دەرگای بنكەكانی دەنگدان بەڕوی دەنگدەرانی تایبەتدا لە سەرتاسەری عیراق كرانەوە و یەك ملیۆن و 196 هەزار و 524 كەس دەنگدەدەن، كە دابەشبون بەسەر هێزە ئەمنی و سەربازییەكان، ئاوارەكان، بەشێك لە زیندانیان.
پرۆسەی دەنگدانی تایبەت كاتژمێر 7ی بەیانی هەینی 8ی تشرینی یەكەم بەڕێوەچوو و بڕیارە تا كاتژمێر 6ی ئێوارەی هەینی بەردەوامبێت.
بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق، یەک ملیۆن و 75 هەزار و 727 کەس لە هێزە ئەمنییەكان لە دەنگدانی تایبەتدا بەشدارن، لەگەڵ 120 هەزار و 126 كەس لە ئاوارەكان كە زۆرینەیان لە هەردوو پارێزگای دهۆك و هەولێرن، هەروەها 671 كەس لە زیندانیانی چەند پارێزگایەكی عیراق.
بەپێی پەیامنێرانی (كەركوك ناو) لە ناوچەكانی جێناكۆك لە سەرەتای كردنەوەی بنكەكانی دەنگداندا، دەنگدەرێكی كەم بەشداربون و وردە وردە بنكەكان قەرەباڵغ دەبن. چواردەوری بنكەكانیش بە هێزی ئەمنی تەنراون.
لە دەنگدانی تایبەتدا بە بڕیاری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كارتی دەنگدان لە هێزە ئەمنییەكان و ئاوارەكان وەردەگیرێتەوە، ئەوەش لە پێناو رێگریكردن لە ساختەكاریی و دوبارە دەنگدان، هەروەها بردنە ژورەوەی مۆبایلی زیرەك بەهەموو شێوەیەك قەدەغەیە و رێگەپێدراو نییە.
لە هەر پارێزگایەكدا تەنیا یەك بنكەی دەنگدانی تایبەت بە هێزە ئەمنییەكان تایبەتكراوە بە روماڵی دەزگاكانی راگەیاندن.
ڤیدیۆ: بەڕێوەچونی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە كەركوك. كەركوك ناو
جومانە غەلای، وتەبێژی رەسمی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق پێنجشەممە 7ی تشرینی یكەم، بە (كەركوك ناو)ی وت "بۆ ئەم هەڵبژاردنە دەنگدانی ئاوارە تەنیا بە كارتی بایۆمەتری دەبێت، هەموو ئەو كارتانەی تر كە لە هەڵبژاردنەكانی رابردوو دەنگی پێدراوە رەتكراونەتەوە".
هەروەها جەختیكردەوە هەوڵەكانیان بەو ئاراستەدایە هەڵبژاردنی دور لە ساختەكاری بەرێوەبچێت، بۆ ئەوەش ژمارەیەكی زۆر چاودێر هەن، زیاتر لە 250 چاودێر و 133 رۆژنامەنوسی نێودەوڵەتی، زیاتر لە هەزار و 500 چاودێری ناوخۆیی و سەدان رۆژنامەنوس چاویان لەسەر پرۆسەكەیە، جگە لەوەی حزب و هاوپەیمانی و كاندیدەكان زیاتر لە 42 هەزار بریكاریان بۆ چاودێری دەنگدان و ئامادەبونیان لە ناوەندەكانی دەنگداندا تۆماركردووە، بەوتەی جومانە غەلای.
زۆرینەی دەنگدەرانی ئاوارە لە پارێزگای دهۆكە، كە زیاتر لە 69 هەزار دەنگدەر هەن، زۆرینە لە پێكهاتەی ئێزیدیین و 31 ناوەندی دەنگدانیان بۆ كراوەتەوە و 22یان لە ناو كەمپەكاندان، بەپێی ئامارە رەسمییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ (كەركوك ناو).
دەنگدەرانی ئاوارەی نیشتەجێی هەولێر زیاتر لە 25 هەزار كەسن، سلێمانی زیاتر لە 11 هەزار، كەركوك زیاتر لە شەش هەزار، ئەنبار نزیكەی چوار هەزار، نەجەف نزیكەی هەزار و 500 كەس و نەینەوا تەنیا 714 دەنگدەری ئاوارەی هەیە، هەر بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان.
لە تەواوی عیراق 595 بنكەی دەنگدان بۆ دەنگدەرانی تایبەت كراوەتەوە و بڕایارە كاتژمێر شەشی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی دەرگای بنكەكان دابخرێن.