كاكەییەكان بۆ جارێكی تر چانسی خۆیان تاقیدەكەنەوە بۆ گەیشتن بە پەرلەمانی عیراق، ئەوەش لەڕێی سێ كاندید لە سێ حزبی جیاوازی كوردی-دا لە هەردوو پارێزگای كەركوك و نەینەوا.
هەریەكە لە نەجوە حەمید، کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی دووی کەرکوک، هەژار رەشید كاندیدی حزبی سیۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە هەمان بازنە و ئەحلام رەمەزان، کاندیدی هاوپەیمانی كوردستان لە پارێزگای نەینەوا، ئەو سێ كەسایەتییە كاكەییەن كە دەیانەوێت بۆ یەكەمجار دوای بەڕێكردنی چوار خولی پەرلەمانی، كورسییەك بۆ پێكهاتەی ئایینی كاكەیی لە پەرلەمانی عیراق بەدەستبهێنن.
نەجوە حەمید، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمەی كاكەیی دەنگەكانمان بەسەر بازنە و پارێزگا و دواتریش حزبەكاندا دابەش و پەرتەوازە بووە، هەرچەندە لە هەموو هەڵبژاردنەكاندا بەشدارییەكی باش دەكەین لە دەنگدان، بەڵام چوار خولە نەمانتوانیوە كورسی پەرلەمانی لە عیراق بەدەستبهێنن".
ئەو هیوادارە ئەمجارە بتوانن بۆ یەكەمجار نوێنەرێكی كاكەیی بگاتە پەرلەمانی عیراق.
لەكاتێكدا كەمینەكانی عیراق لە كریستیان، ئێزیدی، شەبەك، كوردی فەیلی و سابیئە و مەندائی لەڕێی كورسی كۆتاوە دەگەنە پەرلەمانی عیراق، بەڵام كاكەیی وەك كەمینەیەكی ئایینی ئەو مافەی نییە.
ههرچهنده بهردهوام له نێو لیست و قهوارهكاندا كاندیدی كاكەیی بونی هەیە، بهڵام دهنگی پێویستیان بهدهستنههێناوه بۆ گەیشتن بە پەرلەمان.
ئەحلام رەمەزان، كاندیدی هاوپەیمانی كوردستان لە نەینەوا، وتی "ئەگەر تەنیا كاكەیی دەنگم پێبدات، ئەوە بەدڵنیاییەوە دەرناچم، چونکە کاکەییەکانی نەینەوا ژمارەیان ئەوەندە نییە كێبڕكێی نەتەوەكانی تر بكەن بۆ گەیشتن بە پەرلەمان". وتیشی "هۆكارێكی تر ئەوەیە دەنگدەری كاكەییەكان بەسەر حزبە سیاسییەكاندا دابەشبون".
كاکەییەکان لە چەندین ناوچهی عیراقدا دەژین، جگه له نهینهوا، بە زۆرى لە کەرکوک، هەڵەبجە، ههولێر، خانەقین و چهند شوێنێكی تری دیاله نیشتەجێن، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەیان بە 100 هەزار کەس مهزندهدهكرێت.
كاكهیی چهندین مهزاری ئایینییان له كهركوك، نهینهوا و ههڵهبجه ههیه، بهڵام هێشتا ئایینهكهیان لە دەستورى عیراقدا بەفەرمى نەناسراوه.
زیاد فەهد، کەسایەتی کاکەیی لە سنوری قەزای داقوق، وتی هەرچەندە بەردەوام كاندیدی كاكەیی هەیە، بەڵام بەسەر حزبەكان بەتایبەت یەكێتی و پارتیدا دابەشبون، بۆیە "كاندیدەكانمان تەواوی دەنگی كاكەییەكانیان بەدەستنەهێناوە".
"تاكە چارەسەر ئەوەیە سیستمی كۆتامان هەبێت، هەر وەكو نەتەوە و ئایینەكانی تری عیراق، یان لە یاسای هەڵبژاردندا، بڕگەیەك جێگیر بكرایە تایبەت بە كاكەییەكان بەشێوەیەك عیراق یەك بازنەی هەڵبژاردن بوایە تا هەموو دەنگدەرانمان لە عیراق بیانتوانیایە دەنگ بە كاندیدە كاكەییەكان بدەن"، زیاد فەهد وایوت.
تاكە چارەسەر ئەوەیە سیستمی كۆتامان هەبێت، هەر وەكو نەتەوە و ئایینەكانی تری عیراق
كاكهییهكان زیاد له جارێك ههوڵیانداوه كورسی كۆتایان بۆ تهرخانبكرێت، دوایینیان له كۆتاییهكانی 2019دا بوو، بهڵام جارێكیتر بێئومێد بون.
ئهڵماس فازڵ، ئهندامی لیژنهی یاسایی له پهرلهمانی عیراق ئهوكات به (كهركوك ناو)ی وت "بهداخهوه كۆتای كاكهیی دهنگی پێویستی له لیژنهی یاساییدا بەدەستنههێنا، چونکە له كۆی 15 كهس چوار كهس دهنگیان پێدا، بۆیه نهخرایه بهرنامهی كاری پهرلهمانهوه تا له چوارچێوهی یاسای ههڵبژاردندا دهنگی لهسهر بدرێت".
زیاد فەهد وتی "یەكێكین لەو كەمینانەی عیراق كە زوڵممان لێدەكرێت، لەكاتێكدا قوربانی زۆرمان بۆ عیراق داوە و شەهیدمان هەیە و گوند و خانوەكانمان لە سەردەمە جیاوازەكاندا روخێنراون".
ئەحلام رەمەزان، تاكە كاندیدی كاكەیی لە پارێزگای نەینەوا، وتی "ئەگەر بگەمە پەرلەمان هەوڵدەدەم كورسی كۆتا بۆ كاكەییەكان دەستبەربكەم، لەگەڵ خزمەتكردنی خەڵكی ئەو بازنەیەی دەنگم پێدەدەن".
مام عەزیز، كەسایەتی كاكەیی ناسراو بە (ئەبو خەنجەر) لە كەركوك، دەڵێت دوای تەواوبونی هەر هەڵبژاردنێك "هەست بە خەمباری دەكەم كاتێك دەبینم كاندیدە كاكەییەكان دەرنەچون".
"بە پەرۆشم بۆ ئەوەی كاكەییەكان یەكبگرن، یەك دەنگ بن و حزبایەتی پەرتەوازەمان نەكات، چونكە تەنیا نوێنەری كاكەیی لە ئازاری كاكەییەكان تێدەگات"، مام عەزیز وایوت.