هێزێكی پێشمەرگە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە چونە ناو گوندی لهێبان-ەوە و بەشێك لە خەڵكەكەشی گەڕانەوە بۆ ناو گوندەكە.
ئێوارەی دوێنێ یەكشەممە 5ی كانونی یەكەم، تەواوی دانیشتووانی گوندەكە چۆڵیانكرد و ماڵەكانیان بەجێهێشت، ئەوەش دوای سێ هێرشی داعش هات بۆ سەر گوندەكە لە ماوەی هەفتەیەكەدا.
عەلی رەحمانی گوندنشین، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەشێك لە دانیشتوان بەیانی ئەمڕۆ بەچەكەوە گەڕاینەوە بۆ گوندەكە، چونكە مەڕ و ماڵاتمان لێرە بەجێهێشتووە... ئێستا ترسی ئەوەمان هەیە داعش ناو گوندەكەی بۆمبڕێژكردبێت".
بەپێی وتەی گوندنشینان، شەوی رابردوو داعش چونەتە ناو گوندەكەوە و ماوەیەك ماونەتەوە، بەڵام هێشتا رون نییە چییانكردووە.
عەلی رەحمان وتیشی "تەنیا خۆمان هاتوینەتەوە و ماڵ و منداڵمان نەهێناوە، چونكە ژیانمان پارێزراو نییە".
رەمەزان عوسمان، لێپرسراوی کۆمیتەی رێكخستنی سەرگەڕانی یەکێتیی نیشتیمانیی كوردستان، جەختیكردەوە لەگەڵ گەڕانەوەی بەشێك لە خەڵكی ئەو گوندە، "هێزێكی پێشمەرگە بە 15 ئۆتۆمبێلەوە چونەتە ناو گوندەكەوە و لە ئێستادا لەگەڵ خەڵكەكە لەناو گوندەكەدان". بەڵام وتی كە زانیاریی نییە لەوێ جێگیردەبن یان نا.
گوندەكە تا روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، كاتێك هێزە عیراقییەكان بۆ تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك گەڕانەوە، نزیكەی 70 ماڵ دەبون، بەڵام بەر لەم هێرشانەی داعش بۆ 20 ماڵ كەمبونەوە.
دوێنێ شەو لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا ڤیدیۆیەك بڵاوكرایەوە، گوایا چەكدارانی داعش ئاگریان لە گوندەكە بەرداوە، بەڵام سەرچاوەیەكی باڵا لە هێزە ئەمنییەكانی كەركوك، هەر شەوی رابردوو وتی "داعش گوندەكەی نەسوتاندووە، بەڵكو دواین كەس لە خەڵكی گوندەكە كە گوندەكەی بەجێهێشتووە تایەی لە دەوروبەری گوندەكە سوتاندووە".
هاوكات عەلی رەحمان، دانیشتوی گوندی لهێبان، رەتیكردەوە گوندەكە سوتێنرابێت.