حكومەتی عیراق بەنزینی لە چەند ناوچەیەكی سنوری چوار پارێزگای عیراق گرانكرد كە هاوسنورن لەگەڵ هەرێمی كوردستان، ئەوەش بەپێی نوسراوێك كە ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەكانی ئەو پارێزگایانە كراوە.
ئەو بڕیارە لە 15ی كانونی یەكەم لە كۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەكانی عیراقەوە ئاراستەی پارێزگاكانی كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین كراوە و تیایدا جەختكراوەتەوە لەوەی بەنزینی حكومی لە جۆری نۆرماڵ، بۆ وێستگەكانی هاوسنوری هەرێمی كوردستان لەو چوار پارێزگایە بە نرخی 650 هەزار دینار دابینبكرێت.
هێشتا بڕیارەكە بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.
سەرچاوەیەك كە لێپرسراوێتی هەیە لە بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "نوسراوەكەمان بەدەست گەیشتووە و تیایدا داوا دەكات لیتری بەنزینی حكومی بە 650 دینار بدرێت بە وێستگەكان، بەڵام هیچ ئاماژەیەكی بە وادەی جێبەجێكردنی بڕیارەكە نەداوە، بۆیە هێشتا نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە".
وتیشی "ئەو نوسراوە هەندێك كەموكوڕی تیایە و پێویستی بە رونكردنەوەی زیاتر هەبوو، جارێ بە تەواوی نازانین مەبەستی كام وێستگانەیە... بۆ نمونە سنورە هاوبەشەكان مەبەستی ناحیەی قەرەهەنجیرە لە كەركوك یان كوێی تر".
هەندێك ناحیە و قەزا لە سنوری ناوچەكانی جێناكۆك، لەژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە، بەڵام لەڕوی ئیدارییەوە سەر بەو چوار پارێزگایەن و حكومەتی عیراق بەنزینیان بۆ دابیندەكەن بە نرخی 450 دینار".
"ناكرێت لە تەواوی پارێزگاكە بە 450 دینار بێت، بەڵام لە چەند قەزاو ناحیەیەكی هەمان پارێزگا بە 650 دینار بە بەنزینخانەكان بدرێت"، سەرچاوەیەكەی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەكانی كەركوك وایوت.
ئەو بڕیارە دوای ئەوە هات كە زۆرێك لە شۆفێرانی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی بەنزین دەچونە ئەو ناحیە و قەزایانەی لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بەنزینیان پێدەدرا، چونكە نرخەكەی هەرزانتربوو بە بەراورد بە هەرێمی كوردستان كە یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ بە 850 دینار دەدات بە شۆفێران.
ئارام رەحمان، شۆفێرە لە كەركوك، دەڵێت ئەویش زانیاری ئەوەی بیستووە كە بەنزین گراندەكرێت، بەڵام نازانێت چ ناوچەیەك دەگرێتەوە.
وتیشی "ئەگەر هەموو پارێزگاكان بگرێتەوە بۆ ئێمەی شۆفێران زۆر قورسە و بڕیارێكی خراپە".
رەفعەت سمۆ، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ کاروباری کارگێڕی، هەرچەندە جەختیكردەوە لەوەی ئاگاداری بڕیارەكە نییە، بەڵام وتی "بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لە وێستگەکاندا، بڕیارمانداوە چوار وێستگەی ئەهلی لە دەرەوەی شاری موسڵ بەنزینیان بە 650 دینار پێبدرێت، بۆ ئەوەی شوفێرانی هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا سودی لێ ببینن و قەرەباڵغی لەناو موسڵ دروستنەبێت".