هەریەكە لە جێگری یەكەم و دووەم، لەگەڵ وتەبێژی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو لە كەركوك، دەستیانلەكاركێشایەوە و دەستەیەكی نوێیان دامەزراندووە كە ئامانج لێی "كۆكەرەوەی هەموو هۆز و عەشیرەتە عەرەبییەكان و كەسانی ئەكادیمی و رۆشنبیرە" بەناوی رای عەرەبی.
ئەو سێ كەسایەتییە، نازم شەمەری، جێگری سەرۆکی بەرەی عەرەبی یەکگرتوو، عەبدوڵا نعێمی، جێگری دووەم، لەگەڵ محەمەد رەیاشی، وتەبێژی بەرەی یەكگرتوو، ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی تشرینی یەكەم دەستلەكاركێشانەوەیان بۆ (كەركوك ناو) پشتڕاستكردەوە.
نازم شەمەری لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "دەستلەكاركێشانەوەی ئەم سیانەمان بەهۆی سەرقاڵبونەوەیە بە كارێكی نوێوە ئەوەش دەستەی رای عەرەبییە".
"رای عەرەبی پارتی سیاسی نییە، بەڵکو وەكو چەترێكی کۆکەرەوە وایە لە کەسانی خاوەن بڕوانامە و ئەكادیمی، رۆشنبیر و سەرۆك هۆز و كەسایەتییەكانی عەرەب لە پارێزگای كەركوك"، شەمەری وایوت.
نازم شەمەری كە ئێستا وەكو رێكخەری دەستەی رای عەرەبی كاردەكات، زیاتر وتی "لەو دەستە نوێیە بە یەک ئاراستە لەگەڵ هەموو حزبە عەرەبییەكانی كەركوك و دەرەوەی كەركوك کار دەکەین، یان هەر هاوپەیمانێتییەكی عەرەبی بێت لە عیراق، هەر بۆ ئەو مەبەستە و بۆ كۆكەرەوەی پێكهاتەی عەرەب دەستمان لە بەرەی عەرەبی یەكگرتوو كشاندەوە".
بەرەی عەرەبی یەكگرتوو، لە ساڵی 2019 لەلایەن كۆمەڵێك حزب و لایەنی عەرەبی كەركوك و ژمارەیەك هۆز و عەشیرەت پێكهێنرا و وەسفی عاسی، كەسایەتی دیاری عەشیرەتی عوبەید لە كەركوك سەرۆكایەتی دەكات.
ئەو بەرەیە لە هەڵبژاردنی 10ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ، بە چەند كاندیدێك لە كەركوك بەشداربون، بەڵام نەیتوانی هیچ كورسییەكی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت.
شەمەری وەكو رێكخەری دەستەی رای عەرەبی، ئەوەشی ئاشكراكرد، كە ئەوان لە دەرەوەی بەرەی عەرەبی یەكگرتوو، لەم هەڵبژاردنەدا توانیویانە كاندیدێك بۆ پەرلەمانی عیراق سەربخەن، ئەو كاندیدەش "مهمین حەمدانی بوو كە لە بازنەی یەكی پارێزگای كەركوك توانی 14 هەزارو 358 دەنگ بەدەستبهێنێت"، شەمەری وتی "ئەوەی ئێمە پشتگیریمان كرد توانی سەربكەوێت... ئێستاش دژایەتی هیچ كەسێك ناكەین".
تائێستا بەرەی عەرەبی هیچ رونكردنەوە و هەڵوێستێكی دەرنەبڕیوە لەسەر دەستلەكاركێشانەوەی ئەو ئەندامانەی بەرەكەی.