روفاتەكانی ئەو گۆڕە بە كۆمەڵەی شنگال هەڵگیرانەوە، كە چوار مانگ لەمەوبەر دەزگای هەواڵگری عیراق بە شۆفڵ زەوییەكەی تەختكرد و بڕیاربوو بیكات بە گەراجی راوەستانی ئۆتۆمبێل.
ئەو گۆڕە بە كۆمەڵە لە ناوەندی شنگال و لە شەوی 29ی حوزەیران، لەلایەن دەزگای هەواڵگری عیراقەوە زەوییەكەی بە شۆفڵ و بە مەبەستی بەكارهێنانی بۆ گەراجی ئۆتۆمبێل تەختكرا، هەر ئەوكات ئێسك و پروسكی بەشێك لە گۆڕەكان دەركەوتن، ئەوەش ناڕەزایی خەڵكی قەزاكەی بەدواداهات.
خەیرى عەلى، بەڕێوەبەرى رێکخراوى ئێزیدی بۆ دوکیۆمێنتکردنى بەڵگەنامەکان بە (کەرکوک ناو)ی وت "دواى فشارێکى زۆر لەلایەن رێکخراوەکان، کەسایەتى ئایینیى و خەڵکى ناوچەکە، رۆژى 16ى تشرینى دووەم تیمێک لە فەرمانگەى گوڕە بە کۆمەڵەکان سەردانى گۆڕەکەى كرد و هەمان رۆژ روفاتەکانی بەشێوەیەکى یاسایى و رێکوپێک هەڵگرتەوە".
جەختیشیكردەوە "تەواوی روفاتەكان رەوانەى پزیشکى دادى بەغدا دەکرێن، ئەوەش بە مەبەستى پشکنین و ناسینەوەیان".
تەواوی روفاتەكان رەوانەى پزیشکى دادى بەغدا دەکرێن
"ئێستا کێشەکە چارەسەرکرا و هیچ کەسێک گلەیى نییە، بەڵام جارێ دیار نییە کەى پشکنینەکان لەسەر ئەو روفاتانە لە بەغدا دەكرێن و كەی کۆتایى دێت"، خەیری زیاتر وتی "هەرکاتێک پشکنینەکان لە بەغدا تەواوبون روفاتەکان دەهێنینەوە شنگال و بەخاكیاندەسپێرین".
بەپێی رێکخراوى ئێزیدی بۆ دوکیۆمێنتکردنى بەڵگەنامەکان، ئەو گۆڕە بە كۆمەڵە نزیكەی 10 روفاتی تێدابوو و مێژوی کوشتنیان بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعش دەگەڕێتەوە لە ساڵی 2014ەو 2015.
ناتق عەلو ئەحمەد، لێپرسراوى راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسی شنگال بە (کەرکوک ناو)ى وت "تیمێكی 10 كەسی روفاتەكانیان هەڵگرتەوە، ئەوە كارێكی زۆر گرنگ بوو".
لە مانگی تەمموزی رابردوو، دوای ئەوەی خەڵكی شنگال ناڕەزاییان لە تەختكردنی زەوی ئەو گۆڕە بە كۆمەڵە نیشاندا، چونكە ئیسك و پروسكی بەشێك لە روفاتەكان دەركەوتن، دەزگای هەواڵگری عیراق هەوڵیدا بە گوێنی روفاتەكان بگوازێتەوە، بەڵام خەڵكی شنگال رێگریانكرد.
لە 30ی حوزەیرانیش شاندێکی باڵای ئێزیدییەکان سەردانی دەزگای هەواڵگری عیراقیان كرد لە شنگال و ناڕەزایی ئێزیدییەکانیان پێگەیاندن دژی ئەو كارەیان، بەڵام دەزگای هەواڵگری جەختیكردەوە لەوەی ئەوان نەیانزانیوە گۆڕی بە كۆمەڵە، بۆیە بە شۆفڵ تەختیان كردووە.