شارەزایانی پەروەردە و دایكان و باوكان، رەخنە لەو شێوازی خوێندنە دەگرن كە ئەمساڵ لە ناوەندەكانی خوێندندا پەیڕەو دەكرێت و پێیانوایە سودی ئەوتۆی بۆ منداڵەكانیان نابێت و "بە باشی فێرنابن"، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە دەڵێت "لەپێناو پاراستنی سەلامەتی خوێندكارانە".
بەپێی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی عیراق، خوێندكاران دوو رۆژ بە ئۆنلاین و چوار رۆژ لەناو پۆلدا وانە دەخوێنن، لە سەرتاسەری عیراق جگە لە هەرێمی كوردستان، ئەوەش بۆ رێگریكردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.
قاسم محەمەد، لە كەركوك دادەنیشێت و دوو منداڵی لە قوتابخانەیە، وتی "ئەگەر بە ئۆنلاین بخوێنن، من ناوی نانێم خوێندن، چونكە هیچ فێرنابن، تەنیا خۆ سەرقاڵكردنە بە مۆبایل و هیچی تر... ئێمە ئەزمونی پارمان هەیە كە بە ئۆنلاین هیچ فێرنەبون".
ساڵی رابردوو هەر بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە جگە لە 15 رۆژ كە لەناو پۆلدا بون، تەواوی پرۆسەی خوێندن بە ئۆنلاین بوو. وانەكانیش تەواونەكران.
شەوبۆ محەمەد، منداڵەكەی لە پۆلی سێی سەرەتاییە، وتی "تەنانەت پیتەكان بەباشی ناناسێتەوە، ژمارەكان تێكەڵ دەكات و فێری نوسین نەبووە، لەكاتێكدا پۆلی سێیە و دەبوو بزانێت بە تەواوی بخوێنێتەوە و بنوسێت".
"ئەو دوو رۆژەی بە ئۆنلاین دەخوێنێت، لای من خوێندن نییە، وەكو ئەوە نییە مامۆستا بەسەریانەوە بێت و لە پۆلدا وانە بە وانە بخوێنن و لێیانبپرسێتەوە"، شەوبۆ وایوت.
لە هەفتەیەكدا مامۆستایان شەش رۆژ لە خوێندنگە دەبن، ئەو دوو رۆژەی ئۆنلاینن، ڤیدیۆی وانەكان تۆماردەكەن و لەڕێی تیلیگرامەوە بۆ خوێندكارەكانی دەنێرن.
قاسم محەمەد، وتی "بەردەوام چاودێری منداڵەكان دەكەم، بەڵام هەستەكەم بە ئۆنلاین ئاستیان لاوازە و زۆر گوێی پێنادەن، چ جای ئەوەی منداڵ مۆبایلی بدەیتە دەست... ئینجا كێشەی نەبونی كارەبا هەیە لە بەیانیاندا، رەنگە هێڵەكەت یان مۆبایلەكەت بكوژێتەوە، ئەمەش كێشەیەكی گەورەیە".
عومەر قادر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی كەركوك، لەوبارەیەوە وتی "ئەگەر ئەو شێوازە خوێندنەمان پێ باش بێت یان خراپ، دەبێت جێبەجێی بكەین، چونكە ئەوە بڕیاری وەزارەتی پەروەردەیە".
"بۆ تەندروستیی و پارێزراوی گیانی خوێندکاران گرنگە، بەڵام لە هەمانكاتدا زیانی زۆرە بۆ ئاستی فێربونی خوێندكاران"، عومەر وایوت.
هەرسێ خوێندنی عەرەبی، كوردی و توركمانی لە كەركوك پابەندن بە بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەردەی عیراق، بەڵام بەگشتی گلەیی لەوە دەكەن، كە لە دانانی بڕیارەكەدا رەچاوی هەندێك شتیان نەكردووە، لەوانە توانای خێزانەكان بۆ دابینكردنی پێداویستەكانی خوێندنی ئۆنلاین. لە كۆمپیوتەر یان مۆبایل و هێڵی ئینتەرنێت.
شێرزاد رەشید کاکە، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە كەركوك، وتی "بڕیارەكەی وەزارەت کاریگەی خراپی دەبیت لەسەر ئاستی خوێندکار، ئاستی زانستی و فێربونی خوێندکار باش دەبیت، ئەگەر هەموو رۆژەكان لەناو پۆلدا بێت".
سەیران بەهادین، شارەزای پەروەردەیی، پێیوایە خوێندن بە ئۆنلاین لە عیراق، بە مانای "هەڵوەشاندنەوەی سیستمی خوێندن و فێربون دێت".
ئەو زیاتر وتی "سیستمی ئۆنلاین ناتوانێت لەسەدا 40ی زانیارییەكان بە خوێندكار بگەیەنێت، لەم حاڵەتەدا دەبێت دایکان و باوکان زۆر بەوردی بە ئەركی چاودێری رۆڵەكانیان هەستن".
سیستمی ئۆنلاین ناتوانێت لەسەدا 40ی زانیارییەكان بە خوێندكار بگەیەنێت
"گرنگە حکومەت لەو بابەتە رەچاوی ئاستی زانستی خوێندکار و ئاستی رۆشنبیریی و تێگەیشتنی خێزانەكان بكات بۆ سیستمی ئۆنلاین... لەم دوو ساڵەی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا هەستدەكەین چارەسەرێك نەگیراوەتەبەر بۆ سیستمی خوێندن و بەرەو داڕوخان دەچێت".