پەیكەری پێشمەرگە، بە بەرزترین پەیكەری جەنگاوەر لە سەرتاسەری عیراق دادەنرێت، لە هێمای خۆڕاگریی و جەنگاوەرییەوە بۆتە جێی ململانێی پێكهاتەكان لەسەر دانانی ئاڵای حكومەتی فیدراڵ یان ئاڵای هەرێمی كوردستان.
پەیكەرەكە بەرزییەكەی 23 مەتر و پانییەكەی 10 مەترە، بە جلوبەرگی كوردیی و ئاڵای هەرێمی كوردستانەوە لە پای رۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە لە پاراستنی شاری كەركوك لە چنگی چەكدارانی داعش لە دەروازەی شار لەسەر رێگای سەرەكی كەركوك – هەولێر دانرا.
دروستكردن و دانانی پەیكەرەكە لەوكاتەدا هاوكات بوو لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنی سێیەكی پارێزگای كەركوك لەلایەن چەكدارانی داعش لە نێوان ساڵی 2014 – 2017دا.
هێزە عیراقییەكان لەوانەش سوپا لە لە حوزەیرانی 2014دا پاشەشكێیان لە روبەرێكی فراوانی خاكی عیراق كرد بەتایبەت لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و كەركوك، بەو هۆیەوە هێزەكانی پێشمەرگەی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی كەركوك جێیانگرتنەوە و بەریان بە پێشڕەوییەكانی چەكدارانی داعش گرت.
پەیكەرساز مان ئەحمەد حەمید دەلۆ لەگەڵ گروپێكی شەش كەسیی لە ئەیلولی 2015دا دەستیانكرد بە دروستكردنی پەیكەرەكە و لە ئەیلولی 2017 كارەكەیان تەواوكرد، وەك رێزلێنانێك بۆ ئەو رۆڵەی پێشمەرگە، ئەوەش لەسەر ئەركی رەمەزان حاجی رەشید كەسایەتی شاری كەركوك، لەگەڵ چەند كەسێكی تر كە بە پاڵپشتییەكی كەمتری دارایی هاوكاری پڕۆژەكەیان كرد.
پەیكەرەكە لە سەرەتای دانانیدا بە دەستی چەپی ئاڵایەكی گەورەی هەرێمی كوردستانی هەڵگرتبوو، كڵاشینكۆفێكیش بەسەر شانی راستییەوە بوو.
ئاڵای هەرێمی كوردستان تەنیا مانگێك بەدەستی پەیكەرەكەوە بوو، لە 17ی تشرینی یەكەمی 2017دا كاتێك هێزە عیراقییەكان بەشەڕ گەڕانەوە كەركوك و پێشمەرگە پاشەكشێی پێكرا، ئاڵاكەی هەرێمی كوردستانیان داگرت و ئاڵایەكی حكومەتی عیراقیان لەجێی دانا. لەوكاتەوە ئەم پرسە بەردەوام بۆتە جێی ململانێی بەشێك لە گەنجانی كوردی كەركوك و هێزە عیراقییەكان.
بەگشتی پەیكەرەكە وەك پەیكەرساز مان ئەحمەد دەلۆ باسی كردووە لە بنی زەویی و بە قوڵی سێ مەتر بنچینەی کۆنکریتی بە شیش بۆ دروستکراوە، ئەوە تێهەڵکێشكراوە لەگەڵ لاشەی پەیکەرەكە.
كۆی تێچوی پڕۆژەی پەیكەری پێشمەرگە 100 ملیۆن دیناری عیراقی بووە و بنمیچی پەیكەرەكە 15 مەترە.
ئەو ماددانەی لە دروستكردنی پەیكەرەكە بەكارهاتون، برتیین لە (کۆنکرێت، ئاسن، هایرب، شیش و فایبەر گڵاس).
پەیكەری پێشمەرگە لە هێمایەك بۆ خەبات و بەرخودان دژ بە چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام، ئێستا ناوبەناو وەك ململانێیەكی نەتەوەیی دەبینرێت.
چوارشەممە 17ی كانونی یەكەمی 2025 كە رۆژی ئاڵای هەرێمی كوردستان بوو، جارێكی تر ئەو پرسە سەریهەڵدایەوە، كاتێك كۆمەڵێك گەنجی كەركوك لە گەڕەكی رەحیماواوە بە ئاڵایەكی گەورەی هەرێمی كوردستانەوە بەرەو پەیكەرەكە بەڕێكەوتن و ویستیان ئاڵای عیراق لەسەر پەیكەرەكە دابگرن و ئاڵای هەرێمی كوردستان هەڵبكەنەوە، بەهۆیەوە جۆرێك لە ناكۆكی دروستبوو و هێزە ئەمنییەكان گەنجەكانیان بۆ ماوەیەكی كاتی راگرت.
ئەوە هاوكات بوو لەگەڵ بەرزڕاگرتنی رۆژی ئاڵا لە تەواوی هەرێمی كوردستان و كەركوك، كە بە بڕیاری ئیدارەی كەركوك خوێندنگە كوردییەكان سەرپشككران لەوەی مەراسیمی تایبەت بە هەڵكردنی رۆژی ئاڵای هەرێمی كوردستان بكەن. تەنانەت لە بازاڕ و شەقام و سەر ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانیش ئاڵا هەڵكرا.
رێبوار تەها، پارێزگاری كەركوك لەسەر پرسی دانانەوەی ئاڵای هەرێمی كوردستان لەسەر پەیكەری پێشمەرگە، لەكاتی مەراسیمی ئاڵادا بە كەناڵی ئاسمانی روداوی وتووە "ئەوە دەبێت لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ بە بەرنامەیەكی تەواو ئەوە بكەین، كارێك بكەین كە نەبێتە هۆكارێكی بۆ ئەوەی پێكهاتەكانی تر كێشە و گرفتێك بۆ پرۆسەی خزمەتگوزارییەكانمان دروستبكەن... ئێمە لەداهاتویەكی نزیكدا چارەسەری ئەو كێشەیە دەكەین".