بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی كەركوك، بڕیاری سزدانی ئەو مامۆستایەی واژۆ كردووە كە بە داری ماسیحە لە خوێندكارەكەیدا، ئەوەش بە دورخستنەوەی بۆ دەرەوەی شار و راگرتنی پلەبەرزكردنەوەی بۆ ساڵێك، بەڵام بۆ پەسەندكردنی بڕیارەكە، دەقی راپۆرتی لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ وەزارەتی پەروەردەی عیراق بەرزكراوەتەوە.
بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە 10ی تشرینی دووەم، لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكرایەوە؛ تیایدا مامۆستایەك بە بەرچاوی ژمارەیەك خوێندكاری دیكەی مێردمنداڵەوە لە ناو پۆل و لەبەردەم تەختەنوسینی پۆلەكەدا، بە ماسیحەیەك تا هێزی تیایە سێ جار بە خوێندكارێكدا دەكێشت و جنێوی پێدەدات.
هەمان رۆژی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆكە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك لە راگەیەنراوێكدا جەختیكردەوە لەوەی ئەو روداوە لە كەركوك و لە ئامادەیی حیكمەی كوڕان رویداوە، هەرئەوكات لبژنەیەكی سێ كەسی بۆ لێكۆڵینەوە و ئیجرائاتكردن لە روداوەكە پێكهێنا، ئەوەش لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردەی عیراق.
لە 11ی تشرینی دووەم، لیژنەیەكە سەردانی ئامادەیی حیكمەی كرد و لە راپۆرتێكدا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكەی بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە بەرزكردەوە، ئەوەش دوای وەرگرتنی وتەی، مامۆستاكە و بەڕێوەبەرەكەی، هەروەها ژمارەیەك هاوپۆلی خوێندكارەكە و باوكی خوێندكارەكە.
سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "لیژنەكە راپۆرتی خۆیان تەواو كرد و رادەستی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەیان كرد، بەڕێوەبەری پەروەردەش واژۆی لەسەر كردووە و ئیجرائاتی دەستپێكردووە".
گرتەی ڤیدیۆیی لێدانی خوێندكارێك لەلایەن مامۆستاكەیەوە لە كەركوك.
بەپێی ئیجرائاتەكان، "بڕیاری سزادانی مامۆستاكە دراوە بە گواستنەوەی بۆ دەرەوەی شار، لەناو كەركوكەوە بۆ قەزای دوبز، هەروەها راگرتنی پلەبەرزكردنەوەی بۆ ساڵێك"، سەرچاوەكە وای بە (كەركوك ناو) وت.
بەڵام جەختیكردەوە "لەبەرئەوەی لیژنەكە لەسەر راسپاردەی وەزارەتی پەروەردە پێكهێنراوە، دەبێت ئەوان رەزامەندی كۆتایی لەسەر بدەن، ئینجا بڕیارەكە جێبەجێدەكرێت".
ئەندامێكی لیژنەكەش كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەم رۆژانەدا راپۆرتی لیژنەكە بڵاودەكەنەوە، بەڵام چاوەڕێی گەڕانەوەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە دەكەن كە بەسەردانێك لە نەجەفە".
مامۆستاكە وانەی ئینگلیزی بە خوێندكارەكان دەوتەوە و خوێندكارەكەش لە پۆلی پێنجی ئامادەیی بوو.
بەپێی قسەی بەشێك لە هاوپۆلەكانی خوێندكارەكە، كە پێشتر قسەیان بۆ (كەركوك ناو) كردووە، تیایدا جەختیانكردەوە لەوەی ئەوكاتەی مامۆستاكە لە خوێندكارەكەی داوە "وانەكە شاغر بووە و هیچ مامۆستایەك لە پۆلدا نەبووە... خوێندكارەكان لە نێویاندا ئەو خوێندكارەی لێیدراوە پێكەنیون، مامۆستاكەش كە هاتۆتە ژوورەوە توڕە بووە و ماسیحەی پێبووە و چەند جارێك لە خوێندكارەكەی داوە".