لە شنگال؛ خوێندكاران موچەی وانەبێژانی خۆبەخش دەدەن

نه‌ینه‌وا/2019/ سێ قوتابی خوێندنی سه‌ره‌تایی له‌ یه‌كێك له‌ قوتابخانه‌كانی شنگال فۆتۆ: ئیبراهیم ئێزیدی

عەمار عەزیز - نەینەوا

كەسوكاری خوێندكاران، بۆ هەر خوێندكارێك مانگانە بڕی پێنج هەزار دەدەنە ئیدارەی خوێندنگەكانی بەشی عەرەبی لە قەزای شنگال، ئەوەش بۆ ئەوەی بتوانن پارەی وانەبێژانی خۆبەخش بدەن.

لە خوێندنی بەشی عەرەبی شنگال، سەر بە وەزارەتی پەروەردەی عیراق، 240 وانەبێژی خۆبەخش هەن كە دابەشبون بەسەر 80 خوێندنگەی سەرەتایی، ناوەندیی و ئامادەیی. ئەو وانەبێژانە بەشیوەی خۆبەخش وانە دەڵێنەوە، بەڵام ئیدارەی خوێندنگەكان لەپای ئەو كارەیان دەیەوێت مانگانە بڕێك پارەیان پێبدات.

هەندێك لە دایكان و باوكان، پێدانی بڕی پێنج هەزار دینار بە ئاسانی دەبینن، بەڵام ئەوانەی چوار یان پێنج منداڵیان دەخوێنن، بڕەكەیان پێ زۆرە.

فەلاح سلێمان، پێشمەرگەیە و لە حوزەیرانى 2020دا لە ئاوارەییەوە گەڕاوەتەوە بۆ شنگال، یەكێكە لەوانەی دەبێت مانگانە بڕی 25 هەزار دینار بدات بۆ پێنج منداڵەكەی.

"چەند رۆژێك لەمەوبەر، بەڕێوەبەر و مامۆستایان بە خوێندكارانیان وتووە، پێویستە مانگانە یەكی بڕی پێنج هەزار دینار بهێنن بۆ ئەوەی پارە بە وانەبێژانی خۆبەخش بدەن"، فەلاح زیاتر وتی "15 هەزار دینارم بۆ سێ مانگی خوێندنی كچەكەم داوە و لەم رۆژانەشدا دەبێت پارەی سێ مانگی چوار منداڵەكەی تریش ببەم".

بەڵام فەلاح، بۆ كەسێك كە پێنج منداڵی بخوێنێت، پێیوایە ئەو پارەیە زۆرە و وتی "پێویستە حكومەت چارەسەری ئەو كێشەیە بكات".

بەگشتی خوێندنگەكانی سنوری قەزای شنگال، كێشەی كەمی مامۆستایان هەیە، بەشێكی پەیوەندی بە كەمی دامەزراندنی مامۆستای نوێوە هەیە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە، بەشەكەی تری پەیوەستە بە نەگەڕانەوەی بەشێكی مامۆستایان بۆ قەزاكە و مانەوەیان لە كەمپەكانی ئاوارەیی لە پارێزگای دهۆك.

maktabb-1
كۆبونەوەیەكی بەڕێوەبەری بەشی عەرەبی پەروەردەی شنگال لەگەڵ كەسوكاری خوێندكاران. فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

موراد کاکە، چوار ساڵە وانەبێژى خۆبەخشە لە خوێندنگەیەكی سنوری شنگال، وتی "لە هەفتەیەكدا 25 بەشە وانەم هەیە، سێ مانگە لەسەر گیرفانی خۆمان وانە دەڵێینەوە، ساڵی رابردوش كەسوكاری خوێندكاران پارەیان پێدەداین، ئەمساڵیش بڕیاردراوە هەر خوێندكارێك مانگانە پێنج هەزار دینار بدات بۆ ئەوەی مانگانە بڕە پارەیەك بدرێت بە وانەبێژانی خۆبەخش".

"زۆرینەى خێزانەکانى شنگال دۆخى داراییان باش نییە، ساڵی رابردوو لە خوێندنگەكەی ئێمە 30 خوێندكار نەهاتنەوە، كە لە كەسوكارمان پرسین، وتیان پارەمان نییە تا بیاننێرین، بەڵام ئێمە وتمان بیانهێننەوە و كێشە نییە با ئەوان پارە نەهێنن"، موراد كاكە وایوت.

موراد جەختیكردەوە "ئەوە تەنیا چارەسەرێکى کاتییە و بۆ ئەوەیە دەرگاى خوێندنگەكان دانەخرێن".

لە بەشی عەرەبی پەروەردەی شنگال 25 هەزار خوێندكار دابەشبون بەسەر 80 خوێندنگەدا. لەو ژمارەیە 17 هەزار و 200 خوێندكاریان لە قۆناغی سەرەتایین.

496 مامۆستای هەمیشەیی وانەدەڵێنەوە، لەگەڵ 240 وانەبێژی خۆبەخش.

سەعد متۆ، بەڕێوەبەرى بەشی عەرەبی پەروەردەى شنگال، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەهەر خوێندنگەیەكدا ئەنجومەنێكی باوکانمان داناوە، ئەو ئەنجومەنە داوایان لە كەسوكاری خوێندكاران كردووە ئەو پێنج هەزارە بۆ هەر مانگێك بە ئیدارەی خوێندنگەكان بدەن، ئێمەش پشتگیری ئەو هەوڵە دەكەین، چونكە ئەگەر ئەو بڕە پارەیە بۆ وانەبێژان کونەکرێتەوە ناتوانین درێژە بە خوێندن بدەین".

زیاتر وتی "ئێمە لەناو بارودۆخێکى قورسداین، ساڵانە ژمارەى خوێندنگەكان و خوێندکاران زیاتر دەبن، لە بەرامبەردا مامۆستای نوێمان بۆ دانامەزرێنن"، سەعد متۆ جەختیكردەوە "ئەگەر خەڵک پێیان ناخۆشە پارە بدەن، ناتوانین درێژە بە خوێندن بدەین، بۆ لایان ئاساییە مانگانە 20 بۆ 30 هەزار دینار بە ئینتەرنێت بدەن، بەڵام بەلایەنەوە قورسە پێنج هەزار دینار بە وانەبێژان بدەن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT