پرۆسەی هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكانی ژمارەیەك وێستگەی كەركوك كۆتاییهات، بێ ئەوەی هیچ گۆڕانكارییەك لە ئەنجامی هەڵبژاردن دروستبكات، بەوپێیەی هاوتای هەژماری ئەلیكترۆنی بووە.
ئەمڕۆ یەكشەممە 31ی تشرینی یەكەمی 2021، پرۆسەی هەژماركردنی دەستی دەنگی ژمارەیەك وێستگەی دەنگدان شەش پارێزگای عیراق لە بەغدا بەڕێوەچوو، لە نێویاندا كەركوك.
لوئەی ئەركان، لێپرسراوی ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بە (كەركوك ناو)ـی وت تانە لەسەر 87 وێستگەی دەنگدانی كەركوك هەبووە و ئەمڕۆ لە بنكەی سەرەكی كۆمسیۆن لە بەغدا دەست بەجیاكردنەوە و هەژماری دەستی دەنگی ئەو وێستگانە كراوە.
لە كەركوك زیاتر لە ملیۆنێك و 70 هەزار كەس مافی دەنگدانیان هەبوو، لەو ژمارەیە زیاتر لە 411 هەزار كەس دەنگیاندا.
هەژماری دەنگەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق لە 10ی تشرینی یەكەمی 2021 ئەلیكترۆنی بووە و لەسەر تانەی كاندید و لایەنەكان، ژمارەیەك وێستگە بە دەستی دەنگەكانیان هەژماردەكرێنەوە.
عیماد جەمیل، رێگەپێدراوی ئۆفیسی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەهۆی هەڵبژاردنەكان بۆ لێدوان و زانیاری بۆ میدیاكان لە هۆڵی شەرەف_ی ناوچەی خەزڕای بەغدا –ئەو هۆڵەی دەنگەكانی تیادا جیادەكرێتەوە- بە (كەركوك ناو)ـی وت "دەنگە جیاكراوەكانی پارێزگای كەركوك سەدا 100 هاوتان لەگەڵ دەنگە جیاكراوەكانی ئەو پارێزگایە بە ئەلیكترۆنی و هیچ گۆڕانكارییەك لە ئەنجامی هەڵبژاردن دروستناكات".
لە پارێزگای كەركوك زیاتر لە دوو هەزار و 300 وێستگەی دەنگدان هەبون.
جەمیل ئەوەشی رونكردەوە ئەو 87 وێستگەیەی كەركوك لە هەرسێ بازنەی یەك و دوو و سێ بون، بە ئامادەبونی چاودێرانی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و ژمارەیەك كاندید جیاكراونەتەوە.
لە پارێزگای كەركوك، كورد شەش كورسی، عەرەب چوار كورسی و توركمان دوو كورسی پەرلەمانی عیراقیان بەدەستهێنا.
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هەفتەی رابردوودا بڕیاریدا لە كۆی 57 هەزار و 944 وێستگەی دەنگدان لە تەواوی عیراقدا ژمارەیەك وێستگە لە كەركوك، نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و پارێزگاكانی تر بەدەستی هەژماربكاتەوە، ئەوەش لەسەر بنەمای 22 تانە.