عەمید كاوە غەریب، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی كەركوك، ئاشكرای دەكات كە پاراستن و گواستنەوەی سندوقەكانی دەنگدان لە هەڵبژاردنی تشرینی یەكەمدا بە پۆلیسی ناوخۆیی سپێپردراوە.
ئەو وتەیەی كاوە غەریب، لە لێدوانێكیدا هات بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن ئەمڕۆ یەكشەممە 12ی ئەیلول تیایدا جەختیكردەوە، ئەمنیەتی پارێزگای كەركوك بۆ كاتی هەڵبژاردنەكان بۆ سێ بازنە دابەشكراوە، لەپێناو ئەوەی پرۆسەكە بە باشی بەڕێوەبچیت "بازنەی یەكەم و دووەم بە پۆلیسی ناوخۆیی سپێردراوە و بازنەی سێیەمیش هێزە سەربازییەكانی تر".
دابەشكردنی ئەو سێ بازنەیە لە كۆبونەوەیەكی لیژنەی ئەمنی پارێزگای كەركوكدا هاتووە، كە شەممە 11ی ئەیلول بەڕێوەچوو.
عەمید كاوە غەریب، وتی "ئێمە ئامادەكارییەكانمان دەستپێكردووە و هەموو هێزەكانمان تا كاتی هەڵبژاردن لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن... پاراستنی بنكەكانی دەنگدان، ئاسانكاریكردن بۆ هاوڵاتیان بۆ چونیان بۆ دەنگدان و تەنانەت پاراستن و گواستنەوەی سندوقەكانی دەنگدانیش لە ئەستۆی ئێمەیە".
ئێمە ئامادەكارییەكانمان دەستپێكردووە و هەموو هێزەكانمان تا كاتی هەڵبژاردن لە حاڵەتی ئامادەباشیدا دەبن
هەرچی بازنەی سێیەمە، دەرەوی شارەكان دەگرێتەوە و بە وتەی عەمید كاوە بە هێزە سەربازییەكانی تری عیراق سپێردراوە.
لە پارێزگای كەركوك زیاتر لە ملیۆنێك و 11 هەزار دەنگدەر هەن كە بەسەر 315 بنكەی دەنگدان لە سێ بازنەدا دابەشكراون. پشكی كەركوك لە پەرلەمانی داهاتوی عیراق 12 كورسییە، كە سێ كورسییان بۆ ژنانە، ئەوەش بەبێ كەمینەی كریستیان كە كورسییەكی كۆتایان هەیە.
لەبارەی جموجۆڵەكانی ئەمدوایەی چەكدارانی داعش لە پارێزگای كەركوك و بە ئامانجگرتنی هێزە عیراقییەكان، وتی "ئەوەندە دەڵێم كەركوك لە ئارامیدایە و ئەمڕۆ پرۆسەیەك بەڕێوەیە و چاوەڕوانی هەواڵی خۆش بكەن".
ئەو لێدوانەی ناوبراو دوای ئەوە هات كە چوار پۆلیسی فیدراڵی لە هێرشێكی چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی - داعش" لە پارێزگای كەركوك كوژران لە شەممە 11ی ئەیلولی 2021.
هێرشەكە لە گوندی شەبیجەی ناوچەی وادی شای ناحیەی رەشاد (باشوری خۆرئاوای كەركوك) بوو.
پۆلیسی فیدراڵی دوای روداوەكە هەڵمەتێكی ئەمنی لە ناوچەكە ئەنجامدا و بەپێی راگەیەندراوێكی ئەو هێزە توانیویانە دەستبگرن بەسەر ژمارەیەك چەك و تەقەمەنیدا. هاوكات بەپێی راگەیەنراوێكی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك لە بۆردومانێكی فڕۆكە جەنگییەكانی عیراق چوار چەكداری داعش كوژراون.