لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە و سوپا لە راهێناندان
ساڵی داهاتوو بۆشایی ئەمنی ناوچەكانی جێناكۆك پڕدەكەنەوە

كەركوك/ 6ـی كانونی یەكەمی 2021/ هێزی سوپای عیراق و پێشمەرگە چونە ناو گوندی لهێبان لە ناحیەی سەرگەڕان فۆتۆ: كەركوك ناو

فەرمان سادق

دوو هەزار چەكداری هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عیراق، لە قۆناغی مەشق و راهێناندان، تا لەم مانگەدا تێكەڵ بە یەكتری بكرێن و سەرەتای ساڵی داهاتووش بۆشایی ئەمنی بەشێك لە كەركوك و ناوچەكانی دیكەی جێناكۆك پڕبكەنەوە.

چڕكردنەوەی راهێنانی ئەو هێز چەكدارییانە لە چوارچێوەی پێكهێنانی دوو لیوای هاوبەشدایە، بەپێی بڕیاری هەردوو حكومەتی فیدراڵی عیراق هەرێمی كوردستان، دوابەدوای زیادبونی جموجۆڵ و هێرشەكانی (دەوڵەتی ئیسلامی - داعش).

22 پێشمەرگە و سێ مەدەنی لە ماوەی تەنیا نۆ رۆژدا (27ـی تشرینی دووەم تا 5ـی كانونی یەكەمی 2021)، لە ناوچەكانی نێوان پێشمەرگە و سوپا لە پارێزگاكانی كەركوك و نەینەوا و دیالە بەهۆی تەقە و بۆمبی چێنراوی داعشەوە گیانیانلەدەستداوە.

دوایین دوو روداوی ئەمنی لە سنوری كەركوك بوو؛ درەنگانی شەوی 5ـی كانونی یەكەم، داعش هێرشیكردە سەر خاڵێكی سەنگەرەكانی لیوای 126ـی پێشمەرگە لە نزیك گوندی قەرەساڵم-ـی ناوچەی شێخبزێنی (باكوری خۆرهەڵاتی كەركوك) و بەپێی ئامارەكانی ئەمینداریەتی وەزارەتی پێشمەرگە "چوار پێشمەرگە لەو هێرشەدا شەهید بون".

ئەو ناوچەیە، لە كۆتا سنوری دەسەڵاتی پێشمەرگەدایە لەگەڵ هێزەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی، لە هەندێك شوێنیش بەوتەی فەرماندە سەربازییەكان؛ بۆشایی ئەمنی تێدایە.

gund-5
كەركوك/5ی كانونی یەكەمی 2021/ دیمەنێك لە بەرگریكردنی دانیشتوانی گوندی لهێبان دژی داعش فۆتۆ: كەركوك ناو

نوێنەرانی هەردوو وەزارەتی بەرگری و پێشمەرگە، چەند مانگێكە لە گفتوگۆدان بۆ پێكهێنانی دوو لیوای هاوبەش بە ئامانجی پڕكردنەوەی بۆشایی نێوان هەردولا لە ناوچەكانی جێناكۆك.

جەبار یاوەر مەندە، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە (كەركوك ناو)ـی وت تێگەیشتنی هاوبەش بۆ دروستكردنی ئەو دوو لیوایە هەیە نەك رێككەوتنی واژۆكرا، دەبوو لە مانگی تەمموزی رابردودا ئەرك وەربگرن بەڵام بەهۆی تەرخاننەكردنی بودجە و پێداویستییە سەربازییەكانەوە دواكەوت.

"لیوایەكی پێشمەرگە لە بنكەی مەشقی وەزارەتی پێشمەرگە لە مەشق و راهێناندان، ئەوەی سوپای عیراقیش هەر لە راهێناندان و بڕیارە لەم مانگەدا تێكەڵ بكرێن و لە مانگی كانونی دوەمی 2022 لە ناوچەكانی مادەی 140دا جێگیربكرێن" بەوتەی مەندە.

هەروەها رونیكردەوە دیاریكردنی شوێنی دەستبەكاربونی ئەو دوو لیوا هاوبەشە دوای ئەنجامدانی روپێویی دەبێت، تا بزانن داعش جموجۆڵی لە كوێ هەیە و سەرەتا لەوێ ئەركیان پێبدرێت.

شەوی یەكشەممە 5ـی كانونی یەكەمی 2021 لە سنوری ناحیەی سەرگەڕان-ـی پارێزگای كەركوك، تەواوی دانیشتووانی گوندی لهێبان ماڵەكانیان بەجێهێشت، بەهۆی مەترسی هێرشی داعش و دوای سێ هێرشی پێشتری چەكدارانی ئەو رێكخراوە لە ماوەی هەفتەیەكدا.

گوندەكە تا روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017، كاتێك هێزەكانی سەر بە حكومەتی فیدراڵی بۆ ناوچەكانی جێناكۆك گەڕانەوە، نزیكەی 70 ماڵ دەبون، بەڵام بەر لەم هێرشانەی داعش بۆ 20 ماڵ كەمبونەوە.

hez-8
بەغدا/ 4ـی كانونی یەكەمی 2021/ شاندی سەربازی عیراق و هەرێم بۆ دانوستان دەربارەی ئەمنیەتی ناوچەكانی جێناكۆك فۆتۆ: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق

شانەی راگەیاندنی ئەمنی ئەمڕۆ دوشەممە 6ـی كانونی یەكەم لە بەیاننامەیەكدا بڵاویكردەوە ئێستا گوندی لهێبان لەلایەن فیرقەی 14ـی سوپای عیراق و هێزێكی میحوەری پێنجی پێشمەرگەوە دەپارێزرێت.

دوای ئەو جوڵەپێكردنەی سوپا و پێشمەرگە بۆ ناوچەكە؛ هاوڵاتیانی گوندی لهێبان گەڕانەوە.

لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەرێمی كوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق بە (كەركوك ناو)ـی وت پێشمەرگە و سوپا لە 12ـی ئابی 2021دا گەیشتونەتە رێككەوتنی پێكهێنانی ئەو دوو لیوا هاوبەشە و "تائێستا هەنگاوی زۆر باش نراوە، ئێستا بەشێك لەو هێزە مەشق و راهێنان دەكەن، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە رێككەوتنەكە لە جێبەجێكردندایە".

هەروەها وتی تەنیا هەندێك كاروباری هونەری و سەربازی ماون، ئەگەرنا لیستی موچەی دوو لیوا هاوبەشەكەش ئامادەكراوە و رەوانەی وەزارەتی دارایی كراوە.

موچەی ئەو دوو لیوایە لەسەر حكومەتی عیراق دەبێت و هەر ئەوانیش بەهاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پڕچەكیان دەكەن.

لە خانەقین تا سحێلاش بە دوو لیوا پڕناكرێنەوە، بۆیە سەركەوتنی ئەم هەنگاوە رێخۆشكەر دەبێت بۆ دروستكردنی لیوای دیكە لە داهاتوودا

"لە قۆناغی یەكەمدا دوو هەزار چەكدار لە پێشمەرگە و سوپای عیراق دەخرێنە راهێنان و مەشقەوە، دواتریش لەو ناوچانە جێگیر دەكرێن كە دواتر سەركردایەتی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆیان دەستنیشاندەكات" بەوتەی تەڵعەت، كە پێیوایە هیچ رێگرییەك لەبەردەم جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەدا نییە و تەنیا كاتی دەوێت بەهۆی دابڕانی دوای 16ـی ئۆكتۆبەرەوە.

هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌دوای ساڵی 2014 و هێرشه‌كانی داعشه‌وه‌ له‌ زۆربه‌ی ناوچه‌كانی جێناكۆك جێگیربون، تا كشانه‌وه‌یان له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017دا، كاتێك هێزه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی گه‌ڕانه‌وه‌، له‌ ئه‌نجامی ناكۆكییه‌كانی به‌غدا و هه‌ولێر به‌هۆی ریفراندۆمه‌وه‌.

"ئەگەر ئامر لیوا كورد بێت پێویستە جێگرەكەی عەرەب بێت، بەپێچەوانەشەوە، بابەتە لە دوو لیوا گەورەترە، لە خانەقین تا سحێلاش بە دوو لیوا پڕناكرێنەوە، بۆیە سەركەوتنی ئەم هەنگاوە رێخۆشكەر دەبێت بۆ دروستكردنی لیوای دیكە لە داهاتوودا".

نوێنەری هەرێمی كوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكان دەڵێت دوو لیواكە هەموو دەسەڵاتێكیان پێدەدرێت، لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانەوە بڕیار وەردەگرن، عیراق و هاوپەیمانانیش پێكەوە چەك و پێداویستی سەربازییان بۆ دابیندەكەن.

سوپای عیراق و پێشمەرگە لە ئایاری ئەمساڵیشدا توانییان ژمارەیەك ژوری هەماهەنگی هاوبەش لە بەغداد، هەولێر، كەركوك، دیالە و چەند ناوچەیەكی نەینەوا پێكبهێنن بۆ ئاڵوگۆڕی زانیاری سەربازی و هەواڵگری.

peshmarga-7-1
كه‌ركوك/ 2020/ ئۆپه‌راسیۆنی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ی شێخ بزێنی ناحیه‌ی شوان فۆتۆ: كەركوك ناو

فەریق روكن عەبدولئەمیر شەمەری، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عیراق لە راگەیەندراوێكدا 4ـی كانونی یەكەمی 2021 بڵاویكردەوە لەگەڵ پێشمەرگەدا رێككەوتون بۆ ئۆپەراسیۆنی گەورە و بەرفراوان لە بۆشایی ئەمنی نێوان هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێم، جگە لە رێككەوتنی زیادكردنی هەماهەنگی مەیدانی و بۆردومانی ئاسمانی بۆ پێگە و حەشارگەكانی داعش.

ئەو وتانەی ناوبراو دوای كۆبونەوەی شاندی باڵای ئەمنی هەردوو حكومەتی فیدراڵی عیراق و هەرێمی كوردستان هات لە بەغدا.

شەمەری دەڵێت "لە ناوچەكانی جێی گرنگیپێدانی هاوبەش كێشە هەیە، پێویستی بە هەماهەنگی مەیدانی هەیە لەنێوان هێزەكاندا بەشێوەی بەردەوام و بەپەلە، لە رێككەوتنەكەدا بڕیاردرا دەسەڵات بە هێزی هەردولا بدرێت بۆ هەماهەنگی و هاوكاری هەواڵگری و ئۆپەراسیۆن، ئەوەش بە درێژایی سنوری نێوان هێزەكانی حكومەتی فیدراڵ و پێشمەرگە".

لە خانەقین و سنوری پارێزگای دیالەوە تا ناوچەی سحێلا لە نەینەوا بەدرێژایی 560 كیلۆمەتر هێزەكانی سوپای عیراق و پێشمەرگە سنور لە نێوانیاندا هەیە و بە ئەستەمی دەزانن بە دوو لیوای هاوبەش بۆشایی نێوانیان پڕبكرێتەوە.

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت ئەو دوو لیوایە قۆناغی یەكەمە و لە داهاتوودا رێككەوتن دەكرێت بۆ پێكهێنانی لیوای دیكە.

hez.supa
كەركوك/ كانونی یەكەمی 2021/ ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باشوری كەركوك فۆتۆ: شانەی راگەیاندنی ئەمنی

هەفتەی رابردو (2ـی كانونی یەكەم) چەكدارانی داعش هێرشیانكردە سەر گوندی خدر جیجە لە دامێنی چیای قەرەچوغ-ـی قەزای مەخمور (نەینەوا)، خەڵكی گوندەكە و ئەو پێشمەرگانەشی كە لە خاڵێكی سەربازیدا لەناو گوندەكە جێگیركرابون پێكەوە وەڵامی هێرشەكەیان دایەوە و بەوهۆیەوە وەك لە ئامارەكانی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە "10 پێشمەرگە و سێ هاوڵاتی شەهید بون".

زنجیره‌ چیای قه‌ره‌چوغ، له‌ رۆژهه‌ڵاتی قه‌زای مه‌خمور و باشوری خۆرهه‌ڵاتی پارێزگای نه‌ینه‌وا، ناوچەیەكی تاڕادەیەك سەخت و زنجیرە چیای بەرزی لێیە و بۆتە شوێنی خۆحەشاردانی چەكدارانی داعش. هەروەها سنوری نێوان هێزه‌ عیراقییه‌كان و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یە.

جەبار یاوەر دەڵێت ناكۆكی سیاسیش كاریگەری لەسەر دواكەوتنی پێكهێنانی لیوا هاوبەشەكان هەبووە، "ئەو ناوچانە خۆیان ناوچەی جێناكۆكن كە ململانێی لەسەر هەیە، تێگەیشتنێكی سیاسی لای هەندێك لایەنی عیراق هەیە و پێیانوایە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت لەرێگەی ئەو هێزەوە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە، بەڵام ئێمە مەبەستمان سیاسی نییە و دەمانەوێت لەو ناوچانە كۆتایی بە داعش بهێنین".

لایەنەكانی عەرەب و توركمانی كەركوك پێشتر زیاد لە جارێك ناڕەزایی خۆیان دژی پێكهێنانی لیوای هاوبەش و گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچەكانی جێناكۆك نیشانداوە.

جموجۆڵەكانی داعش لە ناوچەكانی جێناكۆك كە چەند ساڵێكە بەردەوامە و دوبارە دەبنەوە، لەكاتێكدایە حكومەتی فیدراڵی عیراق لە مانگەكانی كۆتایی 2017ـدا كۆتاییهاتنی ئەو رێكخراوە چەكدارییەیان لە وڵاتدا راگەیاند و رۆژێكیشیان وەك جەژنی سەركەوتن دیاریكرد.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT