ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، رێگە بە حكومەتی عیراق نادات پۆلیسی هاتوچۆ لە شنگال جێگیربكات، لە جێگەی ئەو 50 پۆلیسەی كە ئەنجومەنەكە لە ساڵی 2017ەوە دایناون و بەشێوەی خۆبەخش دەوامدەكەن.
ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شنگال، چهند ساڵێك لهمهوبهر لەلایەن ژمارەیەك لایەنی ئێزیدی و عەرەبی و پێكهاتەكانی تری شنگال دامەزراوە و به نزیك له پارتی كرێكارانی كوردستان (پهكهكه) ههژماردهكرێن، هەر ئەوانیش لە ئێستدا بەبێ دانپێدانانی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم، ئیدارە قەزاكە دەدەن.
لە ساڵی 2017ەوە لانیكەم 50 پۆلیسی خۆبەخش لەژێر رێنمایی ئەو ئەنجومەنە دەستنیشانكراون بۆ ئەوەی وەكو پۆلیسی هاتوچۆ بەشێوەی خۆبەخش لە شەقامەكانی قەزای شنگال دەستبەكاربن.
خودێدا ئلیاس، لێپرسراوی ئەنجومەنى خۆبەڕێوەبەری دیموكراتیك لە شنگال، (کەرکوک ناو)ی وت "دوو هەفتە لەمەوبەر لێپرسراوی ژورى ئۆپەراسیۆنەکانى رۆژئاواى نەینەوا، تەلەفونی بۆ بەڕێوەبەرى ناحیەى سنونێ كردووە و پێیوتووە لە نزیکترین کاتدا سەردانى شنگال دەکات، بەڵام پێش سەردانەکە دەبێت تەواوی ئەو پۆلیسانەی ئەنجومەنى خۆبەڕێوەبەری شنگال دایناون بچنەوە ماڵەوە و چیتر لەسەر شەقام نەبن، بەڵكو پۆلیسی هاتوچۆی سەر بە حكومەتی فیدراڵ دەستبەكاردەبن، ئەوەش لە چوارچێوەی رێككەوتنی نێوان هەولێرو بەغدا".
ناحیەی سنونێ سەر بە قەزای شنگالە و لەڕوی ئیدارییەوە لەژێر دەسەڵاتی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریدایە.
بهپێی ناوهڕۆكی رێككهوتنهكهی بهغدا و ههولێر؛ كە لە كۆتایی 2020 بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال به چاودێری نهتهوه یهكگرتووهكان واژۆكراوە، قایمقامێكی نوێ بۆ شنگال دادهنرێت و به پۆسته ئیداریی و ئەمنییهكانی دیكهی قهزاكهدا دهچنهوه. هەروەها دۆسیهی ئهمنی شنگال دهدرێته پۆلیسی ناوخۆیی، دهزگای ههواڵگری، دهزگای ئاسایشی نیشتمانی به ههماههنگی هێزه ئهمنییهكانی سهر به حكومهتی ههرێمی كوردستان.
خودێدا ئلیاس وتی "ئێمە پێشتریش وتومانە رێككەوتنی شنگال قبوڵناكەین، چونکە بۆچونى خەڵکى شنگال وەرنەگیراوە".
ئێمە پێشتریش وتومانە رێككەوتنی شنگال قبوڵناكەین، چونکە بۆچونى خەڵکى شنگال وەرنەگیراوە
رۆژى 9ی تشرینى دووەم ژمارەیەک لە پۆلیسى هاتۆچۆى سەر بە ئەنجومەنى خۆبەڕێوەبەری شنگال لە ناحیەی سنونێ دژی ئەو هەوڵەی حكومەتی فیدراڵ خۆپیشاندانیان كرد.
تەحسین موراد، لێپرسراوى گشتى پۆلیسى هاتۆچۆی شنگال، وتی "دەیانەوێت ژمارەیەک پۆلیس لە شوێنمان دابنێن، ئەوەش لاى ئێمە هێلى سوورە، چونكە لە ساڵی 2017ەوە بەشێوەی خۆبەخش لەكارداین و ناكرێت ئێستا بماننێرنە ماڵەوە".
"بەنیازین ژمارەیەك پۆلیسى هاتۆچۆ زیادبکەین و دەمانەوێت دواتر بخرێینە سەر بەڕێوەبەرایەتى گشتى هاتۆچوى نەینەوا"، تەحسین موراد وایوت.
هەروەها خودێدا ئەلیاس وتی "ئەو خۆپیشاندانە وەڵامێك بوو بۆ هەوڵەكەی سوپا، دەمانەوێت بە فەرمی بخرێینە سەر حكومەتی فیدراڵ".
هاوكات خودێدا چوکى، بەڕێوەبەرى ناحیەى سنونێ بە (کەرکوک ناو)ى وت "لێپرسراوانی سوپای عیراق بەمنیان وت، ئەو پۆلیسانەی ئێوە كە بەجلى مەدەنییەوە لەسەر شەقامەكانن، دەبێت بچنە ماڵەوە، ئەوەش لای ئێمە قبوڵكراو نییە و دەبێت ئەو پرسە بە لێكتێگەیشتن یەكلاییبكرێتەوە".