چوار كچ رێژەی وەرگرتنی ڤاكسین لە كەمپێكی ئاوارەكاندا بەرزدەكەنەوە

دهۆك/ كانونی یەكەمی 2021/ تیمی رێكخراوی ژیندا پۆستەری هۆشیاركردنەوە لە ناو كەمپی ئاوارەكانی خانكێ بڵاودەكەنەوە. فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز – دهۆك

خالید میرزا (28ساڵ)، تا هەفتەیەك لەمەوبەر بەهیچ شێوەیەك ئامادەنەبوو ڤاكسینی دژە كۆرۆنا وەربگرێت، "دەیانوت زیانی هەیە"، بەڵام تیمێكی چوار كەسی كە هەر چواریان كچن، هەردوو رێكخراوی ژیندا و وادی پشتیوانیان دەكەن، لەڕێی هەڵمەتێكەوە كاریگەرییان لەسەر خێزانەكەی خالید دروستكرد و هەفتەی رابردوو پێنج كەسی ئەو خێزانە ژەمی یەكەمی ڤاكسینەكەیان وەرگرت.

خالید لە كەمپی ئاوارەكانی خانكێ دەژیت، وتی "تیمەكانیان هاتنە كەمپەكەوە، گفتوگۆیان لەگەڵ كردین و زانیاری زۆر بە سودیان پێداین، تێیانگەیاندین كە چەند گرنگە لەپێناو سەلامەتی خۆمان و خێزانەكەمان ڤاكسین وەربگرین... خۆمان كوتاو هیچ زیانێكی نەبوو، سوپاسی ئەوان دەكەین".

چوار كچ لەو كەمپە، تیمێكیان دروستكردووە كە هەردوو رێكخراوی وادی ئەڵمانی و ژیندا پاڵپشتییان دەكەن، لەڕێی هەڵمەتێكەوە كە دوو مانگە لە ناو كەمپی خانكێی تایبەت بە ئاوارەكان دەستیانپێكردووە، ئامانجیان ئەوەیە هانی ئاوارەكان بدەن ڤاكسین وەربگرن، هەڵمەتەكە لەژێر ناونیشانى "داپیر و باپیرمان لە دەست داعش رزگاریان بوو، نامانەوێت بەهۆى کۆرۆناوە لە دەستیان بدەین".

zhinda
ئایە جەلال، رێکخەرى پڕۆژەکان لە رێکخراوى ژیندا، گفتوگۆ لەگەڵ هاوڵاتییەكی كەمپی خانكێ دەكات بۆ ئەوەی ڤاكسینی كۆرۆنا وەربگرێت. فۆتۆ: كەركوك ناو

ئایە جەلال، رێکخەرى پڕۆژەکان لە رێکخراوى ژیندا و یەكێك لەو چوار كچەی تیمەكە، بە (كەركوك ناو)ی وت "رۆژانە دەچینە كەمپەكەوە، بە چەندین شێوازى جیاواز هانی ئاوارەكان دەدەین ڤاكسین وەربگرن، بە گفتوگۆ و پێدانی زانیاری، یان پۆستەری هۆشیاركردنەوە و هەڵواسینیان لە كەمپەكە".

"ئامانجمان ئەوەیە زۆرترین ئاوارە ڤاکسین وەربگرن، هەستدەكەین ئەوەشمان بەدەستهێناوە"، ئایە جەلال وایوت.

بەپێی ئامارێكی رێكخراوی ژیندا، كاتێك ئەوان دەستیان بە هەڵمەتەكە كرد، "تەنیا لەسەدا 20ی ئاوارەكان ڤاكسینیان وەرگرتبوو، بەڵام تا كۆتایی هەفتەی رابردوو رێژەكە بۆ لەسەدا 40 بەرزبۆتەوە"، بەپێی وتەی ئایە.

ئەو وتی "رۆژانە 30 كەس خۆیان دەكوتن".

14هەزار و 123 كەس لە كەمپی خانكێ دەژین، ئەوەش لە چوارچێوەی دوو هەزار و 705 خێزان.

خالید میرزا كە یەكێكە لەو كەسانەی دوای هەڵمەتەكەی ئەوان ڤاكسینی وەرگرتووە، وتی "ئەوانەی بە تەمەنن بەرگری لەشیان بەهێز نییە و لە ئەگەری توشبون بە ڤایرۆسەكە رەنگە گیانلەدەستبدەن، ئێمەش لە پیناو پاراستنی خۆمان و ئەوانیش ڤاكسین وەردەگرین و بۆ ئەوەش تیمەكانی ژیندا و وادی هانیان داین".

یەكێك لە ئەندامانی تیمی وادی، زانیاری لەسەر هەڵمەتەكەیان ئاشكرا دەكەن

حەنان خدر سوبحى، خەڵکى گوندێ تل قەسەبە سەر بە قەزاى شنگال و حەوت ساڵە لە کەمپى خانکێ دەژیت و یەکێکە لە ئەندامى تیمى ژیندا، وتی "خێوەت بە خێوەت لە بەیانى تا ئێوارە لەناو ئاوارەکاندا دەگەڕێین، سەرەتا خەڵكەكە دەیانوت: ئەگەر ڤاكسین وەربگرین دەمانكوژێت، یان توشی دەیان نەخۆشی تر دەبین، بەڵام دوای گفتوگۆی بەردەوام و راستكردنەوەی زانیارییەكان، زۆرینە بڕیاریاندا ڤاكسین وەربگرن".

لەناو كەمپەدا پۆستەری هۆشیاركردنەوە و هاندان بۆ وەرگرتنی ڤاكسین بڵاوپێكراوە و بۆ ئەوەش لێپرسراوانی كەمپەكە ئاسانكارییان بۆ دەكەن.

ئایە جەلال وتی "لە بەرنامەماندایە هەڵمەتەكە بۆ چوار كەمپی تر بگوازینەوە و بەردەوامی پێبدەین".

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT