وێنەی خوێندكارانی خوێندنگەیەك لە خانەقین تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەتەنێت كە تیایدا بەشێكیان لەسەر كاشی و زەویی پۆلەكان دادەنیشن و وانە دەخوێنن، بەشێكیشیان لە ماڵەوە كورسی لەگەڵ خۆیان دەبەن.
وێنەكان دوو رۆژە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاودەكرێنەوە و چالاكوانان هەڵمەتێكیان بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە دەستپێكردووە، بەپێی وێنەكان خوێندكارانی ناوەندی رانیەی تێكەڵاو لە بارودۆخێكی خراپدا دەردەكەون.
عەبدوڵا ئیبراهیم، بەڕێوەبەری خوێندنگەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ كێشەی كەمی رەحلەمان هەبوو، ژمارەی خوێندكارەكانم لە 120 خوێندكارەوە بووە 140 خوێندكار، بۆیە بەشێك لە خوێندكارەكان لەسەر زەوییەكە داددەنیشن و دەخوێنن".
بەشێك لە خوێندكارەكان لەسەر زەوییەكە داددەنیشن و دەخوێنن
"ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی تشرینی دووەم، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی خانەقین – سەر بە حكومەتی فیدراڵ-م كرد، بڕیاریاندا 70 رەحلەمان بۆ دابین بكەن...". عەبدوڵا وایوت.
خوێندكارانی خوێندنگەی رانیە لە پێكهاتەی عەرەبن و خوێندن تیایدا بە زمانی عەرەبییە. بینای خوێندنگەكە نوێیە و شەش پۆلییە.
خوێندنگەكە جگە لە نەبونی رەحلەی پێویست، كێشەی كەمی كتێب و پێداویستییەكانی تری خوێندنی هەیە لەوانەش بۆرد.
(كەركوك ناو)، چەند جارێك هەوڵیدا لەڕێی تەلەفونەوە لەگەڵ خوێندكاران و مامۆستایانی خوێندنگەكە قسە بكات، بەڵام كەسیان ئامادەی قسەكردن نەبون.
هەروەها محەمەد شاکر، سەرۆكی لقى خانەقینى یەکێتى مامۆستایانى کوردستان وتی كە ئەو ئاگاداری ئەو گرفتە نییە، هەروەها باسی هیچ هەوڵێكی نەكرد بۆ چارەسەركردنی كێشەی خوێندكاران.
سەرکەوت عەلی، چالاکوانی مەدەنی خانەقین، بە (كەركوك ناو)ی وت "تەنیا ئەو خوێندنگەیە ئەو كێشەیەی نییە، چوار خوێندنگە هەمان كێشەیان هەیە، بەتایبەت رەحلەیان نییە تا خوێندكاران لەسەری دابنیشن".
چوار خوێندنگە هەمان كێشەیان هەیە، رەحلەیان نییە تا خوێندكاران لەسەری دابنیشن
بەپێچەوانەی وتەی محەمەد شاكر لە لقی خانەقینی یەكێتی مامۆستایان، سەركەوت عەلی دەڵێت كە لێپرسراوانی قەزای خانەقین ئاگاداری كێشەكەن، "پێشتر سەردانی قایمقامی قەزای خانەقینمان كردووە و هەر لەوێوە نوسراومان بۆ پارێزگاری دیالە ناردووە تا رەحلە بۆ خوێندكاران دابین بكەن و رەحلە شكاوەكان چاكبكرێنەوە".
بە هەوڵی چالاكوانانی خانەقین و هاوكاری خێرخوازان، ساڵی رابردوو سێ هەزار رەحلە بۆ خوێندنگەكانی خانەقین دابینكرا.
"کەمی کەرەستەی نێو خوێندنگەکان زۆرن و تائێستا چارەسەر نەکراون"، سەركەوت عەلی كە لە ئێستادا لە هەوڵدایە بۆ چارەسەركردنی كێشەی خوێندنگەكان وایوت.
بەڵام عەلی حسێن، بەڕێوەبەرى پەروەردەى خانەقین، سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عیراق، وەڵامی پەیوەندییەكانی (كەركوك ناو)ی نەدایەوە لەبارەی كێشەی خوێندنگەكانی خانەقین.
خوێندنگەكانی قەزای خانەقین، بەسەر هەردوو پەروەردەی فیدراڵ و هەرێمدا دابەشبون، كە بەتەواوی پڕۆگرام و سیستمی خوێندنیان جیاوازە.