دەزگای هەواڵگری عیراق بە شۆفڵ گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە ناوەندی شنگال تەختدەكات

وێنەی سەرەكی شوێنی گۆڕە بە كۆمەڵەكەی شنگالە دوای تەختكردنی لە 29ی حوزەیران، وێنە لاوەكییەكان لەكاتی دۆزینەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكەیە و لەلایەن رێکخراوى ئێزیدى بۆ دۆکیۆمێنتکردنى بەڵگەنامەکانەوە گیراوە لە ئابی 2019ە و دراوە بە (كەركوك ناو)

كەركوك ناو

دەزگای هەواڵگری عیراق پارچەیەك زەوی لە ناوەندی شنگال تەختدەكات، كە بەپێی دوو سەرچاوە شەش تا 10 روفاتی تێدایە و مێژوی كوشتنیان بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعش دەگەڕێتەوە لە ساڵی 2014ەو 2015.

ئەو شوێنە كە دەكەوێتە نێوان هەردوو بارەگای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شنگال و دەزگای هەواڵگری عیراق، لە شەوی 29ی حوزەیران بە شۆفڵ تەختكراوە و بڕیارە بكرێتە گەراج بۆ راگرتنی ئۆتۆمبێلەكانی دەزگای هەواڵگری.

سەرچاوەیەک كە لێپرسراوێتی باڵای هەیە لە ئیدارەدانی قەزای شنگال، بە (كەركوك ناو)ی وت "هێزێكی دەزگای هەواڵگری عیراق كە لە ساڵی رابردووەوە بارەگایان لە ناوەندی شنگالدا هەیە هەستاون بە تەختكردنی زەوییەكی تەنیشت بارەگاكەیان لەكاتێكدایە ئەو زەوییە روفاتی ژمارەیەك هاوڵاتی ئێزیدی تیایە".

ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست لەو پرسەدا ناوی خۆی ئاشكرابكات، ئەوەش لەبەر هەستیاری بابەتەكە، وتی "دوای تەختكردنی زەوییەكە ئێسك و پروسك و جلوبەرگی هاوڵاتیان دەركەوتون... ئەم كارە ئێمە و ئێزیدییەكانی تەواو توڕە كردووە".

دوای تەختكردنی زەوییەكە ئێسك و پروسك و جلوبەرگی هاوڵاتیان دەركەوتون

لە 30ی حوزەیران شاندێكی باڵای ئێزیدییەكان لە پیاوانی ئایینیی و كەسایەتییەكانی ناوچەكە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بارەگای دەزگای هەواڵگری عیراقیان كرد، وەك سەرچاوەكە جەختیكردەوە "ناڕەزایی ئێزیدییەكانیان پێگەیاندون و ئەوان تەنیا وتویانە نەیانزانیوە".

gor-6
شنگال/ 30ی حوزەیرانی 2021/ رۆژێك دوای تەختكردنی گۆڕە بە كۆمەڵەكە فۆتۆ/ تایبەت بە كەركوك ناو

"دەزگای هەواڵگری عیراق لە چوارچێوەی رێككەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال لەم قەزایە جێگیربون، بارەگاكەیان تەنیا 50 مەتر دورە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شنگال"، سەرچاوەكە زیاتر وتی "کارەکەیان زۆر خراپە و دەبوایە پێشتر لێکوڵینەوەیان لەسەر شوێنەکە بکردایە، یان پرسیان بە ئیدارەی شنگال بكردایە".

ئەو شوێنەی تەختكراوە، لە 29 ئابى 2019 لەلایەن رێکخراوى ئێزیدى بۆ دۆکیۆمێنتکردنى بەڵگەنامەکان لە شنگال وەكو گۆڕی بە كۆمەڵ تۆماركراوە.

ئەوكات ئەو رێكخراوە كە لەلایەن هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمەوە گوێی بۆ دەگیرێت و بارەگایان لە هەولێر و شنگال هەیە، بڵاویكردەوە "گۆڕێكی بە كۆمەڵمان بە هاوکارى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى شنگال دۆزییەوە كە شەش تا 10 روفاتی ئێزیدی تێدایە و بە دەستی چەكدارانی داعش كوژراون".

دەروێش چوکى جردۆ، بەڕێوەبەرى رێکخراوى تولاى تایبەت بە رزگاربووانى دەستى داعش بە (کەرکوک ناو)ى وت "ئەو شوێنەى تەختکراوە گوڕێکى بە کۆمەڵى لێیە... ئەوەى کراوە ئیهانەیەکى گەورەیە بە هەموو ئێزیدییەکان بەتایبەت کەسوکارى قوربانیان".

ئەوەى کراوە ئیهانەیەکى گەورەیە بە هەموو ئێزیدییەکان بەتایبەت کەسوکارى قوربانیان

"دواى روداوەکە بەرپرسانى دەزگای هەواڵگری بە خەڵكی شنگالیان وتووە کە ئەوان نەیانزانیوە ئەو شوێنە گۆڕی بە کۆمەڵی لێیە"، دەروێش زیاتر وتی "ئەو شوێنە سەد لەسەد گۆڕی بە كۆمەڵی لێیە ئەوە یەكلاییبۆتەوە و پێویست بە هیچ گومانێك ناكات".

rufatt
شنگال/ 29 ئابى 2019 شوێنی گۆڕە بە كۆمەڵەكە كە لەلایەن رێکخراوى ئێزیدى بۆ دۆکیۆمێنتکردنى بەڵگەنامەکان دۆزرایەوە و وێنەی گیرا.

دەروێش وتی "ناڕەزایی خۆمان لەسەر ئەو پرسە گەیاندۆتەوە لێپرسراوانی شنگال و دەزگای هەواڵگری، پێویستە دەزگاى شەهیدان و تیمەكانی تایبەت بە پشكنینی گوڕە بە کۆمەڵەکان و تەواوى دەزگا پەیوەندیدارەکان بەدواداچون بۆ ئەم بابەتە بکەن، ئێمە لە هەوڵەکانى خۆمان بەردەوام دەبین تاوەکو چارەسەرى ئەم کێشەیە بکەین".

فەلاح حەسەن، ئەندامى دەستەى لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەى زانیارى لە تیمى نیشتیمانى هەڵدانەوەى گۆڕە بە کۆمەڵەکان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە (کەرکوک  ناو)ى وت "ئاگادارى ئەو بابەتەین، بەڵام هێشتا دڵنیانین لەوەی ئایا ئەو ئیسک و پرۆسکانە هى مرۆڤن؟ کێ دەڵێت ئەو ئێسک و پرۆسکانە هى مرۆڤن؟، پەیوەندیمان بە بەغداوە کردووە، هەرکاتێک ئەوان وتیان بەدواداچون بۆ بابەتەکە بکەن ئێمەش بە شێوەیەکى مەیدانى دەچینە شوێنەکە و دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەین".

ئەو دەستەیە كارەكانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عیراق دەكەن و بەبێ رەزامەندی ئەوان ناتوانن پشكنین بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان بكەن.

فەلاح حەسەن وتیشی "هێشتا بەغدا وەڵامیان نەداوەتینەوە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوان دەكەین"، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەكی تر بدركێنێت لەسەر بەدواداچونەكانیان بۆ ئەو پرسە.

هێشتا بەغدا وەڵامیان نەداوەتینەوە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوان دەكەین

(كەركوك ناو)، نەیتوانی بۆ ئەو پرسە لەگەڵ دەزگای هەواڵگری عیراق قسە بكات و هەوڵەكانی سەركەوتوو نەبوو.

له‌ 15ی ئازاری 2019دا هەڵدانەوەی یه‌که‌م گۆڕی به‌ کۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌کان به‌ بڕیاری حکومه‌تی عیراق له‌ گوندی کۆجۆی قه‌زای شنگال دەستیپێكرد و تیایدا 364 ته‌رم له‌ 17 گۆڕدا دەرهێنران، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماری فه‌رمی تیمی نیشتمانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کان سه‌ر به‌ حکومه‌تی عیراقی و لە ئەمساڵدا دوای پشكنینی DNA روفاتەكان گەڕێنرانەوە كۆجۆ و بەخاكسپێردران.

rufat-3
شنگال/ 29 ئابى 2019 شوێنی گۆڕە بە كۆمەڵەكە كە لەلایەن رێکخراوى ئێزیدى بۆ دۆکیۆمێنتکردنى بەڵگەنامەکان دۆزرایەوە و وێنەی گیرا.

به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌بەرایه‌تی کاروباری ئێزیدییان سەر بە وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ سنوری قه‌زای شنگال، 80 گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزراونەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی یەک کەسی، که‌ مێژوه‌کانیان بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش ده‌گه‌ڕێتەوە.

داعش لە ئابی 2014 هێرشیكردە سەر قەزای شنگال زێدی مێژویی ئێزیدییەكان و لە شەو و رۆژێكدا بەبێ بەرگری هێزە ئەمنییەكانی سەر بە حكومەتی هەرێم و عیراق كۆنترۆڵیكرد.

بەپێی راپۆرتی ساڵانەی مافەكانی مرۆڤی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا تایبەت بە عیراق بۆ ساڵی 2020، دوو هەزار و 880 ئێزیدی (هەزار و 304 رەگەزی مێ، هەزارو 576 رەگەزی نێر) لەكۆی شەش هەزار و 417 كەسی رفێنراو هێشتا بێسەروشوێنن.

لەگەڵئەوەشدا 310 هەزار ئێزیدی بەهۆی هێرشی داعش بۆ عیراق ئاوارەبون و لەو ژمارەیە 100 هەزار ئێزیدی ناچار بە بەجێهێشتنی عیراق كراون. هەر بەو هۆیەوە دوو هەزار و 745 منداڵ بێسەرپەرشت ماونەتەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT