لە نێو خانویەكی كۆن و نیمچە روخاودا كە هیچ پێداویستییەكی ژیانی تێدا نییە، فاتمەی شەش ساڵ، بە دەستە تەزیوەكانی باوەشی بە كۆمەڵێك كتێبی پۆلی یەكی سەرەتاییدا كردووە و بۆ قوتابخانە دەگری.
دەنگی گریانی فاتمە خانووە بچوكەكەی لە ناحیەی سەعدییە پڕكردووە، دەیەوێت وەكو هاوڕێیەكانی بەیانیان جلێكی پۆشتە بپۆشێت و جانتاكەی هەڵبگرێت و بەرەو قوتابخانە بەڕێبكەوێت، بەڵام نە دایكی و نە نەنكی ناتوانن كێشەكەی بۆ چارەسەر بكەن.
كێشەكەی فاتمە ئاڵۆزە، ئەو لە ئەنجامی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر دایكی لە سەردەمی شەڕی داعشدا هاتۆتە دونیاوە و هیچ ناسنامەیەكی نییە، بەوەش رێگەی پێنادرێت بخوێنێت.
چەكدارانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە (داعش)، لە حوزەیرانی 2014، دەستیان بەسەر سەعدیەدا گرت و لە مانگی 11ی هەمان ساڵدا لەلایەن حەشدی شەعبی، سوپاو پۆلیسەوە كۆنترۆڵكرایەوە.
ئایشە نەسرەدین (40ساڵ)، دایكی فاتمە، لەكاتی هێرشی داعش بۆ ناحیەی سەعدییە، لەگەڵ دایك و باوك و برایەكیدا دەژیا و یەكێك بون لەو خێزانانەی نەیانتوانی سەعدییە چۆڵبكەن.
ئەوان شەویان بە دەنگی فیشەك و تەقینەوەی بۆمب و بۆردوماندا بەسەربرد و كاتێك بەئاگاهاتنەوە داعش شارەكەی كۆنترۆڵكردووە. ئایشە نەسرەدین (40ساڵ)، دەڵێت هەر لەو سەروبەندەی داعشدا، رۆژێك باوك و براكەی نەگەڕاونەتەوە و تائێستا هیچ زانیارییان لەسەر نییە چییان بەسەر هاتووە.
رەیحان خەلیل، دایكی ئایشە كە لە شەستەكانی تەمەنیدایە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەکاتی داعش هەر لێرە ماینەوە و دەرنەچوین، چونکە هیچ توانامان نەبوو، باوکی ئایشەشمان لەگەڵ نەبوو، تا رزگارمان بكات".
ئەو جەختیكردەوە "رۆژێك دەرگای ماڵەکەمان دانەخستبوو، دوو چەكدار هاتنە ماڵمان و چوونە ژورەوە و لەگەڵ ئایشەی كچم خەوتن، دوای ماوەیەك ئایشەی كچم، دووگیان بوو"، بەپێی گێڕانەوەی رەیحان بێت ئەو روداوە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعش-دا رویداوە و ئەوكاتەبووە كە مێرد و كوڕەكەی لەدەستداوە، بەڵام هیچ بەڵگەیەكی سەلمێنراو نییە ئەوانە چەكداری داعش بن.
لە ساڵی 2015دا ئایشە، دوای ئەو دەستدرێژییە، منداڵێكی دەبێت و ناوی دەنێن فاتمە. لە ئێستادا فاتمە لەگەڵ دایك و نەنكیدا دەژی و تەمەنی بۆتە شەش ساڵ.
ئایشە و دایكی، كە دەكاتە دایك و نەنكی فاتمە، توشی خەمۆكی بون، بەپێی زانیاریی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و دەزگا ئەمنییەكان كە بە دواداچونیان بۆ دۆسییەی ئەو خێزانە كردووە، ئایشە بەرلەوەی دەستدرێژیشی بكرێتەسەر، نەخۆشی دەرونی هەبووە.
ئایشە نەسرەدین، دایكی فاتمە، ئەو ژنەی دەستدرێژی سێكسی كراوەتەسەر، هەموو جەستەی لەسەرما دەلەرزین، خانوەکەیان هیچ گەرمکەرەوەیەكی تیا نەبوو، پۆشاکی گەرمیشی لەبەر نەبوو. ئەوان لە دۆخێكی سەختدا دەژین و ناوبەناو خەڵك هاوكارییان دەكات.
پەیامنێری (كەركوك ناو)، وتی كە لەبەرئەوەی دۆخی تەندروستی جێگر نەبوو، لێدوانی لە ئایشەی دایكی فاتمە وەرنەگرتووە.
ئایشە، بەر لە هێرشی داعش بۆ سەعدییە، لە هاوسەرەكەی جیابۆتەوە كە لە ناحیەی جەلەولا دەژیان و دواتر گەڕاوەتەوە ماڵی باوكی.
فاتمە كچی ئایشە، ئێستا كچێكی خۆشەویستی دایك و نەنكێتی، رۆژانە بە بەردەوامی بۆ خوێندن دەگری، بەڵام نەبونی ناسنامە ئەو مافەی لێ زەوتكردووە.
بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەكانی منداڵ، هەموو منداڵێك مافی خوێندن و فێربونی هەیە و رێگریكردن لێی بە پێشێلكاریی دانراوە.
عومەر عەلی، لێپرسراوی پۆلیسی كۆمەڵگەیی قەزای خانەقین – سەعدییە سەر بەم قەزایەیە-، بە (كەركوك ناو)ی وت "ماوەیەك لەمەوبەر لە حاڵەتێك ئاگاداركراینەوە، ئەویش ئەوەبوو كە منداڵێكی بێ ناسنامە لە دایكبووە و هیچ بەڵگەیەكی نییە و بەردەوامیش دەگریت و داوای خوێندن دەكات".
بەپێی بەدواداچونی پۆلیسی كۆمەڵگەیی خانەقین، "ئەو ژنە كاتێك دەستدرێژی كراوەتەسەر گرفتی دەرونی هەبووە، دەستدرێژییەكەش لەلایەن چەكدارانی داعشەوە لە ساڵی 2014 كراوەتە سەریی و بەو هۆیەوە دووگیان بووە"، بەپێی وتەی عومەر عەلی، بەڵام ئەویش هیچ بەڵگەیەكی رونی پێنەبوو كە بیسەلمێنێت ئەو دەستدرێژییە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كراوە.
پۆلیسی كۆمەڵگەیی، ساڵی رابردوو راپۆرتێكی ڤیدیۆیی لەسەر ئەو خێزانە و منداڵەكەیان ئامادەكرد و رەوانەی نوسینگەی وەزیری ناوخۆی عیراقیان كرد، لەپێناو پێدانی ناسنامە بەو منداڵە و هاوكاریكردنی ئەو خێزانە.
دوای رەوانەكردنی راپۆرتەكە، وەفدێكی وەزارەتی ناوخۆ و رەگەزنامەی دیالە، چونە ناحیەی سەعدییە و سەردانی ئەو خێزانەیان كرد و چیرۆكەكەیان لە نزیكەوە وەرگرت، هەر بەپێی وتەی لێپرسراوی پۆلیسی كۆمەڵگەیی قەزای خانەقین.
وتیشی "ئەوكات بەڵێنیاندا بەپێی رێنماییە یاساییەكان ناسنامە بۆ فاتمە دەربكەن، ئەوەش لە پێناو گەیشتن بە خەونەكەی و وەرگرتنی لە خوێندنگە".
بەپێی یاسای باری كەسێتی، ههر منداڵێك كه دایك و باوكی دیارنەبێت، یان یهكێكیان دیارنهبن و ئهوهی تریان دیاربێت، ئەوا دەتوانێت ببێتە خاوەنی رەگەزنامەی عیراقی.
ئارام یوسف، پارێزەر، پشتبەستن بە یاساكە، دەڵێت "پێویسته (بهڵگهنامه یان بڕیاری له دایكبون) بۆ ئهو منداڵه رهچهڵهك نهزانراوانه دهربهێندرێت... ئهگهر منداڵی ههڵگیراوه یان رهچهڵهك نهزانراو تهمهنی گهیشتبێته 15 ساڵ ئهوا خۆی دهتوانێت داواكارییهك پێشكهش به دادگای تایبهتمهند بكات، بهڵام ئهگهر نەگەیشتبێتە ئەو تەمەنە، ئهوا داواكارییەكەی لهلایهن كهسێكهوه پێشكهش دهكرێت كه دادگا بەكاتی بۆی دیاریكردبووە".
هەروەها دەڵێت "پێویسته دادگا بهدواداچون بۆ نهزانراوی رهچهڵهكی ئهو كهسه بكات كه داواكارییهكهی پێشكهشكردووه بۆ دهرهێنانی بهڵگهنامهی له دایكبون بهو شێوهیهی كهوا به گونجاوی دهزانێت، ئهگهر بۆ دادگا دهركهوت كهوا ئهو منداڵه رهچهڵهكی نهزانراوه ئهو رهوانهی پزیشكی دادوهری دهكات بۆ دهستنیشانكردنی تهمهن و دواتر بهڵگهنامهی له دایكبونی بۆ دهردههێنێت كه پێویسته ئهم زانیاریانهی تێدا بێت (ناوی كهسه و ئهو ناوانهی بۆ دایك و باوكیان و باپیر و داپیریان دادهنرێت، شوێن له دایكبون و تهمهن و ئاینی".
هەرچی پەیوەستە بە دۆسییەكەی فاتمە كە دایكی دیارە، بەڵام باوكی دیار نییە، پارێزەر عەدنان رەحمان بە (کەرکوک ناو)ی وت "هەر بەپێی یاسای باری كەسێتی ئەو منداڵە مادام دایكی دیارە و عیراقییە، ئەوە دەتوانێت ببێتە خاوەنی ناسنامە".
زەهرا عەدنان، چالاکوانێكی مەدەنییە لە ناحیەی سەعدییە، داوادەكات پەلەبكرێت لە هاوكاریكردنی ئەو خێزانە و دەڵێت "خێزانی فاتمە خێزانێکی هەژار و کەمدرامەتن، دۆخی ژیانیان زۆر خراپە... تەنانەت دایکی فاتمە و داپیرەشی پێویستیان بە چاودێری کۆمەڵایەتیی و پاڵپشتی دەرونی هەیە... هیچ موچەیەكی چاودێری كۆمەڵایەتیشیان نییە، تا بتوانن پێی بژین".
هەرچۆنێك بێت، فاتمە چاوەڕێیە دەرگای قوتابخانەی لێ بكرێتەوە، بۆ ئەوەش پەیوەستە پێشتر دەرگاكانی دادگا و حكومەتی بۆ واڵابكرێت، كە بەڕای عومەر عەلی، ئەو پرسە رەنگە ئەوەندەی پێنەچێت و فاتمە ببێتە خاوەنی ناسنامە.
تێبینی: (كەركوك ناو)، ناوی ئەندامانی ئەو خێزانەی لەم ستۆرییەدا گۆڕیوە