شنگال گیانێكی به‌ رێكخراوه‌كانه‌
زۆرینه‌ی پرۆژه‌كان به‌ پاره‌ی خێرخوازی جێبه‌جێده‌كرێن

نه‌ینه‌وا، 2018، وێرانكارییه‌كانی شه‌ڕی داعش له‌ناوه‌ندی قه‌زای شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

عه‌مار عه‌زیز_ نه‌ینه‌وا

زۆرینه‌ی پرۆژه‌كانی ئاوه‌دانی له‌ شنگال، به‌ پاره‌ی خێرخوازیی و له‌سه‌ر ده‌ستی رێكخراوه‌ مه‌ده‌نییه‌كان جێبه‌جێده‌كرێن، ئه‌وه‌ش به‌هۆی لاوازی رۆڵی حكومه‌تی عیراقیه‌وه‌یه‌، وه‌ك لێپرسراوانی قه‌زاكه‌ باسیده‌كه‌ن.

قه‌زای شنگال، دوای چه‌ند ساڵێك له‌ دورخستنه‌وه‌ی ده‌ستی داعش و شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌، كه‌ زیانی زۆری گیانی و ماددی پێگه‌یاند، هێشتا خه‌ڵكه‌كه‌ی له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین، به‌هۆی وێرانكاریی و نه‌بونی خزمه‌تگوزارییه‌كانه‌وه‌.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو) له‌ سه‌ره‌تای ئه‌مساڵه‌وه‌، چه‌ندین پرۆژه‌ی جیاواز له‌ شنگال ده‌ستیپێكردووه‌، جگه‌ له‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی مه‌زارگه‌ ئایینییه‌كان، دروستكردنی خوێندنگه‌ و بنیاتنانه‌وه‌ی خانووه‌ روخاوه‌كانیش كاری تێداده‌كرێت، به‌ هه‌وڵی خێرخوازی و له‌رێی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌.

فه‌هد حامد، قایمقامی قه‌زای شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو )ی وت "سه‌دا 95ی پرۆژه‌كان له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانه‌وه‌ جێبه‌جێده‌كرێن، حكومه‌تی عیراق ته‌نیا ژماره‌یه‌ك شه‌قامیان نۆژه‌نكردۆته‌وه‌ له‌گه‌ڵ دروستكردنی چه‌ند پردێك".

ئه‌و پاره‌یه‌ی له‌ بودجه‌ی نه‌ینه‌وا بۆ شنگال ته‌رخانده‌كرێت، له‌لای قایمقامه‌وه‌ زۆر كه‌مه‌ و به‌شی پرۆژه‌كان ناكات، "هه‌ناسه‌ی ئێمه‌ ته‌نیا خوا و رێكخراوه‌كانه‌، به‌داخه‌وه‌ به‌غدا و هه‌ولێر رێككه‌وتون‌ له‌سه‌ر پشتگوێخستنی شنگال، به‌ڵام ئێمه‌ كۆڵناده‌ین" فه‌هد حامد وای وت.

ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا، له‌ هه‌فته‌كانی رابردودا بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكه‌ی په‌سه‌ند كرد كه‌ زیاتره‌ له‌ 500 ملیار دینار و به‌پێی ژماره‌ی دانیشتوان، به‌شه‌ بودجه‌ی قه‌زا و ناحیه‌كانیش دیاریكراوه‌.

shngal.xwendnga
شنگال، 2019، دروستكردنی خوێندنگه‌یه‌ك به‌هاوكاری نێوده‌وڵه‌تی فۆتۆ: خه‌یری عه‌لی

گه‌لاوێژ عه‌لی، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "پاره‌یه‌كی زۆر له‌و بودجه‌یه‌ی هه‌یه‌‌ بۆ شنگال خه‌رجده‌كرێت، له‌ماوه‌ی حه‌وت مانگی رابردودا بڕێك پاره‌ بۆ پرۆژه‌كانی شنگال خه‌رجكراوه‌ به‌ڵام نازانین بڕه‌كه‌ چه‌ند بووه‌ و رێگه‌ش ناده‌ین مافی قه‌زاكه‌ كه‌مبكرێته‌وه".

هه‌روه‌ها باسی له‌وه‌كرد جگه‌ له‌ بودجه‌ی پارێزگاكه‌، له‌ كۆبونه‌وه‌ و دیداره‌كاندا داوایان له‌ رێكخراوه‌كان و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان كردووه‌، كاربكه‌ن بۆ ئه‌نجامدانی پرۆژه‌ و پرۆسه‌ی ئاوه‌دانی له‌ شنگال.

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، له‌ ماوه‌ی دوو ساڵدا، هه‌زار و 64 خانووی نۆژه‌نكردۆته‌وه‌ له‌ شنگال، به‌ كۆمه‌كی حكومه‌تی ئه‌ڵمانیا، ئه‌وه‌ش بۆته‌ هاندانی گه‌ڕانه‌وه‌ی زیاتری ئاواره‌كان له‌ چوارچێوه‌ی بنیاتنانه‌وه‌ی خانوی زیاتری زیانلێكه‌وتوو.

هێرشه‌كانی داعش و شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه‌، زیانی زۆری به‌ كه‌رتی گشتی گه‌یاند، له‌ نێویاندا وێرانبونی تۆڕه‌كانی ئاو و كاره‌با و روخانی سه‌دان خوێندنگه‌.

خه‌یری عه‌لی، لێپرسراوی رێكخراوی ئێزیدی بۆ دۆكیۆمێنتكردنی به‌ڵگه‌نامه‌كان به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "سه‌رپه‌رشتی دروستكردنی خوێندگایه‌كی نویێ ده‌كه‌ین له‌ گۆندی به‌هراڤا له‌ سنوری قه‌زای شنگال، به‌ ده‌ستپێشخه‌ری نادیه‌ موراد (چالاكوانی ئێزیدی و باڵیۆزی نیازپاكی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان) و هاوكاری دارایی به‌لجیكا".

ئه‌و خوێندنگه‌یه‌ له‌ شه‌ش پۆل پێكهاتووه‌، ماوه‌ی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه‌ 100 رۆژه‌ و بڕیاره‌ له‌ سه‌ره‌تای تشرینی دوه‌می ئه‌مساڵدا ته‌واو بكرێت.

mazarga
شنگال، 2019، مه‌زارگه‌ روخاوه‌كان به‌پاره‌ی خێرخوازی بنیاتده‌نرێنه‌وه‌ فۆتۆ: تایبه‌ت به‌ كه‌ركوك ناو

خه‌یری ده‌ڵێت له‌به‌رنامه‌یاندایه‌ دوو خوێندنگه‌ی تر به‌ هاوكاری چه‌ند لایه‌نێك دروستبكه‌ن، كاره‌كانیشیان وه‌ك ئه‌و باسیكرد، ته‌نیا ئامانج لێی گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵكه‌ بۆ ناوچه‌كانی خۆیان.

دانیشتوانی شنگال، كه‌ زۆرینه‌ ئێزیدین به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه‌ ئاواره‌ی چیای شنگال و ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بون، هێشتا زۆرینه‌ش نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌.

فاخر خه‌ڵه‌ف، لێپرسراوی ده‌سته‌ی ئاینی ئێزیدی له‌ شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "زیاتر له‌ مانگێكه‌ ده‌ستمانكردووه‌ به‌ نوژه‌نكرنه‌وه‌ی مه‌زارگه‌كان، كاری دوو مه‌زارگه‌ ته‌واو بون و دوو مه‌زارگه‌ی نوێش دروستده‌كرێن".

به‌پێی ئاماره‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ هێرشه‌كانی داعش بۆ شنگال، زیاتر له‌ 60 مه‌زارگه‌ و شوێنی ئایینی ئێزیدی ته‌قێنرانه‌وه‌ و خاپور كران.

"ته‌نیا له‌ سه‌نته‌ری شنگال و ده‌وروبه‌ری جگه‌ له‌ ناحیه‌كان، 21 مه‌زارگه‌ی ئایینی ڕوخێنراون، بۆیه‌ ئێمه‌ نۆژه‌نیان ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر شێوازه‌ كۆنه‌كه‌ی خۆیی و په‌له‌ی تیا ناكه‌ین".

لێپرسراوه‌كه‌ی ده‌ستی ئایینی ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، به‌پێی پلانی كاره‌كانیان له‌ دوو ساڵدا ته‌واوی مه‌زارگه‌كان نۆژه‌نده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش پشتی به‌ستووه‌ به‌ پاره‌ و هاوكاری كه‌سایه‌تی و خێرخوازانی ئێزیدی، نه‌ك ئه‌وقاف و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا.

قەزای شنگال (بەدووری 120 لە رۆژئاوای موسڵ)، ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ و له‌روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌، لە 3ی ئابی 2014 داعش دەستیبەسەرداگرت ‌و لە 13ی تشرینی دووەمی 2015 كۆنتڕۆڵكرایەوە.

قایمقامی شنگال ده‌ڵێت له‌ 2018 و ئه‌مساڵیشدا، به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان UNDP ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌ی ئه‌نجامداوه‌ بۆ قه‌زاكه‌، له‌وانه‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی 10 خوێندنگه‌، دروستكردنی بنكه‌ی پۆلیس، باڵه‌خانه‌ی شاره‌وانی و دابینكردنی 100 محه‌ویله‌ی كاره‌با بۆ سه‌نته‌ری شاره‌گه‌ و 80 محه‌ویله‌ بۆ ناحیه‌ی سنونێ.

فه‌هد حامد هۆكاری زیاتری باسكرد بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ند پشت به‌ رێكخراوه‌ خێرخوازییه‌كان ده‌به‌ستن، نمونه‌ی ئه‌وه‌ی هێناوه‌ كه‌ پرۆژه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان 400 هه‌لییكاری بۆ گه‌نجان ره‌خساندووه‌ و رێكخراوێكی دیكه‌ش له‌م مانگه‌دا پاره‌ی كاشی به‌سه‌ر پیشه‌وه‌راندا دابه‌شكردووه‌، تا كاره‌كانی پێشویان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT