لە 12 حزبی توركمانی هەولێر، هیچ یەكێكیان كاندیدی بۆ پەرلەمانی عیراق نییە و لە بری كێبڕكێی هەڵبژاردن، هاوشێوەی چوار خولی رابردوو زۆرینەیان پشتگیریی لایەنی سیاسی دیكە دەكەن.
پارێزگای هەولێر بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی 10ی تشرینی یەكەمی 2021، بە 44 كانديدى حزبی و سەربەخۆوە دەچێتە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە بۆ دیاریكردنی براوەی 15 كورسی پشكی پارێزگاكە لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی عیراق، كە بەسەر چوار بازنەدا دابەشكراوە.
لە نێویاندا كاندیدەكانی هەولێر تەنیا سێ توركمان هەن، ئەوانیش لە بەرەی توركمانی عیراقین كە لە ساڵی 2010ـەوە بارەگای لە هەرێمی كوردستان و بە دیاریكراوی لە پایتەختی هەرێم كردۆتەوە.
ریحاب تۆفیق، كاندیدی بەرەی توركمانی لە هەولێر دەڵێت حزبەكەی لە هەڵبژاردنی رابردودا نەیتوانی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت لەكاتێكدا پارێزگاكە یەك بازنەی هەڵبژاردن بووە، بەڵام ئێستا بۆتە چوار بازنە و چانسی دەرچونیان هێندەی دیكە "لاواز" بووە.
"لەگەڵ ئەمەشدا بێ هیوا نین و كار دەكەین بۆ بەدەستهێنانی كورسییەك" ریحاب وای وت.
لە چوار خولی رابردوشدا بەرەی توركمانی تاكە حزب بووە لە هەولێرەوە كاندیدی هەبێت و نەیتوانیووە كورسی بەدەستبهێنێت بەڵام 12 حزبەكەی دیكەی توركمانی هەولێر هەر بەشدار نەبون.
لەكاتێكدا ئەو 12 حزبە زۆرینەیان لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا بەشداری دەكەن كە پێنج كورسی كۆتایان بۆ دانراوە.
بڵند شێرزاد، سەرۆكی پارتی رزگاری نەتەوەیی توركمانی لە هەولێر بە (كەركوك ناو)ی وت دەخوازن لە پەرلەمانی عیراقیش كورسی كۆتایان بۆ تەرخانبكرێت، تا بتوانن بەشداری هەڵبژاردن ببن، بۆ ئەوەش داوایان لە هاوپەیمانەكانیان كردووە هەوڵیان بۆ بدەن بەڵام سودی نەبووە.
لە عیراق تەنیا 9 كورسی كۆتا هەیە كە پێنجیان بۆ كریستیان و هەریەك لە ئێزیدی، شەبەك، سابیئەی مەندائی و كوردی فەیلی یەكی كورسییەكیان هەیە.
"ململانێ و كێشە لە نێوان لایەنە توركمانییەكانی هەولێر هۆكار بووە نەتوانین هاوپەیمانییەك پێكبهێنین و كاندیدێك بە هاوبەشی دابنێین" بەوتەی بڵند شێرزاد.
هەروەها وتی "دەستی دەرەكی كاریگەری كردۆتە سەر ماڵی توركمانی" دەڵێت ئەوان پشتگیرییان نییە و تەنانەت چەندینجار داوای كردنەوەی كەناڵێكی ئاسمانییان لە وەزارەتی رۆشنبیری هەرێم كردووە بەڵام جێبەجێنەكراوە.
توركمان لە عیراق بەبێ كۆتا توانییان هەشت كورسی خولی چوارەمی پەرلەمانی عیراق بەدەستبهێنن كە سێ كەسیان لە پشكی پارێزگای كەركوكە.
ململانێ و كێشە لە نێوان لایەنە توركمانییەكانی هەولێر هۆكار بووە نەتوانین هاوپەیمانییەك پێكبهێنین
بەرەی توركمانی جگە لە شەش كاندیدی لیستەكەی خۆی لە هەولێر و نەینەوا و چەند ناوچەیەكی تر، سەرۆكایەتی هاوپەیمانییەكی حزبە توركمانییەكانی كەركوك و سەڵاحەدینيش دەكات بە نۆ كاندید.
فكرەت سابیر لەتیف، لێپرسراوی هۆبەی هەڵبژاردنی بەرەی توركمانی لە هەولێر دەڵێت ئەوان لەگەڵ ئەوەدانین كۆتا بۆ توركمان لە عیراق دابنرێت، چونكە پێیانوایە بونی كۆتا بە مانای بچوككردنەوەی قەبارەی توركمان دێت و دەبنە كەمینە لەكاتێكدا ئەوان خۆیان بە نەتەوەیەكی سەرەكی دادەنێن.
بەرەی توركمانی هەرچەندە دژی دانانی كۆتایە بۆ توركمان لە بەغدا بەڵام پشتگیری كۆتای پەرلەمانی كوردستان دەكات و دەڵێت بارودۆخیان لە هەرێمی كوردستان بەراورد بە عیراق باشترە، "لێرە وەزیر و سكرتێری پەرلەمان لە توركمانە و داوامانكردووە كورسی كۆتاش زیادبكرێت".
لە هەولێر زیاتر لە ملیۆنێك و 200 هەزار دەنگدەر هەن بەڵام هیچ ئامارێكی رەسمی نییە ژمارەی دەنگدەرانی توركمان لەو ژمارەیە جیابكاتەوە كە پێكهاتەیەكی رەسەنی پارێزگاكەن.
فكرەت سابیر دەڵێت بەپێی ئاماری ئەوان 350 هەزار توركمان لە هەولێر هەن و ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە بەهۆی نەبونی كاندیدی حزبە توركمانییەكانەوە بەشێكیان بەشداری هەڵبژاردن ناكەن.
هەرچەندە 12 حزبە توركمانییەكەی خۆیان كاندیدیان نییە بەڵام وەك خولەكانی رابردودا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەش پشتگیری خۆیان بۆ لایەنێكی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان نیشاندا.
سەرۆكی پارتی رزگاری نەتەوەیی توركمانی دەڵێت ئەگەر حزبەكان كاندیدیشیان هەبێت دەرناچێت و دەنگەكان دەفەوتێن، چونكە زۆرێك لە دەنگدەرانی توركمان دەنگیان بەسەر لایەنەكانی دیكەی هەرێمدا دابەشبووە، "ئەوانەیشی لەسەر حسابی توركمان دەچنە پەرلەمانی عیراق ناتوانن نوێنەرایەتی توركمان بكەن و نوێنەری حزبن نەك نەتەوەی توركمان" بڵند شێرزاد وادەڵێت.
توركمان جگە لە هەولێر، بە زۆری دەكەونە ناوچەكانی كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین.
"بەرەی توركمانیش هەر بۆ بەرزكردنەوەی مەعنەویاتی خۆیان كاندیدیان داناوە ئەگەرنا ئەوانیش ناتواتن لە هەولێر كورسی بەدەستبهێنن" بەوتەی ئەحمەد سەید یەعقوب، چالاكوانی توركمان بۆ (كەركوك ناو)، كە پێیوایە حزبەكانی دیكەش دەبوو لانیكەم ئەگەر بۆ دەرخستن و ناساندنی حزبەكانیشیان بوایە كاندیدیان هەبێت.
بێ ئومێدی ئەو چالاكوانە لەوەوەیە "حزبی توركمانی زۆر بووە و زیاتر لە 20 حزب دەبن لە عیراق، ئەمەش وایكردووە دەنگی توركمان پەرت بن، تەنانەت ئەگەر لە هەرێمی كوردستانیش كۆتا نەبێت ناگەنە پەرلەمانی كوردستان".
لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2021ی عیراق، سیستەمی فرەبازنە پەیڕەو دەكرێت و لە سەرانسەری وڵاتیشدا 25 ملیۆن هاوڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە.