كۆرۆنا، خوێندنگەیەك و ژمارەیەك پۆل لە داقوق دادەخات

كەركوك/ تشرینی دووەمی 2021/ پێدانی ڤاكسین بە خوێندكاران لە ناوەندێكی خوێندن. فۆتۆ: راگەیاندنی تەندروستی كەركوك

كەركوك ناو

شانەی قەیرانی كەركوك بڕیاریدا بە داخستنی خوێندنگەیەكی دواناوەندی لە قەزای داقوق و داخستنی دوو پۆل لە ئامادەییەكی تری هەمان قەزا.

داخستنی دواناوەندەی هەمسەی كچان لە داقوق دوای ئەوە هات بەپێی پشكنینەكان دەركەوتووە حەوت خوێندكاریان هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان، ئەوەش لەكۆی 725 خوێندكار لە تەواوی خوێندنگەكە.

سەرپەرشتیارێكی پەروەردەیی لە داقوق، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "داخستنەكە بۆ ماوەی دوو هەفتەیە و بەپێی نوسراوی شانەی قەیران لە كەركوك بڕیارەكە دراوە".

شانەی قەیران لە ساڵی رابردودا پێكهێنرا، ئەوەش تایبەت بە پێشهاتەكان لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆناو  پاراستنی هاوڵاتیان. ژمارەیەك لە لێپرسراوانی فەرمانگە ئیداریی، ئەمنیی و خزمەتگوزارییەكان تیایدا ئەندامن.

بەپێی بڕیاری شانەكە، هەر خوێندنگەیەك ئەگەر پێنج خوێندكار تیایدا هەڵگری ڤایرۆسەكە بن، ئەوە خوێندنگەكە بۆ دوو هەفتە دادەخرێت، ئەوەش لەپێناو رێگرییكردن لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەكە لە ناو خوێندكاراندا.

ئەو بڕیارە لەكاتێكدایە شەممەی رابردوو 27ی تشرینی دووەم، خوێندكارێكی ئامادەیی داقوق دوای دوو رۆژ لە وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا گیانیلەدەستدا و لە ئێستادا وەزارەتی تەندروستی عیراق تیمێكی لە كەركوكەوە بۆ لێكۆڵینەوە لە هۆكارەكانی گیانلەدەستدانی ئەو خوێندكارە.

بەو هۆیەوە لە ئامادەیی داقوق دوو پۆل بۆ كاتێكی نادیارە داخراون و خوێندكارەكان رەوانەی ماڵەوە كراون.

بەپێی بڕیاری وەزارەتی تەندروستی عیراق، هەموو مامۆستا و كارمەندێكی پەروەردەیی و خوێندكارێك لە سەروی 12 ساڵ، پێویستە ڤاكسینەكە وەربگرێت، یان هەفتانە پشكنینی كۆرۆنا بكات و ئەنجامەكەی بۆ خوێندنگەكەی بباتەوە، بە پێچەوانەوە رێگەی پێنادرێت دەوام بكات.

بۆ ئەو مەبەستە فەرمانگەی تەندروستی كەركوك تیمەكانی بۆ ناو ناوەندەكانی خوێندن دەنێرێت و لەوێ پێكوتەیان پێدەدەن.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT