كۆمەڵێك گەنج و خەڵكی گەڕەكێكی كەركوك، هەڵمەتێكیان دەستپێكرد بۆ رێگریكردن لە فڕێدانی خاشاك لە شەقامێكی كەركوك، بەوەشەوە نەوەستان، دیوارەكەیان لەبغ كرد و بە گوڵ و بۆیە شوێنەكەیان رازاندەوە.
ئەو هەوڵە كە بەشێوەی خۆبەخش بووە، دوای ئەوە دێت كە زیاتر لە ساڵێكە ئیدارەی كەركوك جەختیكردۆتەوە لەوەی ناتوانن تەواوی شارەكە لە زبڵ و خاشاك پاكبكەنەوە، بەهۆی كەمی بودجەوە.
ئەم شوێنە دەكەوێتە گەڕەکی حوڕییە نزیک یاریگای نێودەوڵەتی کەرکوک، رۆژانە بەشێک لە خەڵکی گەڕەکەکە و ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە بە بڕێک پارە زبڵی ماڵان کۆدەکەنەوە، پاشماوەکانیان لەوێدا فڕێدەدا.
شارەوانی کەرکوک چەند هەفتە جارێک، شوێنەكەی پاكدەكردەوە، بەڵام سودی نەبوو، پڕدەكرایەوە لە زبڵ و خاشاك.
قاسم عیسا، مامۆستای خانەنشینە و خەڵكی گەڕەكەیە، بە (كەركوك ناو)ی وت "دواینجار کە تیمەکانی شارەوانی هاتن و خاوێنیان کردەوە، وتم فرسەتە و هەر زوو خێمەیەکم هێناو لێرە هەڵمدا و پاسەوانی شوێنەكەمان كرد تا خەڵک بزانێت کە چیتر زبڵ لەم جێگایە فڕێنادرێت".
"نزیكەی 15 رۆژ دەبێت ئێمە لێرە پاسەوانی دەكەین و چەند جارێک شەوان سەعات دوو خەڵک هاتووە زبڵ لێرە فڕێبدات، بەڵام رێگریمان لێکردون"، قاسم زیاتر وتی "جێگاکەمان خاوێن کردۆتەوە و دیوارەكەمان چاككردووە و بۆیەمان كرد، دواتر گوڵی سروشتیمان بۆ هێنا، بۆ ئەوەی خەڵك بزانێت ئێرە شوێنی فڕێدانی زبڵ نییە".
زیاتر لە هەفتەیەک دەبێت ئێمە لێرە پاسەوانی دەكەین و چەند جارێک شەوان سەعات دوو خەڵک هاتووە زبڵ لێرە فڕێبدات، بەڵام رێگریمان لێکردون
سەرتیپ قادر، یەکێکی تر لە خەڵكی ئەو گەڕەكە، وتی "ئەوەتا دەیبینن، مانگێك پێش ئێستا ئێرە چۆن بووە و ئێستاش چۆنە... خەڵکانێكی زۆر کە بە شەقامەکەدا تێپەڕدەبن دەست خۆشیمان لێ دەکەن و بەلایانەوە سەیرە کە ئەم جێگایە لە ماوەیەکی کورتدا گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەرداهاتووە".
"ئەو کارەی حکومەت نەیتوانی بیکات، ئێمە لەماوەیەکی کورت و لەسەر ئەرک و خەرجی تایبەتی خۆمان بۆ گەڕەکەکەی خۆمانمان کرد".
شارەوانی كەركوك چەند جارێكی جەختیكردۆتەوە كە رۆژانە تەنیا توانای پاككردنەوەی 300 تەن خۆڵ و خاشاكیان هەیە، لەكاتێكدا رۆژانە 1200 تەن لەناو شار فڕێدەدرێت.