پەیامێك بۆ پارتی دەنێرێت
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال: بە شەڕیش رێگەنادەین پارتی بگەڕێتەوە

نەینەوا/ 2ی تشرینی یەكەمی 2021/ هێزەكانی نزیك لە پەكەكە و حەشدی شەعبی و لایەنگرانیان رێگریدەكەن لە گەڕانەوەی پارتی بۆ شنگال. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال و فەوجێكی حەشدی شەعبی، رێگریانكرد لە گەڕانەوەی وەفدێكی پارتی دیموكراتی كوردستان و كاندیدەكانی ئەو حزبە بۆ شنگال، لە پەیامێكیشدا هێزەكانی نزیك لە پەكەكە لە شنگال جەختدەكەنەوە لەوەی "ئەگەر هەر سوربن لەسەر گەڕانەوەتان، ئەوە شەڕتان لە دژ دەكەین".

سەرلەبەیانى ئەمڕۆ شەممە، 2ی تشرینی یەكەم، وەفدەكەی پارتی كە لە لێپرسراوانی لقی شنگال و سێ كاندیدی ئەو حزبە و دەیان كادیری هەمان لق پێكهاتبون، لە دهۆكەوە بەرەو قەزای شنگال بەڕێكەوتن بە مەبەستی ناساندنی كاندیدەكانیان و رێكخستنی ئاهەنگێكی جەماوەری بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵام لەلایەن ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگالەوە رێگرییان لێكرا.

ئیدریس زۆزانى، لێپرسراوى بەشى راگەیاندن لە لقى 17ى پارتى لە شنگال – لەدوای 16ی ئۆكتۆبەری 2017-ەوە لە دهۆك دەوامدەكەن. بە (کەرکوک ناو)ى وت "ئامانج لە سەردانەکەمان ناساندنى کاندیدەكانی پارتى بوو لە شنگال و بەشداریکردن بوو لە ئاهەنگى جەماوەرى پارتى لەو قەزایە، بەڵام زۆر بەداخەوە پەکەکە و لایەنگرانى رێگەیان نەدا شاندەکەمان بچێتە شنگال".

ئیدریس زۆزانی وتیشى "لەکاتى رێگریکردن لە شاندەکە بە تەلەفون لەگەڵ لێپرسراوانی ئەمنی شنگال و نەینەوا قسەمان كرد، بەڵام دیاربوو هیچ سودێكی نەبوو، بۆیە شاندەکەمان لەسەر بڕیاری مەکتەبى سیاسى پارتى گەڕاینەوە بۆ دهۆک، ئەوەش لەبەرئەوەى نەمانویست هیچ شەڕ و ئاڵوزییەك دروستبێت، یان خوانەخواستە چەند کەسێک بکوژرێن یان برینداربن، ئێمە دژى شەڕى براکوژین بۆیە بە شێوەیەکى ئاشتییانە گەڕاینەوە".

shngal-26
نەینەوا/ 2ی تشرینی یەكەمی 2021/ ساتی رێگریكردن لە گەڕانەوەی پارتی بۆ شنگال. فۆتۆ: كەركوك ناو

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر لەلایەن ژمارەیەك لایەنی ئێزیدی و عەرەبی و پێكهاتەكانی تری شنگال دامەزراوە و به‌ نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) هه‌ژمارده‌كرێن.

پێكهێنانی ئەنجومەنەكە ئامانج لێی دروستكردنی ئیدارەیەك بوو بۆ قەزای شنگال، لەوانەش دانانی قایمقام و بەڕێوەبەری ناحییەكان، هەرچەندە لە ئێستادا خۆیان ئیدارەی شنگال دەدەن، بەڵام هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ بەڕەسمی دانیانپێدا نانێن.

حەسۆ ئیبراهیم، جێگرى ئەنجومەنى خۆبەڕێوەبەری شنگال، بە (كەركوك ناو)ی وت "پێشئەوەى شاندى پارتى سەردانى شنگال بكەن، ئێمە بەڕەسمى هەموو لایەکمان ئاگادارکردوە لەوەی بەهیچ شێوەیەک نابێت شاندى پارتى سەردانى شنگال بکات، یان بانگەشەى هەڵبژاردن لەناو قەزایەکەدا بکات، چونكە هیچ کەسێک لە شنگال قبوڵناكات پارتى بگەڕێتەوە بۆ شنگال...".

لەبارەی ئەوەی ئایا رێگرییەكەی ئەمڕۆ شەممە، بە بڕیاری ئەوان بوو؟ حەسۆ ئیبراهیم وتی "بەڵێ رێگریمان لە شاندەكەی پارتی كرد و ئەوان نابێت پێ بنێنە شنگالەوە".

جەختیشیكردەوە "ئەگەر بە ئاشتیی و خۆشى نەدەگەڕانەوە دهۆك و هەر سوردەبون لەسەر ئەوەى بێنە ناو شنگالەوە، ئەوا شەڕمان لەگەڵ دەکردن و رێگانادەین بێنە ناو قەزاكەوە، ئەمە پەیامێکە حەزدەکەین هەموو لایەک بزانێت تا دواجار پەشیمان نەبێتەوە".

ئەگەر بە ئاشتیی و خۆشى نەدەگەڕانەوە دهۆك و هەر سوردەبون لەسەر ئەوەى بێنە ناو شنگالەوە، ئەوا شەڕمان لەگەڵ دەکردن

كێشەی نێوان هێزەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) لە شنگال و پارتی دیموكراتی كوردستان، مێژوەكەی بۆ ناكۆكی قوڵی نێوان پارتی و پەكەكە دەگەڕێتەوە، بەڵام لە دوای هاتنی چەكدارانی پەكەكە بۆ شنگال و دروستكردنی هێزی سیاسی و ئەمنی بۆ ئێزیدییەكان و بەشداریكردنیان لە دەركردنی داعش لەو قەزایە لە كۆتایی 2015دا، كێشەكانیان زیاتر قوڵبۆتەوە.

پەكەكە، پارتی بە "رادەستكردنی ئێزیدییەكان و خاكەكەیان بە داعش" تۆمەتبار دەكات و پارتیش پێوایە هێزەكانی نزیك لە پەكەكە هۆكارن بۆ ئاڵۆزی دۆخی ئەمنی شنگال و "رێگری دەكەن" لە گەڕانەوەی ئێزیدییەكان بۆ زێدی خۆیان.

روداوەكەی ئەمجارەش هاوكاتە لەگەڵ نزیكبونەوەی هەڵبژاردنەكانی 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، كە پارتی لە شنگال سێ كاندیدی ئێزیدی هەیە و چاوی لە دەنگی ئێزیدییەكانە بۆ زیادكرنی كورسییەكانی. هێزەكانی نزیك لە پەكەكەش لە شنگال، لەوانەش سەرۆکى پارتى ئازادیى و دیموکراتى ئێزدییان ناسراو بە (پادێ) كاندیدێكیان لەو قەزایە هەیە.

لەبارەی ئەوەی بۆچی رێگریی لە پارتی دەكەن بگەڕێنەوە شنگال، عومەر ساڵح، سەرۆکى پارتى ئازادیى و دیموکراتى ئێزدییان ناسراو بە (پادێ) بە (کەرکوک ناو)ى وت "لە دەروازى گۆهبەل لە نێوان دهۆك و شنگال، بە شاندەكەی پارتیمان وت: ئێوە بۆچی رێگەنادەن کاندیدەکانمان لە دهۆک و زاخۆ بانگەشەى خۆیان بکەن، ئێمەش ناهێڵین لە قەزاى شنگال بانگەشە بۆ کاندیدەکانتان بكەن".

پادێ، كە بە نزیك لە پەكەكە دادەنرێت و كاندیدێكی ئێزیدی بۆ شنگال هەیە لە دەرەوەی كورسی كۆتا و چاوی لەوەیە كورسییەك بۆ ئێزیدییەكان بەدەستبهێنن.

عومەر ساڵح، جەختیشیكردەوە لەوەی رێگرییەكە لەلایەن ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، پادێ و لایەنگرانی  یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)وە كراوە.

یەبەشە، هێزێكی سەربازی بە نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دادەنرێت و زۆرینەی چەكدارەكانی ئێزیدین، بەشێكی زۆریان لە چوارچێوەی دەستەی حەشدی شەعبی عیراقدا جێكراونەتەوە و دامەزرێنراون.

خودێدا چوکى، بەڕێوەبەرى ناحیەى سنونێ – سەر بە ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال-، جەختیكردەوە لەوەی "فەوجی 8ی حەشدی شەعبیش بەشداربون لە رێگریكردن لە شاندەكەی پارتی".

فەوجی 8ی حەشدی شەعبیش بەشداربون لە رێگریكردن لە شاندەكەی پارتی

شەڕڤانانی یەبەشە، پێكهێنەری سەرەكی فەوجی 8ی حەشدی شەعبین و لە 16ی ئابی رابردوو، فەرماندەی ئەو فەوجە، بە ناوی سەعید حەسەن، كە هاوكات یەكێك بوو لە فەرماندەكانی یەبەشە، لە نێو ئۆتۆمبێلێكدا لە ناوەندی شنگال لەگەڵ پێنج كەسی تردا كرایە ئامانجی بۆردومانێكی توركیا و بەهۆیەوە  ئەو و كەسێكی تر كە برازایەتی كوژران و سیانی تر برینداربون.

خودێدا زیاتر وتی "رێگرییەکە لە پارتی دیموكراتی كوردستان لەلایەن پەکەکەوە نەبووە، وەک هەندێک لە بەرپرسانى پارتى دەڵێن... پەکەکە لە شنگال نییە، بەڵكو لە قەندیلە".

ئیدریس زۆزانی، لێپرسراوی راگەیاندنی لقی 17ی پارتی، بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "لە دژى ئەو رێگرییەی پەكەكە رێکارى یاسایى دەگرینەبەر و بەڕەسمى کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان ئاگاداردەکەینەوە، چونكە ئەوە پێشێلكارییە بەرامبەر بە بانگەشەی حزبمان".

لە دژى ئەو رێگرییەی پەكەكە رێکارى یاسایى دەگرینەبەر

"بەداخەوە لێپرسراوانی ئەمنى عیراق و نەینەواش نەیانتوانى رێگرىیەكەی پەكەكە بوەستێنن"، ئیدرسی وای وت.

بەپێی یاسای هەڵبژاردن، هەر كەسێك هێرشبكاتە سەر هۆكارەكانی بانگەشەی رێگەپێدراو، ئەوا زیندانی دەكرێت كە لە مانگێك كەمتر نەبێت و لە ساڵێك زیاترنەبێت، یان غەرامە دەكرێت لە نێوان ملیۆنێك بۆ پێنج ملیۆن دینار. بەڵام هێشتا رون نییە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو كەیسەی شنگالدا دەكات.

ئیدریش زۆزانی وتی "جارێ ناتوانین بڵێین جارێکى تر هەوڵدەدەینەوە بگەڕێینەوە شنگال".

ئەوە یەكەم هەوڵی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو بۆ شنگال، لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، كاتێتك هێزە عیراقییەكان بۆ تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك گەڕانەوە و هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێمیش پاشەكشێیان كرد، هەروەها رێكخستنەكانی پارتیش لە تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك بارەگاكانیان چۆڵكرد.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT