حكومەتی فیدراڵی دواجار رەزامەندی نیشانداوە بە كردنەوەی پەناگەیەك بۆ ژنانی هەڕەشەلێكراو، ئەوەش دوای چەندین هەوڵ و داواكاری بەردەوامی چالاكوانان و داكۆكیكارانی ژنان دێت.
كردنەوەی پەناگەكە بەپێی وتەی ئینتیسار كەریم، لێپرسراوی بەشی پەرەپێدان و ئافرەتان لە ئیدارەی پارێزگای كەركوك، تەنیا لەسەر كات و چەند كارێكی لۆجستی وەستاوە و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا بەڕوی ژنانی هەڕەشەلێكراودا بكرێتەوە.
"هەموو رێکارە یاساییەکان کۆتایى پێهاتووە و حكومەتی عیراق رەزامەندی لەسەر نیشانداوە، ئەوەی ماوە كۆتایپێهاتنی نۆژەنكردنەوەی بیناكە و دابینكردنی پێداویستییەكانی ناو پەناگەكەیە"، ئینتیسار زیاتر وتی "لەم رۆژانەدا بە فەرمی دەكرێتەوە".
گرنگی كردنەوەی پەناگە (شێڵتەر) بۆ ژنانی هەڕەشەلێكراو لەوەدایە، چیتر پێویست ناكات بۆ پاراستنی ژیانیان رەوانەی پەناگەكانی بەغدا یان سلێمانی بكرێن، كە خواستی زۆرێك لە ژنانی هەڕەشەلێكراو نەبوو بۆ پارێزگایەكی تر بگوازرێنەوە.
بەپێی ئامارێكی فەرماندەیی پۆلیسی كەركوك بۆ (كەركوك ناو) لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا نزیكەی 500 دۆسیەی توندوتیژی بە رەسمی تۆماركراون.
رائید عامر نوری، وتەبێژی فەرماندەیی پۆلیس بە (كەركوك ناو)ـی وت "ئەو 500 دۆسیەیە جۆراجۆرن؛ لەوانە شەڕی نێوان هاوسەر، خیانەتی هاوسەرگیری، بردنی منداڵ لەلایەن تەرەفێك و چەندین كێشەی دیكەی تێدایە، بەشێك لە دۆسیەكان یەكلاكراونەتەوە و بەشێكیشیان هێشتا لە قۆناغی لێكۆڵینەوەدان".
چالاكوانانی ژنان داوادەكەن لەگەڵ كردنەوەیدا كەمپینێكی میدیایی بۆ بكرێت، تا ئەو ژنانەی هەڕەشەیان لەسەرە بزانن شوێنێك هەیە بۆ پاراستنی ژیانیان. ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی رێكحراوەكانی ژنان دەیان كەیسی توندوتیژیی و ژنانی هەڕەشەلێكراو هەن، كە لەبەرئەوەی هیچ پەناگەیەك نەبوو لەخۆیان بگرێت، لەترسی كەسوكاریان ناچار تێكەڵ بە باندە لەشفرۆشییەكان بون.
سەبرییە حازم (26ساڵ)، لە یەكێك لە ترافیكەكانی كەركوك، "بەخت دەگرێتەوە"، یەكێكە لەو دەیان ژنەی لە 10 ساڵی رابردودا لەژێر هەڕەشەدا تێكەڵ بە باندەكانی لەشفرۆشی بووە.
سەبرییە رەنگى پێستى ئەسمەرە و تەمەنى زۆر گەورەتر دەردەكەوێت لە تەمەنی راستەقینەی خۆی، "19 ساڵ بوم شومكرد، ئەوكات ماڵمان لە دەرەوەی كەركوك بوو، دوای ساڵێك بۆم دەركەوت مێردەكەم ماددەی هۆشبەر بەكاردەهێنێت... لە سەربان و لەشوێنی كۆترەكانی دەیشاردەوە "، زیاتر وتی "زۆر خراپ بوو لەگەڵم، رۆژانە بە توندی لە دەم و چاوی دەدام، دەیوت با هەموو دراوسێیەكان بزانن لێتدەدەم، منیش رۆژێك ناچاربوم بگەڕێمەوە ماڵی باوكم و لەدەستی رامكرد".
لەو ماوەیەدا بە وتەی سەبرییە، هاوژینەكەی بەردەوام هەڕەشەی كوشتنی لە دایك و باوكی كردووە و داوای گەڕانەوەی سەبرییەی كردووە. بەبێ ئەوەی سەبرییە پەنا بۆ دادگا ببات.
سەبرییە تاقانەی دایك و باوكی بووە، پاش ماوەیەك باوكی مردووە و ئەویش لە ژێر فشاردا گەڕاوەتەوە لای مێردەكەی، "هەڕەشەی لێدەكردم، ئێمەش كەسوكارمان نەبوو ناچاربوم گەڕامەوە لای... زیاتر لەبەر كوڕە یەك ساڵانەكەم گەڕامەوە لای".
هەڕەشەی لێدەكردم، ئێمەش كەسوكارمان نەبوو ناچاربوم گەڕامەوە لای
چیرۆكی ژیانی سەبرییە لەگەڵ ئەو هاوژینەی پڕبووە لە ئەشكەنجە و ئازار، بۆیە رۆژێك كوڕەكەی بەجێدەهێڵێت و پەنا بۆ رێكخراوێكی ژنان دەبات، ئەوانیش بۆ ئەوەی ژیانی نەكەوێتە مەترسییەوە رەوانەی پەناگەیەكی دەكەن لە بەغدا.
بەڵام سەبرییە دەڵێت لەو پەناگەیە ئاسودە نەبووە، "لەگەڵ هەموو جۆرە ژنێك تێكەڵ دەكراین، من تێكەڵ بە ژمارەیەك ژن بووم كە لە ترافیكەكان بەخت-یان بۆ خەڵك دەگرتەوە و دەستگیركرابون و لە پەناگەكەدا هێڵدرابونەوە".
دوای دوو ساڵ سەبرییە لەسەر داوای خۆی شێڵتەرەكەی بەغدا بەجێدەهێڵێت و دەگەڕێتەوە كەركوك، ئێستا لە ترافیكەكان "بەخت" دەگرێتەوە. "هەندێك كەس بۆ ئەوەی دەستیان بگرم و دەست لە جەستەم بدەن، تا 10 هەزار دینارم پێدەدەن".
رێكخراوەكان دەڵێن، نەبونی پەناگەیەكی باش و پارێزراو بۆ ژنانی هەڕەشەلێكراو، هۆكارە بۆ دروستبونی نمونەی دەیان كەیسی هاوشێوەی سەبرییە.
سەبرییە وتی "هەندێك كات شۆفێرەكان پێمدەڵێن وەرە باخم هەیە و ئەمشەو لای من بە، منیش هەركات پارەی هۆتێلم پێ نەبێت، لەگەڵیان دەردەچم".
ئنتیسار کەریم، لێپرسراوی بەشی پەرەپێدان و ئافرەتان لە ئیدارەی پارێزگای كەركوك، وتی "هەوڵە بەردەوامەكانمان بۆ كردنەوەی پەناگە لە 10 ساڵی رابردودا، دوای زیادبونی حاڵەتەكانی توندوتیژی دژ بە ژنان هات لە شارەكە". بەڵام رونینەكردەوە ئەوان چ جۆرە ژنێك لەخۆدەگرن. رون نییە تائێستا هیچ رێنماییەكیان هەیە بۆ وەرگرتنی ژنان یان نا.
سەجاد جومعە، لێپرسراوی نوسینگەی کەرکوک کۆمیسیۆنى باڵای مافەكانی مرۆڤـ لە عیراق، وتی "ئاگادارم كردنەوەی پەناگەكە نزیكە.... ئەمە کارێکى زۆر باشە، چونكە لە شاری كەركوك حاڵەتەكانی هەڕەشەلێكردن و توندوتیژی دژ بە ژنان زۆرە...".
لەبارەی ئەو لایەنەی چاودێری پەناگەكە دەكات، سەجاد وتی "لەژێر چاودێری وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى-دا دەبێت، كادیری شارەزای بۆ تەرخان دەكرێت".
"پێویستە دەزگاكانی راگەیاندن، لەكاتی كردنەوەیدا هەڵمەتێكی باشی بۆ بكەن، بۆ ئەوەی كردنەوەی پەناگەكە بگاتە ئەو ژنانەی هیچ شوێنێك بۆ مانەوە شك نابەن و لەژێر هەڕەشەدان". سەجاد جومعە وایوت.