كورد بە ئەگەرێكی زۆرەوە هەر پێنج كورسییەكەی بازنەی یەكی پارێزگای كەركوك بۆ خۆی دەبات ئەگەر بەشێوەیەكی باش مامەڵە لەگەڵ دابەشكردنی دەنگەكانیدا بكات بەسەر كاندیدەكاندا، بەڵام بە پێچەوانەی هەڵبژاردنی رابردوو ئەگەرێكی بەهێزە پارتی دیموكراتی كوردستان یان نەوەی نوێ، كورسی پەرلەمانی لەژێر چنگی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەربهێنن.
لە بازنەی یەك كە نزیكەی 450 هەزار دەنگدەری تیایە و پشكی شێریان كوردن، نۆ كاندیدی حزب و هاوپەیمانێتی كوردی لەگەڵ زیاتر لە 10 كاندیدی سەربەخۆی كورد كێبڕكێی دەكەن بۆ پێنج كورسی، لەگەڵ دەیان حزب و كاندیدی عەرەبی و توركمانی.
ئەوەش لەكاتێكدایە لە بازنەی دووی كەركوك كە بە ئاڵۆزترین بازنەی پارێزگاكە دادەنرێت كورد چاوی لەوەیە كورسییەك یان لە باشترین حاڵەتدا دوو كورسی بۆ خۆی یەكلاییبكاتەوە لە كۆی چوار كورسی لەو بازنەیە. بۆ ئەوەش پێنج كاندیدی حزب و هاوپەیمانێتی كوردی و چەند كاندیدێكی سەربەخۆی كورد لە كێبڕكێدان. هاوشان یدەیان كاندیدی نەتەوەكانی تر.
پارێزگای كەركوك، بۆ هەڵبژاردنی تشرینی یەكەمی 2021، بەسەر سێ بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكراوە و 130 كاندید 56یان سەربەخۆن كێبڕكێی بەدەستهێنانی 12 كورسی دەكەن.
پێنج لەو 12 كورسییە بۆ بازنەی یەك تەرخانكراوە كە ناوچە كوردنشینەكان دەگرێتەوە، چوار كورسی بۆ بازنەی دوو كە قەزای داقوق و بەشێك لە ناوەندی شار دەگرێتەوە و دەنگدەرەكانی تێكەڵەیەكن لە هەرسێ نەتەوە سەرەكییەكەی كەركوك (عەرەب، كورد و توركمان).
هەرچی بازنەی سێیە، سێ كورسی هەیە و بۆ پێكهاتەی عەرەب یەكلاییبۆتەوە كە قەزای حەویجە و ناحییەكانی رەشاد، مولتەقا، زاب، عەباسی و ریاز دەگرێتەوە و لایەنی كوردی تەنیا نەوەی نوێ كاندیدی لەو بازنەیەدا هەیە.
شاخەوان عەبدوڵا، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی یەك، پێیوایە ئەم سیستمی هەڵبژاردنە لە كەركوك لە بەرژەوەندی كورد نییە، وتی "دەنگەكانمان وەكو كورد پەرتبووە بەسەر سێ بازنەكەدا، بازنەكان تێكەڵەیەكن لە دەنگدەری نەتەوەكان و بونی سێ بازنەیی وایكردووە لە هەندێك ناوچە وەكو كورد سود لە دەنگەكانمان نەبینین".
بونی سێ بازنەیی وایكردووە لە هەندێك ناوچە وەكو كورد سود لە دەنگەكانمان نەبینین
لە هەڵبژاردنی 2018دا كورد ژمارەی كورسییەكانی لە هەشت كورسییەوە بۆ شەش كورسی دابەزاند و ترسی هەیە بەهۆی سیستمی نوێی هەڵبژاردنەوە كە عیراق بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردندا دابەشكراوە، جارێكی تر كورسیییەكانی لە كەركوك كەمبكات.
بەڵام لەگەڵئەوەشدا شاخەوان عەبدوڵا وتی "كەوتۆتە سەر ئەوەی هەر حزبە و چۆن مامەڵە لەگەڵ كاندید و دەنگەكانیدا دەكات".
پارتی لە بازنەی یەك تەنیا یەك كاندیدی هەیە، ئەوەش كاریگەری نابێت بەسەر پەرتكردنی دەنگەكانی خۆی وەكو حزب، بۆیە چاوی لە كورسییەكی ئەو بازنەیەیە و دەیەوێت كورسییەكی بازنەی دووش لەڕێی سیستمی كۆتای ژنانەوە بۆ خۆی مسۆگەر بكات، بۆ ئەوەش تەنیا یەك كاندیدی هەیە.
"ئێمە وەک پارتی بە وردیی و ژیرانە بەشداریمان کردووە و مامەڵەمان لەگەڵ دەنگەكانماندا كردووە، دەمانەوێت دوو كورسی ببەین، یەكێك لە بازنەی یەك و ئەوەی تر لە بازنەی دوو"، شاخەوان وایوت.
هاوپەیمانی كوردستان كە لە هەریەكە لە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان پێكهاتووە، چاوی لەوەبوو هەر پێنج كورسییەكەی بازنەی یەك و كورسییەك یان دوو كورسی بازنەی دووەمیش ببات، بەڵام كێشەی ناوخۆی یەكێتی و و زۆری كاندیدەكانی وایكردووە ترسی لەدەستدانی شەش كورسییەكەی هەڵبژاردنی رابردوی هەبێت.
لە بازنەی یەك لە پێنج كورسی پەرلەمانیدا-دا دەنگەكانی هاوپەیمانی كوردستان بۆ شەش كاندید دەڕوات، ئەوەش دوای سوربونی ئاڵا تاڵەبانی كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان لە بەشداریكردنی لەو هەڵبژاردنەدا، هەرچەندە لەلایەن حزبەكەیەوە دورخراوەتەوە و لەبری ئەو، یەكێتی پشتیوانی دیلان غەفور پەرلەمانتاری یەكێتی و كاندیدی سەربەخۆ دەكات لەو بازنەیە.
"ئەو پەرتبونەی دەنگەكانی یەكێتی و گۆڕان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی كوردستاندا لە بەرژەوەندی كاندیدەكانی پارتی دیموكرات و نەوەی نوێدایە، چونكە ئەوان یەك كاندیدیان هەیە و ئەگەری زۆرە لە رێزبەندی پێنج كاندیدی بازنەكەدا هەر پێنجی لە هاوپەیمانی نەبن، لەوكاتەدا هەموو كورسییەكان بۆ هاوپەیمانی نابن"، لێپرسراوێكی یەكێتی لە دەزگای هەڵبژاردنی ئەو حزبە وای بە (كەركوك ناو) وت.
بەپێی سیستمی نوێی هەڵبژاردن كورسییەكان بەپێی زۆرترین دەنگی كاندید لەو بازنەیە دابەشدەبن.
ئەو لێپرسراوەی یەكێتی، كە لەبەر دۆخی ناوخۆیی ناو حزبەكەی بە باشی نەزانی ناوی ئاشكرابكرێت. وتی "كێشەی ناوخۆیی یەكێتی وایكردووە لە بازنەیەكی پێنج كورسیدا دەنگەكانمان بەسەر شەش كاندید-دا دابەشبێت... لە خراپترین حاڵەتدا وەكو هاوپەیمانی كوردستان دوو كورسی لەو بازنەیە لەدەستدەدەین و لە باشترین حاڵەتیشدا هەر پێنج كورسییەكە دەبەین".
كێشەی ناوخۆیی یەكێتی وایكردووە لە بازنەیەكی پێنج كورسیدا دەنگەكانمان بەسەر شەش كاندید-دا دابەشبێت
بەڵام ئەو جەختیكردەوە لەوەی "هەر چۆنێك بێت هەموو كورسییەكانی بۆ بازنەیە كورد دەبن، لە بازنەی دووش چاومان لەوەیە كورسییەك یان دووان ببەین وەكو كورد".
لە بازنەی دوی كەركوك كە چوار كورسی بۆ دانراوە، 56 كاندید هەن، كورد پێنج كاندیدی حزب و هاوپەیمانێتییەكانی لەو بازنەیەدا هەیە لەگەڵ چەند كاندیدێكی سەربەخۆ.
مەحمود هاوتا، گەنجێکی دانیشتوی گەڕەكی رەحیماوایە لە كەركوك، وتی "بۆیە دەچم دەنگدەدەم تا بوار بۆ ساختەكاری هەندێك لایەن نەهێڵمەوە، بەڵام پێموانییە کورد لە شارەکە وەک رابردوو دەنگبهێنێت، دەمی هەركەسیك دەكەیتەوە دەڵێت دەنگدان سودی چییە و چی لە ژیانی ئێمە دەگۆڕێت".
ئەو دەڵێت ئەگەر وابێت كورد كورسییەكانی لە كەركوك كەمدەكات.
بەڵام عەلی محەمەد، لە گەڕەكی شۆڕیجە دادەنیشێت، یەكەم هەڵبژاردنە لە دوای ساڵی 2005ەوە بڕیاریداوە بەشداری هەڵبژاردن نەكات. ئەو وتی "لایەنە کوردییەکان هەموو هەڵبژاردنێك ئەوەیان بە گوێی دەنگداران-دا داوە کە دەنگیان پێبدەن خزمەتی شارەکە دەکەن، بەڵام هیچ خزمەتێکی ئەو تۆ بە شارەکە نەکراوە".
یەكێك لە گەورەترین گرفتەكانی كەركوك لە ئێستادا كەڵەكبونی خۆڵ و خاشاكە، كەمی خزمەتگوزاری رێگاوبان و بڕی پێدانی كارەبایە.
شارهوانی كهركوك، لە توانایدایە رۆژانە 300 تەن لە خاشاكی ناو شار هەڵبگرێتەوە، لەكاتێكدا هاوڵاتیان رۆژانە نزیكەی ههزار و 200 تەن خاشاك فڕێدەدەن.
عەلی پرسی "دەنگدان سودی چی بوو بۆ خزمەتگوزاریی، بۆ پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیان و زامنكردنی مافە نەتەوەییەكانمان؟".
بەڵام چنار چالاك (20 ساڵ)، خوێندكاری زانكۆی كەركوك، دەڵێت "مافێكی یاسایی هەر هاوڵاتییەكە بەشداری هەڵبژاردن بكات... بایكۆت خزمەت بە كەس ناكات، دەنگدان دەبێتە فشار لەسەر ئەو هێزانەی ساڵانێكە هێزی یەكەمن و خزمەت ناكەن تا بەخۆیاندا بچنەوە".
لەگەڵ ئەو نیگەرانیانەشدا لەسەدا 87 دەنگدەرانی كەركوك كارتی دەنگدانیان وەرگرتۆتەوە، ئەوەش لە زۆر پارێزگای عیراق باشترە.
لە پارێزگای كەركوك ملیۆنێك و زیاتر لە 75 هەزار دەنگدەر هەیە.
هەرسێ نەتەوە سەرەكییەكەی شارەكە نەیانتوانیوە لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەكی نەتەوەییدا بەشداری ئەم هەڵبژاردنە بكەن و لەناو خۆیاندا گرفتیان هەیە، ئەوەش وایكردووە پێشبینی بۆ دابەشكردنی كورسییەكان بەسەر لایەن و كاندیدەكاندا قورس بێت.
محەمەد نەسرەدین، کاندیدی هاوپەیمانی كوردستان لە بازنەی یەك، وتی "دروستکردنی هاوپەیمانی لە نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی بۆ دروستکردنی یەکڕیزی لایەنی کوردی بوو لە کەرکوک. ئێمە دەمانەوێت لە كەركوك پێگە و سەنگی هەڵبژاردنەکانی پێشوتر لە دەستنەدەین".
ئەو پێشبینی كرد، كورد هەر پێنج كورسیییەكەی بازنەی یەك و لانیكەم دوو كورسی بازنەی دوو ببات.
"بەدەستهێانی کورسی زیاتر مانەوە و پێگەی کورد لە شارەکە مسۆگەر تر دەکات"، محەمەد نەسرەدین وای وت.