بانگەشەی هەڵبژاردن لە كەركوك؛
دڕاندنی پۆستەر و شەڕ و دەستگیركردنی تێدەكەوێت

كەركوك/ ئەیلولی 2021/ پۆستەری یەكێك لە كاندیدەكانی هەڵبژاردن دڕێنراوە فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو – كەركوك

بانگەشەی هەڵبژاردن لە كەركوك چڕتر دەبێتەوە، لە هەندێك ناوچە خەریكە دڕاندنی پۆستەر دەبێتە دیاردە و لە شوێنەكانی دیكەش جگە لە شەڕ و بەكارهێنانی چەك؛ دەستگیركردنی تۆمەتبارانیشی تێدەكەوێت.

بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، لە چەند رۆژی رابردودا، ژمارەیەك پۆستەری كاندیدی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق شوێنراون، یان دڕێندراون یاخود بە تەواوی لێكراونەتەوە، هەرچەندە بەوهۆیەوە شەڕیش دروستبووە، بەڵام هیچ كەسێك سكاڵای نەگەیاندۆتە كۆمسیۆن.

روداوەكان لە شوێنە جیاوازەكانی شاری كەركوك بون، بە تایبەت ئەو ناوچانەی دەكەونە سنوری بازنەی دووەوە، كە ململانێی توندی حزبەكانی عەرەب، كورد و توركمانی تێدایە.

ئەو بازنەیە كە زیاتر لە 36 كاندیدی تێدایە؛ دوەم گەورەترین بازنەی هەڵبژاردنی كەركوكە و چوار كورسی بۆ تەرخانكراوە، كە ناوه‌ڕاستی قه‌زای ناوه‌ندی كەركوك؛ شوێنه‌كانی وه‌ك تسعین یەك و دوو، داقوق، قۆریه - ئەڵماس‌، رێگای بەغدا، واستی، قادسیه‌ی 2، تازه‌-رشاد1، چه‌ند ناوه‌ندێكی موسه‌ڵا، حه‌ی عه‌سكه‌ری، خاسه‌، سەورە، ریاز3 و یایچی تێدایە.

كاندید و حزبەكان چەند هەفتەیەكە لە بانگەشەدان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عیراق كە بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021 بەڕێوەبچێت.

 

مشتومڕ و تەقەكردن

چەند رۆژێك لەمەوبەر لە گەڕەكی روناكی ناوەندی شاری كەركوك، بەهۆی دڕاندنی پۆستەری هەڵبژاردنەوە دەمەقاڵی سەریهەڵدا و گەیشتە بەكارهێنانی چەك، ئەوەش بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگاداری ئەمنی بۆ (كەركوك ناو).

"لایەنی یەكەمی شەڕەكە چەند برایەك بون، پۆستەر و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنی یەكێك لە كاندیدەكانیان دڕاندووە، دواتر لایەنگرانی ئەو كاندیدە چونەتە ئەو شوێنە و دەمەقاڵی دروستبووە" سەرچاوەكە وای وت.

هەروەها ئاشكرایكرد مشتومڕەكە گەیشتۆتە ئەوەی یەكێك لە لایەنی یەكەم بە چەكی جۆری كڵاشینكۆف تەقەی كردووە و كەسێكی لە لایەنی بەرانبەر بریندار كردووە و هەڵاتووە.

bangasha (1)
كەركوك/ ئەیلولی 2021/ پۆستەری كاندیدێك نیوەی دڕێنراوە و لێكراوەتەوە فۆتۆ: كەركوك ناو

سەرچاوەكە وتی پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەو روداوە كراوەتەوە و لایەنی یەكەم بە "هەوڵی كوشتن" تۆمەتباركراون و ئەگەر ئەو كاندیدەیشی وێنەكەی دڕێنراوە سكاڵا تۆماربكات، ئەوا سزای یاساییشی تێدایە.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق، هەر كەسێك دەستدرێژی بكاتە سەر وێنەی كاندید و بەرنامەكانیان بە شێواندن یان دڕاندن لە پێناو بەرژەوەندی كاندید و لایەنێكی تر یاخود بەمەبەستی زیانگەیاندن بەو كاندیدە، ئەوا بە زیندانی سزادەدرێت بۆ ماوەیەك لە مانگێك كەمتر و لە ساڵێك زیاتر نەبێت یان لە غەرامەی ملیۆنێك تا پێنج ملیۆن دینار، یاخود بە هەردوو سزاكە.

ئەنجومەنی باڵای دادوەریش لە عیراق، 9ی ئەیلولی ئەمساڵ لە نوسراوێكدا بۆ دادگاكان داوایكرد بەپێی ئەو ماددەی یاسای هەلبژاردن مامەڵە لەگەڵ هەر كەسێكدا بكەن كە دەستدرێژی دەكاتە سەر وێنە و بەرنامەی كاندیدەكانی هەڵبژاردن.

سەرچاوەیەك لە ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە (كەركوك ناو)ی وت هیچ كاندید و لایەنێك سكاڵایان لە كۆمسیۆن تۆمارنەكردووە لەسەر پێشێلكاری، بۆیە هیچ ئامارێك لەسەر ژمارەی پێشێلكارییەكانی بانگەشەی هەڵبژاردن نییە.

 

كێ پۆستەرەكان دەدڕێت؟

فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك، لەكاتی دڕاندن و شێواندنی پۆستەری هەڵبژاردندا هێزەكانیان توانیویانە چەند كەسێك دەستگیربكەن.

"كاتژمێر 5:30 خولەكی بەرەبەیانی سێشەممە 21ی ئەیلول زانیاریمان پێگەیشت چەند كەسێك پۆستەری كاندیدەكانی هەڵبژاردن دەشێوێنن، بۆیە هێزێكی پۆلیسی فریاكەوتن چونە شوێنەكە و توانییان سێ كەس دەستگیربكەن، كە ماتۆڕسكیلێكی سێ تایەیان پێبووە و خەریكی دڕاندنی پۆستەرەكان بون" بەوتەی سەرچاوەیەكی پۆلیس بۆ (كەركوك ناو).

سەرچاوەكە وتی دوای لێكۆڵینەوە لەگەڵ دەستگیركراوەكاندا، دەركەوتووە لەو ناوچانەی دانیشتوانی كەمە و زۆرجار لە چاوی هێزە ئەمنییەكانەوە دورە، پۆستەری بانگەشەی كاندیدەكانیان لێكردۆتەوە.

"دوای لێكردنەوەی پۆستەری كاندیدەكان، ئاسن و راگری پۆستەرەكان پارچە دەكەن و لە بازاڕدا بۆ دەستكەوتنی پارە دەیفرۆشنەوە".

دوای لێكردنەوەی پۆستەری كاندیدەكان، ئاسن و راگری پۆستەرەكان لە بازاڕدا دەیفرۆشنەوە

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا "زۆربەی كات ئەوانەی هەوڵی تێكدان و شێواندنی پۆستەرەكانی هەڵبژاردن دەدەن لە ناوچە چۆڵەكان و بە درەنگانی شەو یان بەرەبەیان ئەو كارە دەكەن و زۆرینەی ئەنجامدەرانیش تەمەن لە خوار 18 ساڵییەوەیە".

كەركوك كراو بە سێ بازنەی هەڵبژاردن و دۆسیەی ئەمنیەتی هەردوو بازنەی یەك و دوو  رادەستی پۆلیسی ناوخۆیی كراوە و بازنەی سێ كە زیاتر ناوچەكانی باشور و باشوری خۆرئاوای كەركوك وەك حەویجە دەگرێتەوە، لای هێزە سەربازییەكانە.

سەرچاوەكەی پۆلیس وتی ئەو كەسانەی دەستگیركراون بەهۆی دڕاندنی پۆستەرەوە رەوانەی نەهێشتنی تاوان كراون تا روبەڕوی دادگا بكرێنەوە.

 

ململانێی توند لە بانگەشەدا

چاودێرانی پرۆسەی هەڵبژاردن پێیانوایە روداوەكانی دڕاندن و شێواندنی پۆستەر بەشێكە لە ململانێی توند و چڕبونەوەی بانگەشەی نێوان كاندید و لایەنە ناكۆكەكان.

"دڕاندنی پۆستەر وەك بەشێك لە ململانێی چڕ و توندی نێوان كوتلە و حزبە سیاسییەكان دادەنرێت" بەوتیە عەلی عەزاوی، چاودێری هەڵبژاردن بۆ (كەركوك ناو).

ئەو دەڵێت زۆربەی ئەو روداوانە لە بازنەی دودا چڕبونەتەوە بەوپێیەی "بۆتە بازنەی كێبڕكێ و ململانێی نێوان عەرەب، كورد و توركمان".

عەزاوی ئاماژەی بەوەدا هۆكارێكی دیكەی شێواندنی پۆستەری هەڵبژاردن ئەوەیە "هەندێك كەس بێكارن و لەو روداوەدا سودمەند دەبێت، چونكە دواتر كاندید و حزب ناچارن پۆستەرەكە دابنێنەوە و بەوەش كەسانی بێكار كرێی كاركردنیان دەستدەكەوێت".

police-3-1-1
كه‌ركوك، 2020، بازگه‌یه‌كی كاتی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ناوشاردا فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

 لە پارێزگای كەركوك كە 13 كورسی پەرلەمانی بەردەكەوێت (كورسییەكی تایبەتە بە كۆتای كریستیان)، 135 کاندید کێبڕکێ دەكەن لە نێویاندا 33 كاندیدیان ژنن.

راغب سلێمان، چاودێری هەڵبژاردن بە (كەركوك ناو)ی وت هۆكارەكانی شێواندنی پۆستەر جیاوازن، بەڵام یەكەمیان سیاسییە بەوپێیەی ململانێ لە نێوان كوتلەكاندا هەیە تا بتوانن باڵانس و دەنگی كاندیدەكانیان لەبەردەم رایگشتیدا بەرزبكەنەوە.

بەبڕوای ئەو حزبە سیاسییەكان گەیشتونەتە ئەو ئاستەی ناكەونە ئەو جۆرە مامەڵە و روداوی وا سادەوە.

راغب سلێمان دەشڵێت "هەندێك گەنج بەهۆی كاریگەری میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەكەونە ناو كەشوهەوای هەڵبژاردنەوە دژی كاندیدی پێكهاتە یان حزبەكانی تر كە بەلای ئەوانەوە خواستراو و قبوڵكراو نیین ئیتر لە هەر نەتەوە یان پێكهاتەیەكی دیكە بێت".

پێشیوایە ئەو روداوانە لە هەموو شارەكانی جیهان هەن بە جۆر و رێژەی جیاواز، "نابێت ئەوەشمان بیربچێتەوە كۆمەڵگەی ئێمە تازەیە بۆ ئەم كردارە (پرۆسەی هەڵبژاردن) دیموكراسییە" سلێمان بەهیوایە كە رۆژ دوای رۆژ پرۆسەكە دەگاتە ئاستێكی بەرزتر و باشتر.

لە كۆی زیاتر لە ملیۆنێك و 600 هەزار دانیشتوی كەركوك، زیاتر لە ملیۆنێك هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە و كە بەسەر 315 بنكەی دەنگدان لە سێ بازنەدا دابەشكراون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT