حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایدەكات، ژمارەیەك لە گەنجانی شاری كەركوك دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق دەستگیركراون و روبەڕوی ئەشكەنجەدان بونەتەوە، بۆیە پێویستە قەرەبووبكرێنەوە.
ئەو داوایە ئەمڕۆ چوارشەممە 15ـی كانونی یەكەمی 2021 دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە، دەربارەی روداوەكانی دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 10ـی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ لە كەركوك.
بەپێی بەیاننامەكەدا، پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكان هەڵمەتێكی هەڵكوتانە سەر ماڵ و دەستگیركردنی گەنجانی كوردیان لەو كاتەدا دەستپێكردووە، كاتێك خەڵك سەرقاڵی ئاهەنگگێڕان بون.
"سوپای عیراق، پۆلیسی خۆجێی، ئاسایشی نیشتمانی و پۆلیسی سواتی فریاکەوتن دەستیان کرد بە دەستگیرکردنی هاووڵاتیان لە گەڕەکەکانی (رەحیماوا، شوڕیجە، دەروازە، ئیسکان، ئازادی، پەنجا عەلی و کوردستان) دواتر دەستگیر کراوەکان رادەستی بنکەی پۆلیسی (ئازادی و رەحیماوە) کراون لە ئەنجامدا نزیکەی (80) هاووڵاتی دەستگیر کران، لەوانە (50) کەسیان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە" بەوتەی زێباری.
لە رۆژانی 11ەو 12 تشرینی یەكەم، هێزە ئەمنییەكانی كەركوك ژمارەیەك گەنجی كوردییان لە هەردوو گەڕەكی رەحیماوا و شۆریجە دەستگیركرد، ئەوەش بە تۆمەتی "تێكدانی ئاسایش"ی شارەكە و رێگریكردن لە بە ئازادی كاركردنی هاوڵاتیان. دەستگیركردنەكە دوای ئەوە هات كە گەنجەكان ئاهەنگیان گێڕا بە بۆنەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكان و دواتر سەریكێشا بۆ بارگرژیی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكان، لە رۆژانی دواتریشدا هەمویان ئازادكران.
لە بەیاننامەكەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكاندا هاتووە "بەبێ بڕیاری دادگا و داوەر ئەو گەنجانە دەستگیر کراون، بەڵکو بە فەرمانی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک دەستگیر کراون لەژێر حوکمی سەربازی".
"ئەو کەسانەی دەستگیر کرابوون دووچاری ئەشکەنجە بوون و ئاسەواری ئەم ئەشکەنجەدانە بەسەر جەستەیانەوە دیارە، لەرووی جەستەییەوە بە دار و کێبڵ و داری کارەبایی ئەشکەنجەدراون، هەروەها رووبەڕووی ئەشکەنجەی دەروونیش بوونەتەوە" هەر بەپێی بەیاننامەكە.
هەروەها دیندار زبێاری دەڵێت کەلوپەل و مۆبایل و ماتۆرسکیلەکانیان لێسەندراوە، جلوبەرگی بەریان دڕێندراوە، "لەرووی دەروونی و جەستەییەوە دووچاری ئازارێکی و ئەشکەنجەدان بوونەتەوە... دوای رووداوەکان بازگەی سەربازی دانرابوون خەڵکیان ئازار دەدا، هەروەها هێزە عێراقییەکان بە دوای کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی ئەو رۆژنامەنووسانە بوون کە رووماڵی رووداوەکانیان کردبوو و لە هەوڵی دەستگیرکردنیاندابوون".
بەوتەی لێپرسراوەكەی حكومەتی هەرێم، دەستگیركراوەكان بەڵێننامەیان پێ پڕكراوەتەوە نابێت بۆ ماوەی شەش مانگدا بەشداری لە هیچ گردبوونەوە و ئاهەنگێکی جەماوەریدا بکەن، "لە رووی یاساییەوە و بە شێوەیەکی فەرمی کەیسەکانیان دانەخراوە و بە کراوەیی ماوەتەوە بە تۆمەتی (حق العام)، بەڵام هەوڵەکان لە ئارادان بۆ داخستنی دۆسییەکە".
دیندار زێباری جەختیكردەوە لەو روداوانەدا "پێشێلکاری بەرامبەر بە دانیشتووانی شاری کەرکوک کراوە" و پێیوایە پێویستە هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم بەهاوبەشی بەدواداچوون بكەن و "قەرەبووی ماددی و مەعنەوی دانیشتووانی شاری کەرکوک بکرێتەوە کە زیانیان بەرکەوتووە".