تەندروستی كەركوك لە چوارچێوەی رێكارەكانی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنادا، تەنیا دوو بژاردەی بۆ هاوڵاتیان هەیە؛ یان ڤاكسین وەربگرن و خۆیان بپارێزن، یاخود روبەڕوی مەترسی زۆر توندتر دەبنەوە.
ئەو هۆشدارییەی تەندروستی، بەهۆی مەترسی سەرهەڵدانی شەپۆلێكی "توندتر و بەهێزتر"ـی كۆرۆناوەیە، بەوپێیەی ڤایرۆسەكە بەردەوام لە گۆڕاندایە و ئەگەری هەیە لەگەڵ وەرزی سەرمادا نەوەی نوێتری دەربكەوێت، لەكاتێكدا هێشتا ژمارەی توشبوانی كەركوك لە ئاستێكی بەرزدایە و بەهۆی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنەوە چاوەڕێی هەڵكشانی زیاتر دەكرێت.
لە نوێترین هەنگاودا و بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا، وەزارەتی تەندروستی عیراق پاڵپشت بە رێنماییەكانی تەندروستی جیهانی بڕیاریدا بە كوتانی مێردمنداڵانی سەروو تەمەن 12 ساڵ بە ڤاكسینی جۆری فایزەر، ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی خوێندنی نوێ لە 1ـی تشرینی دوەمی 2021دا.
نەبیل حەمدی بوشناق، بەڕێوەبەری تەندروستی كەركوك بە (كەركوك ناو)ـی وت "وەزارەتی تەندروستی هۆشداری داوە و ترسی لە شەپۆلێكی نوێی كۆرۆنا هەیە، ... كە پێمانوایە نەوەی نوێتری ڤایرۆسەكە زۆر توند و بەهێزتر دەبێت، نەك لەروی ژمارەی زۆری توشبوانەوە بەڵكو توندتر دەبێت بۆ ئەو كەسانەی توشی دەبن و زیاتر دەناڵێنن".
ئێستا باشترین بژاردە و چارەسەر بەلای تەندروستییەوە لە جیهاندا؛ تەنیا وەرگرتنی ڤاكسینە، ئەگەرنا وەك بوشناق دەڵێت هاوڵاتیان بەهۆی نیشانە و لێكەوتەكانی ڤایرۆسەكەوە شەڕ لەگەڵ مەرگدا دەكەن.
ژمارەی وەرگرانی ڤاكسین هێستا لەئاست داخوازی ئێمەدا نییە
"ژمارەی وەرگرانی ڤاكسین هێستا لەئاست داخوازی ئێمەدا نییە، چونكە خەڵكێك هەن هێشتا دەترسن ڤاكسین وەربگرن، ئەوەش بەهۆی دەنگۆ و زانیاری ناڕاستەوە" بەڕێوەبەری تەندروستی وادەڵێت.
لە پارێزگای كەركوك ڤاكسینی كۆرۆنا لە جۆرەكانی فایزەر، سینۆفارم و ئەسترازێنیكا لە 80 بنكە و ناوەنددا هەن، هاوڵاتیان دەتوانن بێبەرانبەر خۆیان بكوتن.
"لەم رۆژانەدا دوو منداڵم، كوڕ و كچێكم برد بۆ بنكەیەكی تەندروستی و ئەوانیش ڤاكسینیان وەرگرت، چونكە پێموتن ئەوە تەنیا رێگەیە تا توشی ڤایرۆسەكە نەبن" ئەبو عەقیل، هاوڵاتی كەركوكی كە لە ریزی هێزە ئەمنییەكاندا كاردەكات، وای وت.
ئەو دەڵێت ئێستا منداڵەكانی بێ ترس، دەتوانن بچنەوە خوێندنگە و سەرقاڵی خوێندنی خۆیان بن، "لەمەودوا ناترسم، چونكە ڤاكسینیان وەرگرتووە، بەڵام سێ منداڵی دیكەم بەهۆی كەمی تەمەنەوە نەیانتوانی ڤاكسین وەربگرن".
خوێندنی ئەمساڵ لەناو پۆلدا دەبێت بەپێچەوانەی ساڵی رابردوەوە كە پچڕپچڕ و زۆربەی بە ئۆنلاین بوو.
بەڕێوەبەری تەندروستی وتی "لەم مانگەوە چاوەڕێی بەرزبونەوەی زیاتری ژمارەی توشبوان دەكەین، بەهۆی دەستپێكردنەوەی دەوام و ئامادەیی خوێندكاران لەناو پۆل و زانكۆ و پەیمانگەكاندا، بۆیە لیژنە پێكهێنراوە بۆ سەردانی ناوەندەكانی خوێندن، تا ئەو خوێندكارانەی تەمەن رێگەیان پێدەدات بتوانن ڤاكسین وەربگرن".
هۆكاری دیكەی مەترسی بەرزبونەوەی توشبوان، سەردانی زۆری هاوڵاتیانە بۆ شارەكانی دیكە و هێنانەوەی ڤایرۆسەكەیە بۆ ناو كەسوكار و خێزان، ئەوەش بەهۆی تێكەڵاوی زۆر و نەبەستنی دەمامك و پشتگوێخستنی رێكارەكانی خۆپارێزی.
تەنیا لە رۆژێكدا، چوارشەممە 3ـی تشرینی دوەم لە كەركوك 65 كەس توشی كۆرۆنا بون و دوو هاوڵاتی توشبوو گیانیانلەدەستداوە، كۆی توشبوانیش زیاتر لە 73 هەزار كەسە لەگەڵ زیاتر لە هەزار و 347 حاڵەتی مردن.
ئەبو عەقیل، بەر لە منداڵەكانی خۆی ڤاكسینی وەرگرتووە و دەڵێت كاریگەری لاوەكی توندی نەبووە، داواكارە لە هاوڵاتیان ڤاكسین وەربگرن تا لە مەترسی مەرگ بەهۆی كۆرۆناوە كەمبكەنەوە، وتی "هاوڵاتیان كاتی سەرهەڵدانی كۆرۆنا داوای دۆزینەوەی چارەسەریان دەكرد و ئێستاش كە چارەسەر هەیە دودڵن و نایانەوێت بەكاریبهێنن".
دودڵی و ترسی بەشێك لە هاوڵاتیان، بەهۆی هەڵمەتی بڵاوكردنەوەی دەنگۆی جیاوازە لەبارەی ڤاكسینەكانەوە، لە سەرەتای دۆزینەوەیانەوە تائێستا، وەك دەنگۆی مردنی لەسەرخۆ، نەزۆكی و زۆر نەخۆشی تر ئەگەر هەر هاوڵاتییەك ڤاكسین وەربگرێت.
هەندێكجار تێچوی چارەسەر و چاودێری تەندروستی یەك توشبوی كۆرۆنا لە رۆژێكدا دەگاتە 700 دۆلار
بەڕێوەبەری تەندروستی كەركوك رونیكردەوە ئەو دەنگۆیانەی لەسەر ڤاكسینەكان بڵاودەكرێتەوە "زانیاری ناڕاست و چەواشەن، كەسانێك بەناوی شارەزا لە زانستی پزیشكی و دەرمان و ڤاكسین دەیانەوێت خەڵك بە لاڕێدا ببەن، ئامانجی سەرەكی ئەوانە تەنیا پارە و بازرگانییە لەسەر حیسابی تەندروستی هاوڵاتیان، تا خەڵك ڤاكسین وەرنەگرن و پشت بە رێگە و شتی دیكەی خۆپارێزی ببەستن".
نەبیل بوشناق وتی هەر ئەو كەسانەی دەنگۆی ناڕاست لەسەر ڤاكسین بڵاودەكەنەوە، دواتر خۆیان توشی كۆرۆنا دەبن و هانا بۆ تەندروستی دەبەن تا چارەسەریان بكەن، ئەوانیش پێداویستی پزیشكی گرانبەهایان بۆ دابیندەكەن لە دەرمان و ئۆكسجین و "كە هەندێكجار تێچوی چارەسەر و چاودێری تەندروستی یەك توشبوی كۆرۆنا لە رۆژێكدا دەگاتە 700 دۆلار".
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی كەركوك بڕیاریداوە حانوتی هەموو خوێندنگە حكومی و ئەهلییەكان دابخات لە پێناو پاراستنی تەندروستی خوێندكاران و بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنادا.
"منداڵەكانم دەچنە خوێندنگەی سەرەتایی و زۆر پێداگریم لەسەر ئەوە كردووە پابەندی رێكارەكانی خۆپارێزی بن لە دەمامك و دەستكێش، زوو زووش ماددەی پاككەرەوە بەكاربهێنن لەكاتی یاریكردن یان دەرچون لە ماڵ و گەڕانەوە بۆ ماڵەوە" عەبدوڵا عەبد، هاوڵاتی دانیشتوی كەركوك وای وت.
عەبد تائێستا ڤاكسینی وەرنەگرتووە، چونكە دەترسێت، بەهۆی ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاودەكرێنەوە.
ئەنجومەنی باڵاى دادوەری عیراق، لە ئابی ئەمساڵدا بڕیاریدا بە گرتنەبەری رێكاری یاسایی دژی هەر كەسێك هانی خەڵك بدات بۆ رەتكردنەوەی ڤاكسینی كۆرۆنا.
شەش ملیۆن و زیاتر لە 600 هەزار هاوڵاتی عیراقی ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرتووە، لەو ژمارەیە زیاتر لە 250 هەزار كەسیان لە كەركوك بون كە زیاتر لە نیوەیان دوو ژەمی ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە، زۆرینەشیان لە جۆری فایزەر بووە، بەدوای ئەودا جۆرەكانی سینۆفارم و ئینجا ئەسترازێنیكا.
بەڕێوەبەری تەندروستی كەركوك دەڵێت چاوەڕوانناكەن بەهەمان بارودۆخی كاتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكەدا تێپەڕن، بەوپێیەی ئێستا پزیشك و كارمەندانی تەندروستی شارەزایی و ئەزمونی زیاتریان لە چاودێری و بەدەمەوەهاتنی توشبوان هەیە، بۆیە بیر لە قەدەغەی هاتوچۆش ناكەنەوە كە كاریگەری خراپی بۆ سەر بژێوی هاوڵاتیان هەیە، بۆیە رێگای راست بەلای ئەوانەوە؛ وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنایە.
نەبیل بوشناق وتی چەند شوێنێكی تایبەت بە توشبوانی كۆرۆنا هەن؛ نەخۆشخانەی شیفا14 كە ئێستا 80 توشبوی تێدایە، ناوەندی چارەسەری نەخۆشییە گوازراوەكان كە 50 قەرەوێڵەیە لەگەڵ تەرخانكردنی قاوشێكی 25 قەرەوێڵەیی لە هەر نەخۆشخانەیەكی دیكەی كەركوك.
ئیدارەی كەركوك، پێشتر و لە 22ی ئابی 2021 پاڵپشت بە بڕیاری حكومەتی عیراق وەرگرتنی ڤاكسین یان پشكنینی هەفتانەی كۆرۆنای كردە مەرج بۆ دەوامی هەر فەرمانبەرێك و ئەو هاوڵاتییانەی بۆ راییكردنی مامەڵە سەردانی فەرمانگە حكومییەكان دەكەن.