دوو پۆلیسی فیدراڵی لەكاتی چونیان بۆ دەنگدان لە سنوری كەركوك گیانیانلەدەستدا و 34ی تریش برینداربون، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك لە پۆلیسی فیدراڵی بەهۆی روداوێكی هاتوچۆوە بووە.
روداوەكە بەیانی ئەمڕۆ هەینی 8ی تشرینی یەكەم، لە نێوان كۆستەرێك و بارهەڵگرێكدا رویداوە، لە فولكەی دوكشمان لە نزیك ناحیەی رەشاد، "بەهۆیەوە 36 پۆلیسی فیدراڵی كە بەنیازبون بچن بۆ دەنگدان بۆ قەزای حەویجە لەو روداوەدا بونە قوربانی، دوانیان گیانیانلەدەستدا و 34یان برینداربون"، سەرچاوەكەی پۆلیسی فیدراڵی لە سنوری داقوق وایوت.
بەڵام بەپێی رایگەیەنراوێكی بەشی راگەیاندنی ئیدارەی كەركوك، لەو روداوەدا، "سێ پۆلیس گیانیانلەدەستداوە و 26ی تریش برینداربون"
پۆلیسەكان سەر بە فرقەی پێنجی پۆلیسی فیدراڵی بون.
كاتژمێر 7ی بەیانی ئەمڕۆ هەینی 8ی تشرینی یەكەم، دەنگدانی تایبەت لە تەواوی عیراق دەستیپێكرد و بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عیراق. یەك ملیۆن و 196 هەزار و 524 كەس دەنگدەدەن، كە دابەشبون بەسەر هێزە ئەمنی و سەربازییەكان، ئاوارەكان، بەشێك لە زیندانیان.