عەمید شوان شوانی، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی شوان، رەتیدەكاتەوە روداوەكەی گوندی سمایل بەگ لە سنوری ناحیەكەیان پەیوەندی بە چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش) بوبێت و جەختدەكاتەوەی لەوەی "تەنیا قسەو قسەڵۆك" بووە.
درەنگانێكی شەوی چوارشەممە 15ی كانونی یەكەم، لە گوندی سمایل بەگ تەقەیەكی زۆر كرا لەسەر بنەمای قسەی ماڵێكی گوندەكە گوایا "چەكدارانی داعش"یان بینیوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی شوان، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە گەیشتینە شوێنی روداوەکە و هیچمان بەدینەکرد، پشكنینیمان لەو ناوچەیە كرد و هیچ شوێنەوار و بەڵگەیەكی بونی چەكدارانی داعشمان لەو ناوچەیە دەستنەكەوت... بۆمان دەركەوتووە ئەوەی وتراوە لەبارەی بونی داعش لەو ناوچەیە دورە لە راستییەوە و بابەتەكە تەنیا هەڵایەك بووە و كۆتایی هاتووە، ناشزانین پاڵنەری پشت ئەو هەڵایەوە چییە و لێكۆڵینەوەی زیاتر دەكەین".
بۆمان دەركەوتووە ئەوەی وتراوە لەبارەی بونی داعش لەو ناوچەیە دورە لە راستییەوە
جارێكی تر جەختیكردەوە "هیچ سەرەداوێک نییە کە راستی ئەو قسەو قسەڵۆکانە بسەلمێنێت و بونی چەكدارانی داعش لەو شەوەدا و لەو گوندە راست دەرنەچوو".
گوندی سمایل بەگ، زیاتر لە 5كم لە ناحیەی شوانی سەر بە پارێزگای كەركوكەوە دورە و دەكەوێتە باكوری خۆرهەڵاتی پارێزگاكەوە.
سابیر جەلال، هاوڵاتییەكی نیشتەجێی ناحیەی شوان، وتی "كاتژمێر 10ی شەو بوو، لەلایەن ماڵێكی سەر رێگای سەرەكی گوندەكەوە تەلەفونمان بۆ كراو ئاگاداركراینەوە لەوەی چەند كەسێك بینراون گوایا چەكداری داعشن... لەگەڵ ژمارەیەك زۆر خەڵكی ناحیەكە بە چەك و تەقەكردنەوە بەرەو گوندەكە بەڕێكەوتین، بۆ ئەوەی فریایان بكەوین، بەڵان تا گەیشتینە ئەوێ نە هیچ چەكدارێكمان بینی، نە هیچ كاردانەوەیەك".
سابیر زیاتر وتی "لە ماڵەكەمان پرسی، وتیان: چەند کەسێکمان لەسەر شەقامەکەوە بینیوە و گومانمان كرد چەكداری داعش بن، یان دز بن"، زیاتر وتی "ئەو ماڵە خۆیان تەقەیان كردووە و وتیان هیچ كاردانەوەیەك بۆ تەقەكان نەبووە".
پاش کەمتر لە کاتژمێرێک لە روداوەكە، پۆلیسی ناحیەی شوان و هێزە عیراقییەكان چونەتە گوندەكە، بەڵام هیچیان دەستنەكەوتووە.
بەهجەت واحێد، بەڕێوەبەری ناحیەی شوان، لەبارەی روداوەكەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "من هەر هیچ نازانم".
دانیشتویەكی گوندی سمایل بەگی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمەش رووە و شەقامی سەرەكی گوندەكە تەقەمان كرد، بەبێ ئەوەی هیچ ببینین و هیچ كاردانەوەیەك هەبێت".
ئەو "هەڵایە"ی گوندی سمایل بەگ، دوای ئەوە هات كە درەنگانی شەوی 5ـی كانونی یەكەم، داعش هێرشیكردە سەر خاڵێكی سەنگەرەكانی لیوای 126ـی پێشمەرگە لە نزیك گوندی قەرەساڵم-ـی ناوچەی شێخبزێنی سەر بە ناحیەی شوان (باكوری خۆرهەڵاتی كەركوك) و بەپێی ئامارەكانی ئەمینداریەتی وەزارەتی پێشمەرگە "چوار پێشمەرگە لەو هێرشەدا شەهید بون".