هەركاتێك بەنزین لە ئۆتۆمبێلەكەی دەبڕێت؛ حوسێن دەبێت نیوەی رۆژەكەی یان شەوێك لە سەرەی دورودرێژی بەنزیخانەدا بەسەرببات، تا 40 لیتری بەردەكەوێت.
ئەو كێشەیەی حوسێن سەعید، بارودۆخی زۆربەی دیكەی شۆفێرانی شنگالە بەهۆی كەمی بەنزینی حكومیی، كە زیاتر لە مانگێكە قەیرانی لێكەوتۆتەوە.
"چاوەڕوانی زۆری دەوێت، لە سەرەیەكی دودرێژدا چەندین كاتژمێر دەوەستین بۆ وەرگرتنی بەنزین، لە هەمویشی ناخۆشتر ئەوەیە لە كاتژمێر 7:30ـی بەیانی تا كاتژمێر 11:30ـی پێشنیوەڕۆ بەنزین دابەشدەكرێت" حوسێن سەعید بۆ (كەركوك ناو) وای وت.
بەپێی بەدواداچونی (كەركوك ناو)، بەشێك لە شۆفێران بەهۆی كاروباری رۆژانە و دەوامەوە ناتوانن بە رۆژ لە سەرەی وەرگرتنی بەنزیندا رابوەستن، بۆیە شەوان ئۆتۆمبێلەكانیان لە بەردەم بەنزینخانەكاندا دادەنێن تا كاتێك رۆژ دەبێتەوە زوو بەنزینیان بەربكەوێت، لەوەشدا هەندێكیان ئۆتۆمبێلەكانیان تەنیا جێناهێڵن و خۆشیان لە ئۆتۆمبێلەكانیاندا شەونخونی دەكەن.
حسێن هێندە بێزارە لە سەرەی وەرگرتنی بەنزین، بە ناچاری لە شنگالەوە چۆتە تەلەعفەر، كە رێگاكە بە ئۆتۆمبێل نزیكەی 40 خولەك دەخایەنێت، "لە بەنزینخانەیەكی حكومی ئەوێ بێ سەرە بەنزینم وەرگرت كە دوای دەوامیش بەنزینخانەكانیان هەر داناخرێن".
نزیكەی هەفتەیەكە بە ناچاری بەنزینی ئەهلی دەكڕم
له قهزای شنگال تهنیا دوو بەنزیخانهی حکومی ههیە لەگەڵ 20 بەنزینخانەی ئەهلی.
"بەشە بەنزینی شنگال وەك پرسیارمان كردووە بۆ نیوە كەمكراوەتەوە بە پاساوی نەگەڕانەوەی هاوڵاتیانی شنگال و تەنیا دوو بەنزینخانەش هەیە بۆ ناوەندی قەزاكە و سێ ناحیە" بەوتەی حوسێن سەعید.
خەڵكی شنگال (خۆرئاوای موسڵ) زۆرینە ئێزیدین و لە ئابی 2014 روبەڕوی ئاوارەیی، كوشتن و رفاندن بونەوە بەدەستی چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی – داعش"، هێشتاش بەشێكیان لەبەر كەمی خزمەتگوزاری نەگەڕاونەتەوە.
ڤیدیۆ: سەرەی هاوڵاتیانی شنگال بۆ وەرگرتنی بەنزین
خەڵەف عەتۆ، شوفێری تاکسییە و ساڵی رابردوو گەڕاوەتەوە بۆ شنگال، دەڵێت "مانگێكە قەیرانی بەنزینە و چەند كاتژمێرێك لە سەرەدا دەمێنینەوە تا بەنزینی حكومی وەردەگرین، بۆیە نزیكەی هەفتەیەكە بە ناچاری بەنزینی ئەهلی دەكڕم".
ئەو بە (كەركوك ناو)ـشی وت "من رۆژانە لانیكەم پێویستم بە 20 تا 30 لیتر بەنزین هەیە، چونكە كاری تاكسی دەكەم، بۆیە كڕینی بەنزین بە 750 دینار زۆر بارگرانییە و پێویستە كێشەكە چارەسەر بكرێت".
بەنزینی حكومی بۆ هەر ئۆتۆمبێلێك 40 لیترە بە نرخی 450 دینار بۆ هەر لیترێك، بەڵام لە بەنزینخانە ئەهلییەكاندا لیترێك بەنزین بە 750 دینارە.
خودێدا چوكی، بەرێوەبەری ناحیەی سنونێ لە شنگال بە (كەركوك ناو)ی وت "بەنزینی شنگال كەمكراوەتەوە، پێش ئەم قەیرانە رۆژانە لانیكەم 30 هەزار لیتر بەشە بەنزینی قەزاكە بوو، بەڵام ئێستا لە نێوان 11 بۆ 15 هەزار لیتردایە".
ئەو دەڵێت هۆكارەكەی "فرۆشتنەوەی بەنزینی نەینەوا و كەركوكە بە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان".
ستەم لە خەڵكی شنگال دەكرێت چونكە لە هیچ شوێنێكی دیكەی عیراق وانییە
لە هەرێمی كوردستان بەنزین لیتری بە 850 دینارە و هەندێكجار بەنزینی حكومەتی عیراقی بە 690 دینار بۆ شۆفێران دابیندەكرێت.
چوكی رونیكردەوە هۆكارێكی دیكەی قەرەباڵغی كەمی بەنزینخانەیە، تەنیا دوو بەنزینخانە بەشی شۆفێران ناكات، بەوپێیەی تەنیا لە ناوەندی شنگال 90 هەزار هاوڵاتی و لە سنوری سنونێش زیاتر لە 140 هەزار هاوڵاتی نیشتەجێن. بەوتەی ناوبراو.
دوو بەنزینخانە حكومییەكەی شنگال یەكێكیان لە ناوەندی قەزاكە و ئەویتر لە ناوەندی سنونێیە.
"ستەم لە خەڵكی شنگال دەكرێت، لە هیچ شوێنێكی دیكەی عیراق وانییە، لە ناوچەكانی تری دەوروبەرمان لیترێك لە بەشە بەنزینیان كەمنەكراوەتەوە بە پاساوی كەمی دانیشتوانەوە وەك ئەوەی بەرانبەر بە ئێمە كراوە، هەرچەندە زۆریشمان بە لێپرسراوانی نەینەوا وتووە بەڵام ئەنجامی نییە" بەڕێوەبەری ناحیەی سنونێ وای وت.
لە تەواوی پارێزگای نەینەوادا 28 بەنزینخانەی حكومی هەن كە 11ـیان لە شاری موسڵە، رۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن و 400 هەزار لیتر بەنزین بەسەر شۆفێراندا دابەشدەكەن.