دەنگدەرانی عیراق، لە هەر نەتەوە و ئایین و مەزهەبێك بن، دەتوانن دەنگ بە كاندیدی كورسی كۆتا بدەن ئەگەر لە سنوری بازنە و پارێزگاكەیاندا هەبون، ئەوەش بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان.
كەمینەی ئایینی و نەتەوەیی تەنیا 9 كورسی كۆتا-یان لە پەرلەمانی عیراق هەیە لە كۆی 329 كورسی.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو) 67 كاندید لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 10ی تشرینی یەكەمی 2021دا كێبڕكێی بەدەستهێنانی ئەو 9 كورسییە دەكەن.
جومانە غولای، وتەبێژی رەسمی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق بە (كەركوك ناو)ی وت بۆ دەنگدەرانی هەردوو پێكهاتەی كریستیان و سابیئەی مەندیئی، تەواوی عیراق كراوە بە یەك بازنەی هەڵبژاردن.
واتە هەموو دەنگدەرێك كریستیان یان هەر نەتەوە و ئایینێكی لەهەر پارێزگایەكی عیراقدا بژیت، دەتوانێت دەنگ بە كاندیدەكانی كریستیان و سابیئەی مەندائی بدات.
كریستیان پێنج كورسی كۆتای لە پشكی پارێزگاكانی بەغداد، هەولێر، كەركوك، نەینەوا و دهۆك بۆ دانراوە، 34 كاندیدی ئەو پێكهاتەیە هەواڵی بەدەستهێنانی دەدەن.
تاكە كورسییەكەی سابیئەی مەندائی لە پارێزگای بەغدایە كە هەشت كەس خۆیان بۆ كاندید كردووە.
وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بۆ (كەركوك ناو) رونیكردەوە هەموو دەنگدەرێك دەتوانێت دەنگ بە كاندیدی كۆتا بدات، "بۆ نمونە كوردێكی موسڵمان یان عەرەبێكی موسڵمان یاخود هەر ئایین و نەتەوەیەك دەتوانن دەنگ بە كاندیدی كۆتا بدەن و بێگومان دەنگەكانیشیان هەژمار دەكرێت".
كورسی كۆتای ئێزیدی دەكەوێتە نەینەوا، ئەو پارێزگایە كراوە بە یەك بازنەی هەڵبژاردن و هەر دەنگدەرێكی نەینەوا دەتوانێت دەنگ بە كاندیدەكانیان بدات كە حەوت كاندیدن.
هەروەها كورسی كۆتای شەبەك لە نەینەوا و كورسی كۆتای كوردی فەیلی لە پارێزگای واستە، كە بە هەمانشێوە دەنگدەرانی نەینەوا دەتوانن دەنگ بە كاندیدەكانی شەبەك و هەر دەنگدەرێكی واسیت دەتوانێت دەنگ بە كاندیدەكانی كوردی فەیلی بدات.
كوردانی فەیلی بە 10 كاندید لە واست و شەبەك بە هەشت كاندید لە نەینەوا بەشدارن.
جومانە غەلای وتی "لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا پشت بە كارتی بایۆمەتری دەنگدان دەبەسترێت، ئەو كارتانەی دیكە ككە لە هەڵبژاردنەكانی رابردودا هەبون و دەنگیان پێدراوە، رەتكراونەتەوە و لەناوبراون".
كارتی بایۆمەتری؛ وێنە و زانیاری دەنگدەری لەسەرە، لەڕێی سیمكارت سەر كارتەكە و پەنجەمۆرەوە بە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكانی دەنگدان و تۆماری دەنگدەرانەوە دەبەسترێتەوە.
لە سەرانسەری عیراقدا بە كەمینەكانیشەوە نزیكەی 25 ملیۆن كەس مافی دەنگدانیان هەیە بەڵام لەو ژمارەیە كەمتر لە 14 ملیۆن كەس تائێستا كارتی بایۆمەترییان وەرگرتووە.