شاخەوان عەبدوڵا، كاندیدی سەركەوتوی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پەرلەمانی عیراق، لە پارێزگای كەركوك، رەخنە لە راگەیەنراوێكی حزبە كوردییەكانی پارێزگاكە دەكرێت كە بە "دێڕێكیش باسی تەعریب"یان نەكردووە، ئەو رەخنەیە لەكاتێكدایە حزبەكەی بایكۆتی ئەو كۆبونەوەیەی كرد.
لە 14ی كانونی یەكەم حزبە كوردییەكانی كەركوك لە بارەگای مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆبونەوە و تیایدا لەگەڵ جەختكردنەوە لە برایەتی و پێكەوەژیانی نەتەوەكانی پارێزگاكە، داوایانكرد حكومەتی فیدراڵ "دەرئەنجام و ئیستیحقاقی هەڵبژاردنەكان بكاتە بنەما بۆ دانانی پۆستە ئیدارییەكان لە شاری كەركوك"، بەڵام لەو كۆبونەوەیەدا هەریەكە لە پارتی دیموكراتی كوردستان و نەوەی نوێ كە لە پارێزگاكە سێ كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێناوە بایكۆتیان كرد.
شاخەوان عەبدوڵا، لە نوسینێكیدا بەناونیشانی "بەداخەوە بۆ حزبە کوردستانییەکان لە کەرکوک"، لەگەڵ ئەوەی جەختیكردەوە كە هیوا دەخوازێت بەردەوام کۆبونەوەی حزبە کوردستانییەکان ئەنجام بدرێت و وتی "من یەکێکم لەوانەی پشتگیری یەکڕیزیی و یەک گوتاری کورد دەکەم"، بەڵام رەخنەی گرت و وتی "لە کۆی پێنج خاڵی بەیانی کۆتایی کۆبونەوەکە بەیەک دێڕیش باسی تەعریب و هەوڵەکان بۆ داگیرکردنی زەوی کورد نەکراوە".
بەڵام جەنگی عزەدین، کارگێڕی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە رێگای گروپێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ حزبە كوردییەكان و هەر لەوێش وادەی دانیشتنەکان و كۆبونەوە دیاریدەكرێت، بەڵام بەداخەوە وەكو هەموو جارێك تەنیا پارتی و نەوەی نوێ وەڵامیان نەداینەوە... نەوەی نوێ دواتر لەڕێی تەلەفونەوە داوای لێبوردنیان كرد كە ناتوانن بەشداربن". زیاتر وتی "دیارە پارتی وەكو هەموو جارێك بیانوی خۆی هەیە و وەڵامی بۆ دانیشتنەکان نابێت و ئامادە نابێت".
كۆنگرەی رۆژنامەوانی حزبە كوردییەكانی كەركوك. 14ی كانونی یەكەم.
شاخەوان عەبدوڵا، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە بەشداری کۆبونەوەکان نەبوین، بەڵام هەوڵەکانمان بۆ گەڕانەوەی تەواوەتی بۆ کەرکوک بەردەوامی هەیە و بەمنزیکانە تەواوی بارەگاکانمان وەردەگرینەوە و ئەوکات بەدڵنیاییەوە بەشداری کۆبونەوەكانی حزبە کوردییەكانی كەرکوک دەكەین كە تایبەت بێت بە بەرژەوەندی هاوڵاتیانی شارەکە".
لە بارەی وادەی گەڕانەوەی یەكجارەكیان بۆ كەركوك، شاخەوان وتی "گفتوگۆکانمان لەگەڵ لایەنی عیراقی هەنگاوی زۆر باشی ناوە و گەڕانەوەی تەواوەتیمان زۆر نزیكە و دەست بە خەباتی سیاسی خۆمان دەكەینەوە".