روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر؛ پارە و پرۆژەی لە شنگال بڕی

نه‌ینه‌وا، 2018، وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕی داعش له‌ناوه‌ندی قه‌زای شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

عەمار عەزیز – نەینەوا

لە چوار ساڵی رابردودا؛ زیاتر لە 60 پرۆژەی جۆراوجۆری حكومی لە شنگال راگیراون و كەمترین بودجەش لە شارەكەدا خەرجكراوە، ئەوەش بەهۆی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵی عیراق و هەرێمی كوردستانەوە.

بەپێی بەدواداچونەكانی (كەركوك ناو)، لە دوای روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـەوە، چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە نێویاندا نەخۆشخانە و خوێندنگە و كەرتەكانی دیكە لە قەزای شنگال راگیراون.

خودێدا چوكی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ –سەر بە ئیدارەی شنگالە كە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر پێكهێنرا- بە (كەركوك ناو )ی وت "لەدوای ئەو روداوانەوە كاركردنی زیاتر لە 60 پرۆژەی حكومی لەسنوری قەزای شنگال وەستا، لەوەشدا زیانمەندی یەكەم خەڵك بون".

بەرەبەیانی 17ی ئۆكتۆبەری 2017 هێزەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی عیراق چونە ناو قەزای شنگال و لە بەرانبەردا هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان پاشەكشێیان كرد، ئەوەش دوای ئەوەی پەیوەندی هەردوو حكومەت بەهۆی ریفراندۆمەوە گەیشتە ئەوپەڕی ئاڵۆزی.

لەوكاتەوە قه‌زای شنگال دوو ئیداره‌ی هه‌یه‌، یه‌كێكیان له‌ ناوه‌ندی شاره‌كه‌دایه‌ و به‌وه‌كاله‌ته‌، دوای روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا پێكهێنراوه‌ و ئه‌ویتریان كه‌ له‌ 2013ـه‌وه‌ له‌كاردایه‌، له‌ ده‌ره‌وه‌ی قه‌زاكه‌ و لە سنوری پارزگای دهۆك درێژه‌ به‌ كاره‌كانیان ده‌ده‌ن.

shngall-6
نەینەوا/ 2021/ تەرخانكردنی زەوی بۆ نەخۆشخانەیەك بەشێوەی كەرەڤانە دوو ساڵە هیچی هەنگاوێك بۆ جێبەجێكردنی نەنراوە فۆتۆ: راگەیاندنی قایمقامیەتی شنگال

"ئیدارەی كۆن لە دهۆكە و بە پاساوی نەبونی سەقامگیری رێنادەن پرۆژەكان لە شنگال دەستپێبكەنەوە، ئیدارەی نەینەواش قسەی ئەوان وەردەگرن" بەوتەی چوكی.

له‌ قه‌زای شنگال زیاتر له‌ هه‌شت هێزی چه‌كداری جیاواز هه‌ن له‌ نێویاندا حه‌شدی شه‌عبی، ئاسایشی ئێزیدخان، یه‌كینه‌كانی به‌رخودانی شنگال (یه‌به‌شه‌)، پۆلیسی ناوخۆیی، پۆلیسی فیدراڵی، سوپای عیراق، پێشمه‌رگه‌ی ئێزیدخان و پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر به‌حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ له‌ مه‌زارگه‌یه‌كدا جێگیركراون.

حەسەن خەڵەف، دانیشتوی شنگال بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئێمە بوین بە قوربانی دەستی حزبەكان و هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێم، تەنیا باجەكەی ئێمە دەیدەین، تاكەی دۆخی شنگال هەروا دەمێنێتەوە، دەیانجار دانیشتن و كۆبوونەوە دەكەن بەڵام بێسوودە".

لە نێو پرۆژە راگیراوەكاندا رێگەوبانی سەنتەری ناحیەی سنونێ و كۆمەڵگەكانی نیشتەجێبون، نۆژەنكردنەوەی فەرمانگە حكومییەكانی شنگالیش هەن كە بەشێكی زۆریان بەهۆی هێرشەكانی 2014ـی داعشەوە وێران بون.

ئەو هاوڵاتییە پێنج ساڵە لە ئاوارەیی گەڕاوەتەوە و هێشتا چاوەڕێی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەك ئاو و كارەبا و نۆژەنكردنەوەی شەقام و رێگەوبانەكانە، "بە پارەی خۆمان، وەك خەڵكی گەڕەك كە 150 خێزانین توانیمان كارەبا رابكێشین، وایەرەكان لەسەر كۆمەڵێك درا دانراون چونكە نەمانتوانی عەمود بكڕین، جگەلەوەش كێشەی كەمی ئاوی خواردنەوە هەیە و چارەسەر نەكراوە" خەڵەف وای وت.

ئێمە بوین بە قوربانی دەستی حزبەكان و هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان

هێرشەكانی حەوت ساڵ لەمەوبەری داعش بۆ شنگال، جگە لەلایەنی ئەمنی، زیانی به‌ كه‌رتی گشتی گه‌یاند له‌ نێویاندا وێرانبونی تۆڕه‌كانی ئاو و كاره‌با، روخانی خانوی هاوڵاتیان، خوێندنگه و شوێنە ئاینییەكان، جگە لەوەی هێشتا هەزاران ئێزیدی ئاوارەن، ئەوەش بەپێی بەدواداچونەكانی پێشتری (كەركوك ناو).

نایف سەیدۆ، بەرێوەبەری ناحیەی سنونێ -لە ئیدارەی كۆنی شنگال كە ئێستا لە دهۆك دەوام دەكات- بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئیدارەی نەینەوا مامەڵە لەگەڵ ئێمە دەكات، ڕاستە لە دهۆكین بەڵام پرۆژەكان رانەگیراون؛ چەندین پرۆژەی ئاو، كشتوكاڵی، تەندروستی و تایبەت بە كارگێڕی هەبون، پرۆژەی دیكەش پێشكەشكراون بەڵام حكومەت رەزامەندی لەسەر نەداوە".

بەڵام ئەوەشی نەشاردەوە پێشتر بەهۆی نەبونی بودجەوە كاركردن لە چەندین پرۆژەدا وەستاون؛ "ساڵانی 2014 و ساڵی 2019 حكومەتی عیراق بەهۆی خۆپیشاندانەكانەوە بودجەی بۆ پرۆژەكان خەرجنەكرد، بەڵام ساڵانی تر پارە تەرخانكراوە".

پێكهێنانی ئیداره‌ی نوێی شنگال، میحوه‌رێكی سه‌ره‌كییه‌ له‌ رێككه‌وتننامه‌ی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2020 بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ئیداری، ئه‌منی و ئاوه‌دانی قه‌زاكه‌ واژۆیانكرد، به‌ڵام هێشتا هیچ خاڵێكی وه‌ك خۆی جێبه‌جێنه‌كراوه‌.

shngal-27
نەینەوا/ 2021/ دروستكردنی نافورەیەك لە شنگال بە بودجەی ئەمریكا و دەستپێشخەری نادیە موراد، چالاكوانی ئێزیدی فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

 فەهد حامد، قایمقامی قەزای شنگال بەوەكالەت –لە دوای روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەرەوە دەستبەكاربووە- بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو بودجەیەی عیراق بۆ ئاوەدانی شنگال تەرخانی دەكات لە نێویاندا بۆ نۆژەنكردنەوەی فەرمانگە و خوێندنگەكان بەداخەوە سەدا 5ـی خەرجدەكرێت و ئەوی دیكەی دیارنامێنێت" بێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەك لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.

بەڵام وتی "لە ساڵانی رابردودا تەنیا هەندێك شەقام نۆژەنكراونەتەوە لەسەر بودجەی شنگال، هەموو پرۆژەكانی تر رێكخراوەكان ئەنجامیانداوە، سەدا 90ی پرۆژەكان لەلایەن رێكخراوەكانەوەیە" ئەو نمونەی بۆ پرۆژەی رێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان هێنایەوە لە شنگال لەوانە نۆژەنكردنەوەی فەرماندەیی پۆلیس، بەرگری شارستانی، رەگەزنامە، گەراجی شنگال، نۆژەنكردنەوەی 10 خوێندنگە.

"حكومەت مامەڵە لەگەڵ ئێمە ناكات و بەوهۆیەوە ئیدارەی نەینەوا پارە پرۆژەكانی شنگال خەرجناكات، بودجەكە رادەستی ئەو ئیدارەیە دەكات كە لەدهۆكە، ئەگەر ئەوان بە ئێمە دەڵێن ناشەرعی خۆ فەرمانگەكان موڵكی حكومەتن یان كەرتەكانی پەروەردە و تەندروستی و شارەوانی خۆ دەتوانن لەو پرۆژانەدا پارە خەرجبكەن كە بۆ خەڵكە" فەهد حامد وای وت.

قه‌زای شنگال (120كم خۆرئاوای موسڵ)، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ و له‌ڕوی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت ‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT