ژمارەیەك لە كاسبكار و بەقاڵە گەڕۆكەكانی شاری كەركوك، دژی وەرگرتنی پارە لە عەلوەی خان خورما گردبونەوە و داوایانكرد بەو بڕیارە هەڵبوەشێنرێتەوە، كە ئەوان بە"وەرگرتنی سەرانە" ناوی دەبەن.
خۆپیشاندانەكە بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 22ی ئەیلولی 2021 لە نزیكی بازاڕی عەلوەی خان خورما لە شاری كەركوك بەڕێوەچوو، كاسبكارانی ناڕازی، بە سوتانی تایە و دانانی بەرد، رێگایەكی سەرەكییان داخست.
جونێد عەلی، بەشداربوی ناڕەزاییەكە كە لە شەقامی حیساباتی شاری كەركوك بەقاڵی دەكات بە (كەركوك ناو)ی وت لە بازاڕی خان خورما كابینەیەك دانراوە و ژمارەیەك فەرمانبەری تێدایە بۆ وەرگرتنی پارە لە هەر كەسێك سەوزە و میوە بكڕێت.
"من بایی 200 هەزار سەوزە و میوەم لە عەلوە كڕی كەچی پارەی سەرانەیان لێوەرگرتم بەب ڕی 200 هەزار دینار" جونێد وای وت، كە ماتۆڕسكیلێكی سێ تایەی پێیە.
بەوتەی خۆپیشاندەران هەر ماتۆڕسكیلێكی سێ تایە بۆ چونە ناو عەلوەی كەركوك بڕی 22 هەزار دیناری لێوەردەگیرێت، ئۆتۆمبێلی یەك تەن وەك پیكئاب بڕی 50 هەزار دینار، ئۆتۆمبێلی دوو تەن وەك كیای بچوك بڕی 75 هەزار دینار و ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری گەورەش پێویستە بڕی 100 هەزار دینار بدات.
جونێد دەڵێت هەموو ئۆتۆمبێلێك ئەو بڕە پارەیەی لێوەردەگیرێت و دواتر پسوڵەیەكی پێدەدرێت.
كاسبكارانی ناڕازی بۆ زیاتر لە كاتژمێرێك بەردەوام بون و دواتر بڵاوەیان بە خۆپیشاندانەكە كرد، دوای بینینی فەرماندەی پۆلیس و بەڵێنی بەدواداچونی كێشەكانیان.
عەمید كاوە غەریب، فەرماندەی پۆلیسی كەركوك دوای كۆتاییهاتنی ناڕەزاییەكەی كاسبكاران بە (كەركوك ناو)ی وت وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە لە كاسبكاران و ئەوانەی دەچنە بازاڕی عەلوە لەڕێی وەبەرهێنەرەوەیە و پارەكەش دەچێتەوە سەر حسابی وەزارەتی شارەوانی عیراق، بەڵام كاسبكارەكان پێیانوایە ئەو بڕە پارەیە زۆرە كە لێیانوەردەگیرێت.
بەوتەی عەمید كاوە هەر ئەمڕۆ خۆی سەردانی شارەوانی دەكات تا هەوڵی "چارەسەری كێشەی كاسبكارەكان بدەم یان چارەسەرێكی دیكە بدۆزینەوە".
شارەوانی كەركوك رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و تیایدا هاتووە بازاڕی عەلوەی خان خورما "خراوتە زیادکردنێکی ئاشکراو هەموو رێوشوێنە هونەری و یاساییەکانی تەواو بووە"، واتە دراوە بە وەبەرهێنەر.