بەشێك لە ئاوارەكان نیگەرانن: "نەمانتوانی دەنگبدەین"

دهۆك/ 8ی تشرینی یەكەمی 2021/ دەنگدانی ئاوارەكان لە كەمپی شاریا. فۆتۆ: عەمار عەزیز

عەمار عەزیز

تەنیا لە كەمپی ئاوارەكانی شاریا لە دهۆك، كە تایبەتكرابوو بە روماڵی دەزگاكانی راگەیاندن، لانیكەم 500 دەنگدەر رێگەیان پێنەدرا دەنگ بدەن، بەهۆی نەبونی ناویان لە تۆماری دەنگدەرانی كەمپەكەدا. ئەوەش نیگەرانی كردن.

کاتژمێر 7ى بەرەبەیانى ئەمڕۆ 8ى تشرینى یەکەم، دەرگای بنكەكانی دەنگدان بەڕوی ئاوارەكانی عیراقدا كرایەوە تا بتوانن لە چوارچێوەی دەنگدانی تایبەتدا دەنگبدەن. بەپێی ئاماری كۆمسیۆنی هەڵبژاردن 120 هەزار و 126 دەنگدەری ئاوارە مافی دەنگدانیان هەبوو. كە زۆرینەیان لە پارێزگای دهۆك بون بە 69 هەزار دەنگدەر.

ئەلیاس قاسم، خەڵکى کۆمەڵگاى تل بەناتە سەر بە قەزاى شنگال، بەڵام لە كەمپی شاریا دەژیت، بە (كەركوك ناو)ی وت "كارتی بایۆمەتریشم پێبوو، چومە بنكەی دەنگدانی كەمپی شاریا، بەڵام وتیان ناوی تۆ لێرە نییە... چومە بنكەیەكی تر لە هەمان كەمپ، لەوێش ناوم نەبوو، كارمەندێكی كۆمسیۆن پێی وتم دەبێت تۆ بچیت لە شنگال دەنگ بدەین، چونكە ناوی تۆ لەوێیە".

ڤیدیۆ: دهۆك/ 8ی تشرینی یەكەمی 2021/ دەنگدانی ئاوارەكان لە كەمپی شاریا. عەمار عەزیز

ئەم كێشەیە روبەڕوی لانیكەم 500 دەنگدەری ئاوارە بۆوە لە كەمپی شاریا، هەمان گرفت بەپێی پەیامنێری (كەركوك ناو) روبەڕوی ئاوارەكانی تر بۆتەوە لە 31 ناوەندی تری دەنگدان لە كەمپەكان و دەرەوەی كەمپ لە پارێزگای دهۆك.

"ئێمە لە هەڵبژاردنی 2018 دەنگەكانمان سوتا، ئێستاش نەیانهێشت مافی هەڵبژاردنی كاندیدی خۆمان هەبێت"، ئەلیاس وایوت.

به‌پێی به‌دواداچونی (كه‌ركوك ناو)، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی 12ی ئایاری 2018دا، له‌كۆی ده‌وروبه‌ری 450 هه‌زار ده‌نگده‌ری ئاواره‌، زیاتر له‌ نیوه‌ به‌هۆی به‌ربه‌سته‌كانه‌وه‌ نه‌یانتوانی ده‌نگبده‌ن لە نێویاندا بێ ناسنامەیی، رێگریی ئەمنی، نەبونی كارتی دەنگدان، دوری بنكەكانی كۆمسیۆن و فشاری حزبی، زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌یشی به‌شداری پرۆسه‌كه‌یان كرد به‌ پاساوی جیاواز لەنێویاندا ساختەكاری لەلایەن حزبەكانەوە، ده‌نگه‌كانیان پوچه‌ڵكرایه‌وه‌.

بەسێ پیسو، ژنێکى ئاوارەى قەزاى شنگال لە كەمپی شاریا، وتی "ناوی من لە تۆماری دەنگدەراندا هەبوو و هیچ كێشەیەكی نەبوو، بەڵام پەنجەمۆرەكەم نەیخوێندەوە و وتیان ناتوانیت دەنگ بدەیت، ئەوە بڕیارەی كۆمسیۆنە".

awara1
دهۆك/ 8ی تشرینی یەكەمی 2021/ دەنگدانی ئاوارەكان لە كەمپی شاریا. فۆتۆ: عەمار عەزیز

لە کەمپى شاریا دوو بنکەى تایبەت بە دەنگدانى ئاوارەکان كرابونەوە و حەوت هەزار دەنگدەری لێبوو، لەو ژمارەیە 500 ئاوارە هەرچەندە كارتی دەنگدانیان هەبوو، بەڵام لەبەر نەبونی ناوەكانیان لەو بنكەیە نەیانتوانی دەنگبدەن.

چیمەن خەلیل، بەڕێوەبەرى بنکەى دەنگدان لە کەمپى شاریا بە (کەرکوک ناو)ى وت "پرۆسەکە بەگشتى زۆر بەباشی بەڕێوەچوو و بێ ساختەكاری بوو، ئەوانەى ناویان لەو بنكەیە نەبوو، ئێمە لێى بەرپرسیار نین، چونکە ئەو ئاوارانە خۆیان سەردانى کۆمسیۆنیان نەکردووە تا بزانن ناوەکانیان لە شنگال هاتۆتەوە یاخود لە كەمپ".

"مافى ئەو ئاوارانە نافەوتێت و دەتوانن بچن لە شنگال دەنگبدەن..."، چیمەن خەلیل زیاتر وتی " تەنیا 15 تا 20 ئاوارەش پەنجە مۆرەكەیان نەیخوێندەوە و بێبەشبون لە دەنگدان".

مافى ئەو ئاوارانە نافەوتێت و دەتوانن بچن لە شنگال دەنگبدەن

رۆژهات قادر، چاودێری هاوپەیمانی كوردستان لەناو كەمپی شاریا هەرچەندە وتی "هیچ حاڵەتێکی ساختەكاریی و فشار و چاوسوركردنەوەمان لە دژی دەنگدەران لە ناو بنكەی دەنگداندا نەبینی، بەڵام لە دەرەوەی بنكەكە و لەناو كەمپەكە فشار هەبوو بۆ سەر ئاوارەكان تا بچن دەنگبدەن"، بەبێ ئەوەی ناوی هیچ لایەنێك بهێنێت.

بەپێی ئاماری چاودێری لایەنەكان، رێژەی دەنگدانی ئاوارەكان لە كەمپی شاریا تا كاتژمێرێك بەر لە داخستنی دەرگای بنكەكان، گەیشتە لەسەدا 60.

جەلال حەلو حنتو، چاودێرى پارتی دیموكراتی كوردستان لەو كەمپە، وتی "دەنگنەدانی 500 ئاوارە لەكاتێكدا دەیانویست دەنگبدەن زیانێكی گەورەیە بۆ حزبە كوردییەكان، چونكە ئەوانە دەنگدەری حزبە كوردییەكان بون".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT