دادگای تاوانەكانی كەركوك، سزای شەش مانگ زیندانی بۆ محەمەد عوسمان، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و لێپرسراوی پێشوی مەڵبەندی كەركوكی ئەو حزبە دەركرد، بەڵام بەلەبەرچاوگرتنی بارودۆخی تایبەتی ناوبراو سزاكە جێبەجێناكرێت.
دادگاكە ئەمڕۆ 21ی كانونی یەكەم، لە دانیشتنێكدا بە سەرۆكایەتی دادوەر، ئەیوب سدیق ساڵح، بڕیاریدا بە سزادانی ناوبراو، لەسەر دۆسییەیەك كە بۆ ساڵی 2017 دەگەڕێتەوە.
بەپێی بڕیارەكە كە كۆپییەكی لای (كەركوك ناو)ە، تیایدا هاتووە كە دانیشتنەكەی دادگا تایبەت بووە، بە وردبینی لە داوای ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران و دەستەی گشتی حەشدی شەعبی، دژی محەمەد عوسمان عەزیز و هاتووە "دادگا بڕیاریدا بە سزادانی تاوانبار محەمەد عوسمان، بە زیندانیكردن بۆ ماوەی شەش مانگ، بەپێی ماددەی 226 لە یاسای سزادانی عیراقی".
بەپێی ئەو ماددەیە هەركەسێك بەشێوەیەكی ئاشكرا، سوكایەتی بە حكومەت و هێزە چەكدارەكان، فەرمانگە رەسمیی و ناڕەسمییەكان، یان دەستە و هەر لایەنێكی تری رەسمی بكات، ئەوا بە زیندانیكردن سزادەدرێت كە لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت، یان سزای ماددی دەدرێت.
لە خاڵی دووەمی بڕیارەكەی دادگا-دا هاتووە "بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی تایبەتی تاوانبار و وردەكاری دۆسییەكە و بەو پێیەی تاوانبار تەمەنێكی زۆری هەیە و هیچ پێشینەیەكی تاوانی نییە و ناگەڕێتەوە بۆ ئەنجامدانی هیچ تاوانێك لە داهاتوودا. بۆیە دادگا بڕیاریدا بەڕاگرتنی جێبەجێكردنی بڕیارەكە بۆ ماوەی سێ ساڵ... بەڵام لەو ماوەیەدا هەر تاوانێك بكات ئەوا سزاكەی بۆ زیندودەكرێتەوە".
بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی تایبەتی تاوانبار، بەو پێیەی تەمەنێكی زۆری هەیە و هیچ پێشینەیەكی تاوانی نییە، بۆیە دادگا بڕیاریدا بەڕاگرتنی جێبەجێكردنی بڕیارەكە بۆ ماوەی سێ ساڵ
لە خاڵی سێیەمی بڕیارەكەی دادگادا هاتووە "لایەنی سكاڵاكار مافی ئەوەی هەیە لەڕێی دادگا شارستانییەكانەوە داوای قەرەبوو بكات".
بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو) ئەو دۆسییەیە دەگەڕێتەوە بۆ تۆمەتباركردنی حەشدی شەعبی لەلایەن محەمەد عوسمانەوە، كە تۆمەتباریكردبون بە سوتاندنی خانوو و موڵك و ماڵی كورد لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا، لەوكاتەدا ناوبراو ئەندامی پەرلەمانی عیراق بووە.
تۆمەتباركردنی حەشدی شەعبی لەلایەن محەمەد عوسمانەوە، بەپێی سەرچاوەیەك لە دادگای كەركوك، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هاتووە كە لە نوسینگەی كەركوكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەچووە. ئەوەش لەكاتی روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017دا، كاتێك هێزە عیراقییەكان بە بڕیاری حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عیراق بۆ كەركوك و تەواوی ناوچەكانی جێناكۆك گەڕانەوە و هێزەكانی سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان پاشەكشێیانكرد.