گوندی لهێبان چۆڵدەكرێت
لە ماوەی هەفتەیەكدا سێجار داعش هێرشیكردۆتە سەریان

كەركوك/5ی كانونی یەكەمی 2021/ دیمەنێك لە بەرگریكردنی دانیشتوانی گوندی لهێبان دژی داعش، بەر لە چۆڵكردنی گوندەكە. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

دانیشتووانی گوندی لهێبان، گوندەكەیان چۆڵكرد، ئەوەش بەهۆی هەڕەشەی بەردەوامی چەكدارانی داعش، كە لە ماوەی هەفتەیەكدا سێ جار و لە شەودا هێرشیانكرایە سەر و خۆیان بەرپەرچی هێرشەكانیان دایەوە. باس لەوەشدەكرێت چەكدارانی داعش چوبێتنە ناو گوندەكەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە 5ی كانونی یەكەم، دواین ماڵ، گوندەكەی چۆڵكرد و بەرەو ناوچە ئارامەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەكان رۆیشتن، ئەوەش دوای ئەوەی نە سوپای عیراق و نە هێزەكانی پێشمەرگە ئامادەنەبون هێز بۆ هاوكاریكردن و پاراستنیان بنێرن.

سلێمان محەمەد، گوندنشین، كەمێك لەمەوبەر بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە دواین خێزان بوین كە گوندەكەمان چۆڵكرد... مەترسی جدی لەسەر ژیانمان هەبوو، هەفتەیەكە خۆمان گوندەكە دەپارێزین و لەو ماوەیەدا سێ جار هێرشكرایە سەرمان، بەبێ ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق بەهانامانەوە بێن".

هەفتەیەكە خۆمان گوندەكە دەپارێزین و لەو ماوەیەدا سێ جار هێرشكرایە سەرمان، بەبێ ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق بەهانامانەوە بێن

گوندی لهێبان، سەر بە ناحیەی سەرگەڕان لە باكوری خۆرئاوای كەركوك، دەكەوێتە دامێنی چیای قەرەچوغ و دانیشتوانەكەی كوردن.

gundi.lheb
كەركوك/5ی كانونی یەكەمی 2021/ دیمەنێك لە بەرگریكردنی دانیشتوانی گوندی لهێبان دژی داعش، بەر لە چۆڵكردنی گوندەكە. فۆتۆ: كەركوك ناو

رەمەزان رەسوڵ، لێپرسراوی كۆمیتەی رێكخستنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، لە ناحیەی سەرگەڕان، بە (كەركوك ناو)ی وت "تا درەنگانێكی ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە لەناو گوندەكە بوین، خەڵكەكەی هەمویان چۆڵیانكرد و ئێمەش گەڕاینەوە بۆ سەرگەڕان... بەداخەوە هیچ هێزێك ئامادەنەبوو پارێزگاری لەو گوندنشینانە بكات".

جەختیشیكردەوە "لەڕێی كامێرای حەرارییەوە ئەمشەو چەكدارانی داعش بینراون كە چونەتە ناو گوندەكەوە... لەكاتێكدا بەشێك لە خێزانەكان هێشتا مەڕ و ماڵاتەكانیان لە ناو گوندەكەدا ماوە".

شەوی 2ی كانونی یەكەم، یەكەم هێرش كرایە سەر گوندی لهێبان، بەڵام خەڵكەكەی لەدژی داعش وەستانەوە و رێگەیان نەدا پێشڕەوی بكەن.

سلێمان محەمەد وتی "شەوی رابردوش لە كاتژمێر نۆوە تا سێی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە چواردەوری گوندەكەمان بە چەكدارانی داعش گیرا، بەڵام رێگەمان نەدا بێنە ناو گوندەكەوە... ئیتر بێئومێدبوین لە هێزە عیراقییەكان و هێزی پێشمەرگە و گوندەكەمان چۆڵكرد".

ئیتر بێئومێدبوین لە هێزە عیراقییەكان و هێزی پێشمەرگە و گوندەكەمان چۆڵكرد

گوندەكە تا روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، كاتێك هێزە عیراقییەكان بۆ تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك گەڕانەوە، نزیكەی 70 ماڵ دەبون، بەڵام بەر لەم هێرشانەی داعش بۆ 20 ماڵ كەمبونەوە، تا ئەمڕۆ یەكشەممە 5ی كانونی یەكەم، دواین خێزان ماڵئاوایی لە گوندەكە كرد و هێشتا رون نییە بە رۆژ دەگەڕێنەوە بۆ گوندەكە یاخود نا.

چۆڵكردنی ئەو گوندە دوای زنجیرەیەك هێرشی داعش دێت بۆ سەر گوند و سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە بناری چیای قەرەچوغ لە 2ی كانونی یەكەم، كە بەهۆیەوە 13 كەس كوژران (سیانیان مەدەنین و برا بون) و خەڵكی دانیشتوی گوندی خدر جیجە بون سەر بە قەزای مەخمور، 10 كوژراوەكەی تر پێشمەرگە بون.

زنجیره‌ چیای قه‌ره‌چوغ، له‌ رۆژهه‌ڵاتی قه‌زای مه‌خمور و باشوری خۆرهه‌ڵاتی پارێزگای نه‌ینه‌وا، ناوچەیەكی تاڕادەیەك سەخت و زنجیرە چیای بەرزی لێیە و بۆتە شوێنی خۆحەشاردانی چەكدارانی داعش.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT