شۆفێرانی كەركوك؛ بۆ دەركردنی كۆبۆنی وەرگرتنی بەنزین، پێویستە بۆنیتی ئۆتۆمبێلەكانیان هەڵبدەنەوە و وێنەیەكی لە پاڵ بگرن، ئەوەش بە پاساوی رێگری لە ساختەكاری.
بەپێی رێنماییە نوێییەكانی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان؛ گۆڕانكاری لە مامەڵە و بەڵگەكانی دەركردنی كۆبۆنی بەنزیندا دەكرێت كە هەندێكیان نیگەرانی شۆفێرانی لێكەوتۆتەوە.
"دەبوو بیر لە رێگەی دیكە بكەنەوە، نەك بەوشێوەیە كە بۆنیتی ئۆتۆمبێلەكەت هەڵبدەیتەوە و لەپاڵ ئۆتۆمبێلەكەدا وێنە بگریت و خۆشت دەربكەویت" ئەكرەم كەمال، شۆفێری لە شاری كەركوك بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
بەپێی رێنماییەكان دەركردنی كۆبۆنی بەنزین جگە لەو وێنەیەی خاوەنی ئۆتۆمبێل لە پاڵ ئۆتۆمبێلەكەیدا، پێویستە ساڵانە، فۆڕمی خۆراك، پێناس یان كارتی نیشتمانی هەبێت و ئەوانەیشی ئۆتۆمبێلەكە بەناوی خۆیانەوە نییە دەبێت بریكاری خاوەنی ئۆتۆمبێلەكەیان پێبێت.
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە لقی كەركوكی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە بە (كەركوك ناو)ـی وت داواكردنی وێنەی شۆفێر لەپاڵ ئۆتۆمبێلەكەیدا تەنیا وەك بەڵگەیەكە بیسەلمێنێت خاوەنی راستەقینەی ئەو ئۆتۆمبێلەیە و هەڵدانەوەی بۆنیتەكەش بۆ ئەوەیە بە فۆتۆشۆپ دەستكاری وێنەكان نەكرێت؛ یاری بە ژمارەی ئۆتۆمبێلەكانەوە نەكرێت و ژمارەی دیكەی نەخرێتەسەر، چونكە بەوشێوەیە دەردەكەوێت لە پاڵ ئۆتۆمبێلی خەڵكی دیكەدا وێنەی نەگرتووە و ئۆتۆمبێلی خۆیەتی و توانیوتی بۆنیتەكەی هەڵبداتەوە.
ئەو رێكارە لەكاتێكدایە چەند هەفتەیەك لەمەوبەر ئیدارەی كەركوك بڕیاریدا بە جێگیركردنی هێزەكانی سوپای عیراق لەبەردەم بەنزینخانە حكومییەكاندا تا رێگری بكات لەو شۆفێرانەی كۆبۆن لە بازاڕی رەشدا دەكڕنەوە و دەیانەوێت بەنزین وەربگرن.
سەرچاوەكە وتی رێنماییە نوێییەكان بۆ رێگرییە لە ساختەكردنی كۆبۆنی وەرگرتنی بەنزین، بەوپێیەی پێشتر ساختەكاری هەبووە، شۆفێر هەبووە زیاد لە جارێك كۆبۆنی وەرگرتووە، لەڕێی دەستكاریكردنی ژمارە و مۆدێلی ئۆتۆمبێلەكەیەوە لە مامەڵەكانیاندا.
"دەركەوتووە دەیان حاڵەت هەبووە كە شۆفێر دەستكاری ژمارە و مۆدێلی ئۆتۆمبێلەكەی كردووە، بۆیە ئێستا پێویستە لەگەڵ ئۆتۆمبێلەكەیدا وێنەی هەبێت تا كۆبۆنی بۆ بكرێت" بەوتەی سەرچاوەكەی كۆمپانیای دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكان.
ڤیدیۆ: تشرینی دوەمی 2021/ جێگیركردنی سوپا لەبەردەم بەنزینخانە حكومییەكانی كەركوك
پێشتر شۆفێرانی دەرەوەی پارێزگای كەركوك، كۆبۆنی بەنزینیان لە بازاڕی رەش دەكڕی و لە بەنزینخانە حكومییەكانی ئەو شارە بەنزینیان وەردەگرت.
بەشێك لە شۆفێرانی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی بەنزین دەچونە ئەو ناحیە و قەزایانەی لەلایەن حكومەتی عیراقەوە بەنزینیان پێدەدرا، چونكە نرخەكەی هەرزانتربوو بە بەراورد بە هەرێمی كوردستان كە یەك لیتر بەنزینی نۆرماڵ بە 850 دینار دەدات بە شۆفێران، بەڵام ئێستا جگە لە توندكردنی رێكارەكانی دەركردنی كۆبۆن و وەرگرتنی بەنزین، نرخی بەنزینیش لە ناوچە سنورییەكانی هەرێم لە 450 دینارەوە بۆ 650 دینار زیادكراوە.
ئەكرەم كەمال، شۆفێرەكەی كەركوك پێیوایە دەكرا پشت بە پسپۆڕ و شارەزایانی تەكنەلۆژیا ببەستن و رێگری لە ساختەكاری بكەن، نەك وێنەی شۆفێر و ئۆتۆمبێلەكەی، "كۆبۆنی بەنزین باركۆی پێیوەیە و لە كۆمپیوتەر دەدرێت، ئەگەر نەیخوێنێتەوە ئیتر شۆفێرەكە ناتوانێت بەنزین وەربگرێت، ئەو رێكارەش بەسە بۆ رێگری لە ساختەكاری".
ئیدارەی پارێزگای كەركوك لەڕێی 22 بەنزینخانەی حكومییەوە هەفتانە بۆ هەر ئۆتۆمبێلێكی تایبەت 40 لیتر بەنزین و بۆ تەكسی 80 لیتر دابەشدەكات، ئەوەش لەڕێی كۆبۆنی بەنزینەوە كە بۆ هەر لیترێك 450 دینار لە شۆفێران وەردەگرێت.