بۆ دۆزینەوەی دوو تەرم چون
دوو چەكداری حەشدی شەعبی كوژران

كەركوك/ ئەیلولی 2021/ ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی هێزە هاوبەشەكانی عیراق لە سنوری ناحیەی رەشاد فۆتۆ: راگەیاندنی حەشدی شەعبی

كەركوك ناو

دوو چەكداری حەشدی شەعبی لە گوندی زەنجەلی لە سنوری ئامرلی كوژران، دوای ئەوەی لەلایەن ژمارەیەك چەكداری داعشەوە نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە تەقەیان لێكرا.

ئەو روداوە دوای ئەوە هات، كە سێشەممە 9ی تشرینی دووەم، ژمارەیەك چەكداری سەر بە دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش)، بە قەناس تەقەیان لە دوو راوچی كرد كاتێك سەرقاڵی راوەماسی بون لە دەریاچەی زەرگە لە گوندی زەنجەلی و تەرمەكانیان كەوتە ناو دەریاچەكەوە.

سەرچاوەیەكی ئەمنی لە ئامرلی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەمڕۆ چوارشەممە كەسوكاری ئەو دوو كوژراوە بە هاوكاری هێزێكی حەشدی شەعبی بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو دوو راوچییە چونە هەمان ناوچە، بەڵام چەكدارانی داعش تەقەیان كرد و هەر لەوێ دوو چەكداری حەشدی شەعبی شەهید دەكەن".

ئەو دوو چەكدارەی كوژراون سەر بە فەوجی ئەسەد ئامرلی حەشدی شەعبین. ئەو دووانەشی كە دوێنێ لەكاتی راوەماسیدا كوژراون، یەكێكیان پۆلیس و ئەوەی تر چەكداری حەشدی شەعبی بوو.

"دوای شەهیدبونی دوو چەكدارەكەی حەشد لە دواینوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزێكی لیوای 52ی حەشدی شەعبی، بەهانایانەوە چون و روبەڕوبونەوە رویداوە، فڕۆكەش لە ئاسمانەوە بۆردومانی بنكە و شوێنی خۆحەشاردانی چەكدارانی داعشی كردووە". ئەوەش بەپێێ سەرچاوەیەك لە لیوای 52ی حەشدی شەعبی.

لە شەوی 28ی تشرینی یەكەمی رابردوەوە، لانیكەم 13 هێرش لەلایەن داعشەوە كراوەتە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان و بەهۆیەوە 15 كەس كوژراون.

ئامرلی یەكێكە لە ناحییەكانی سەر بە قەزای دوزخورماتوو لە پارێزگای سەڵاحەدین و دانیشتووانەكەی لە توركمان و عەرەب پێكهاتون.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT