی فیدراڵیدا راگەیاند.

درەنگانی شەوی هەینی لەسەر شەممە (10ی ئەیلول)، ژمارەیەكی چەكداری داعش هێرشدەكەنە سەر گوندی خەتاب لە قەزای مەخمور (باشوری خۆرهەڵاتی پارێزگای نەینەوا)، بەوتەی زیاد لە سەرچاوەیەك بۆ (كەركوك ناو) كە بەهۆیەوە چوار هاوڵاتی كوژران و هەشت چەكداری حەشدی شەعبی برینداربون.

ئەفسەرێك كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "چەكدارانی داعش بە هاوەن بۆردومانی گوندەكەیان كرد و دواتر بە چەكی سوك هێرشیان دەستپێكرد" سەرچاوەكە دەڵێت دواتر خەڵكی گوندەكە روبەڕوی داعش بونەتەوە و بەوهۆیەوە چوار هاوڵاتی كوژران كە دوانیان بران.

maxmor
نەینەوا/ 11ی ئەیلولی 2021/ هاوڵاتیانی گوندی خەتاب نوێژ لەسەر تەرمی قوربانییەكی هێرشەكەی داعش دەكەن فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

لەكاتی روداوەكەدا هێزێكی حەشدی شەعبی بەهانای هاوڵاتیانی گوندەكەوە دەچن و لەرێگادا بۆمبی چێنراویان پێدا دەتەقێتەوە، بەهۆیەوە "هەشت چەكداری حەشدی شەعبی برینداربون" سەرچاوەكە وای وت.

"گوێمان لە دەنگی هاوەن بوو، دوای ئەوەی نزیكی 10 چەكدار هێرشیانكردە سەر گوندەكە، بۆیە هاوڵاتیان روبەڕویان بونەوە و زیاتر لە كاتژمێرێك پێكدادان رویدا، بەهۆیەوە چوار هاوڵاتی شەهید بون" هاوڵاتیەكی گوندی خەتاب لە مەخمور بۆ (كەركوك ناو) وای وت.

داعش هەفتەی رابردوش هێرشیكردە سەر سوپای عیراق لە ناوچەی قەرەچوغ-ی قەزای مەخمور و سەربازێك كوژرا.

زنجیره‌ چیای قه‌ره‌چوغ، له‌ رۆژهه‌ڵاتی قه‌زای مه‌خمور له‌ باشوری خۆرهه‌ڵاتی پارێزگای نه‌ینه‌وایە و سنوری نێوان هێزه‌ عیراقییه‌كان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یە.

هەر لە قەزای مەخمور شەوی 7ی ئابی 2021، ژمارەیەك چەكدار كە بەوتەی هێزە ئەمنییەكان داعش بون، بازگەیەكی وەهمییان لەنزیك گوندی كەنداڵ دانا و نۆ هاوڵاتییان رفاند، كە دواتر سێ كەسیان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رزگاركران، دووانی دیكەیان داعش خۆی ئازادی كردن، بەڵام بۆ ئازادكردنی هەر یەكێك لە چوار رفێنراوەكەی تر داوای 100 هەزار دۆلاری كرد.

ماوەیەكە ناوچەكانی جێناكۆك بەتایبەت لە هەرسێ پارێزگای كەركوك، دیالە و سەڵاحەدین بە دۆخێكی سەقامگیردا تێپەڕنابێت، جموجۆڵ و هێرشی چەكداری بۆ سەر هاوڵاتیان، هێزە ئەمنییەكان و یەكەكانی خومەتگوزاریی لەوانەش كارەبا بەردەوامی هەیە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT