دادگای لێكۆڵینەوە لە نەینەوا، فەرمانی دەستگیركردن بۆ ئەفسەرێكی باڵای ئەمنی دەردەكات و دوو لێپرسراوی دیكەی باڵای ئیداری پارێزگاكە روبەڕوی لێپرسینەوە دەكاتەوە، لەسەر چەند دۆسیەیەكی هەڕەشە و گەندەڵی.
دەستەی نەزاهەی عیراق ئەمڕۆ یەكشەممە 9ـی كانونی دوەمی 2022 بڵاویكردەوە، هەریەك لە جێگری پارێزگای نەینەوا بۆ كاروباری هونەری و قایمقامی موسڵ بانگهێشتی دادگا كراون و ئەفسەرێكی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانەكانیش فەرمانی دەستگیركردنی هەیە.
حەسەن عەلاف، جێگری پارێزگاری نەینەوا بۆ كاروباری هونەری بە گەندەڵی تۆمەتباركراوە، دادگای لێكۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەكانی نەزاهە لە پارێزگاكە، لەسەر دۆسیەیەك بانگهێشتی كردووە كە پەیوەندی هەیە بە لابردنی ناوی سودمەندێكی وەرگرتنی زەوی و دانانی ناوی كەسێكی دیكە لە شوێنەكەی بە نایاسایی، وەك لە بەیاننامەكەی نەزاهەدا هاتووە.
جێگری پارێزگار بەپێی ماددەی 331 لە یاسای سزادانی عیراقی تۆمەتباركراوە كە تیایدا هاتووە هەر فەرمانبەرێكی حكومی، پێشێلی ئەركەكەی خۆی بكات، یان كارەكەی جێبەجێنەكات، بەئەنقەست و لەپێناو زیانگەیاندن بە كەسانی تر، ئەوە بە زیندانیی و غەرامە یاخود یەكێكیان سزادەدرێت.
دادگای لێكۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسیەكانی نەزاهە بانگهێشتی زوهێر ئەعرەجی، قایمقامی قەزای ناوەندی موسڵی كردووە لەسەر گومانی وەرگرتنی بەرتیل.
نەزاهە دەڵێت قایمقام گومانی ئەوەی لەسەرە بڕی 240 هەزار دۆلاری وەرگرتبێت، لە بەرانبەر چاوپۆشیكردن لەو زیادەڕۆییانەی بە دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبون دەكرێنە سەر زەوی موڵكی دەوڵەت.
ئەعرەجی لە كانونی یەكەمی ساڵی رابردودا لەسەر ئەو دۆسیەیە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرا، لە رونكردنەوەیەكدا تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیلی رەتكردەوە و ئامادەیی بۆ چونە بەردەم دادگا نیشاندا، ئەوەش بەپێی ماددەی 307ـی یاسای سزادانی عیراقی كە تایبەتە بەو فەرمانبەر و لێپرسراوانەی لەبەرانبەر راییكردنی كاروباری ئەركە رەسمییەكانیاندا بەرتیل وەردەگرن و سزاكەیشی لە 10 ساڵ زیندانی زیاتر نییە یان بە غەرامەیەك هێندەی ئەو بڕە پارەیەی وەریگرتووە.
قایمقامی موسڵ سەرەتای ئەمساڵ لەلایەن دادگاوە بە كەفالەت ئازادكرا و گەڕایەوە بۆ راییكردنی ئەركەكانی لەو پۆستەدا.
دەستەی نەزاهە لە بەیاننامەی ئەمڕۆ یەكشەممەدا ئاشكراشیكردووە دادگای لێكۆڵینەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ لێپرسراوێكی گەورەی نەهێشتنی تاوانەكانی نەینەوا دەركردووە، ئەوەش لەسەر دۆسیەی هەڕەشەكردن لە هاوڵاتییەك و داواكردنی بڕی 60 ملیۆن دینار، لەبەرانبەر پارچەیەك زەویدا كە ئەو هاوڵاتییە بە پارەی خۆی كڕیویەتی.
تۆمەتەكانی ئەو لێپرسراوە ئەمنییەش كە نەزاهە ناوی ئاشكرانەكردووە بەپێی ماددەی 308ـی یاسای سزادانە، كە تایبەتە بە سزادانی زیندانی تا حەوت ساڵ و غەرامە بۆ ئەو فەرمانبەر و لێپرسراوانەی داوای بەرتیل و دەستكەوت دەكەن لە بەرانبەر بەڵێنی ئەنجامدانی كارێك یان نەكردنی كارێكدا لە دەرەوەی ئەركەكانی پلەی وەزیفی خۆیدا.